خوێندراوەتەوە: (780)

لە کاتێکدا تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێرانی دیاری کردووە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم مەترسیدارترین پەرەسەندنی سەربازیدایە. لە کاتێکدا واشنتن هەڕەشەی خاپوورکردنی کەرتی وزەی ئێران دەکات، تاران بە مووشەکی بالیستی قووڵایی ئیسرائیل دەپێکێت و هۆشداریی دەدات کە “ئەگەر کارەبای ئێمە ببڕن، کارەبای هەموو ناوچەکە دەبڕین.”

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە نوێترین پەیامیدا لە پلاتفۆرمی (تروس سۆشیاڵ) و چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ کەناڵی (13ـی ئیسرائیلی)، ئاستی گرژییەکانی گەیاندە لووتکە.

ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئێران بەتەواوەتی تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا سڵ لە لەناوبردنی تەواوەتی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە ناکاتەوە. ئەم هەڕەشەیە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، واشنتنی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەوان بوونەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی و داوای کرد زمانێک بەکاربهێنرێت کە ڕێزگرتنی تێدا بێت، نەک هەڕەشە.

فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، هۆشداریی دا کە جیهان ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی وزە دەبێتەوە کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە وێنەی نەبووە. ئامارەکان دەری دەخەن کە تێچووی ئەم شەڕە بۆ ئەمەریکا بە جۆرێکە تەنیا لە یەک خولەکدا ١.٣ ملیۆن دۆلار خەرج دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی (عەرەبی ئەلجەدید) لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و ئورمییە، هەوڵێکی دیپلۆماسیی چڕ لە لایەن قەتەڕ، تورکیا و میسرەوە دەستی پێکردووە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە ترەمپ دەیەوێت بە جۆرێک لە شەڕەکە بێتە دەرەوە کە وەک سەرکەوتوو دەربکەوێت و ئێران ناچار بکات پاشەکشە بکات، بەڵام تاران هێشتا سوورە لەسەر وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر دوورگەی خارگ، یان وێستگەکانی کارەبای وڵاتەکەی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 17 Today: 687 📊 Click Here