ڕێپێوانێکی بەرفراوانی ڕەوەندی کوردی لە لەندەن: داوای ڕاگرتنی حوکمی بنەماڵەیی و چەسپاندنی سەروەریی یاسا دەکرێت

لەندەن — لە چوارچێوەی هەڵوێستە مەدەنی و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا، شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا شایەتی بەڕێوەچوونی ڕێپێوانێکی جەماوەری بەرفراوان بوو کە لەلایەن ڕێکخراوی داکۆکەوە ڕێکخرابوو. چالاکییەکە بە بەشدارییەکی بەرچاوی چالاکوانانی مەدەنی، ئازادیخوازان و نوێنەرانی ڕێکخراوە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، وەک ئامرازێک بۆ ڕەنگدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر بەرامبەر دۆخی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.

شەپۆلی خۆپێشاندەران لە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری لەندەن کۆبوونەوە و بە دروشمی سەرەکیی «بەرەو کۆتایی پێهێنان بە ستەمکاری ‌حوکمڕانی بنەماڵەیی لە کوردستان!» دەستیان بە ڕێپێوان کرد تا بەرەو باڵوێزخانەی عێراق بەڕێکەوتن. چالاکییەکە جەختی لەسەر ئاڕاستەکردنی پەیامێکی گشتگیر کردەوە بۆ دەسەڵاتداران و ناوەندە دیپلۆماسییەکان.

لە میانی وتارەکانی بەشداربووان و بەیاننامەی کۆتایی چالاکییەکەدا، تیشک خرایە سەر چوار ئامانج و داواکاری بنەڕەتی:

  • کۆتاییهێنان بە حوکمی بنەماڵەیی و گەڕاندنەوەی ئیرادەی گەل: ئامادەبووان بە توندی ئیدانەی پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان، درەنگکەوتنی بەئەنقەست لە پێکنەهێنانی حکومەت و زەوتکردنی ئیرادەی سیاسیی هاووڵاتییانیان کرد کە بۆتە هۆی پاشەکشەی پرۆسەی دیموکراتی.
  • ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی دەسەڵاتی دادوەری: ناڕەزایەتیی قوڵ دەربڕدرا بەرامبەر نەبوونی سەربەخۆیی لە دادگاکاندا و ملکەچبوونی سیستەمی دادوەری بۆ بڕیار و بەرژەوەندییە حیزبی و بنەماڵەیییەکان.
  • پاراستنی سەروەریی بڕیاری نیشتمانی: ڕەخنەی توند گیرا لە سەربەخۆنەبوونی بڕیارە سیاسییەکان و هەبوونی دەستتێوەردان و هەژموونی وڵاتانی ناوچەکە بەسەر لایەنە حوکمڕانەکاندا، کە سەقامگیری و سەروەریی هەرێمی خستۆتە مەترسییەوە.
  • کۆتاییهێنان بە چەکدارکردنی ململانێ ناوخۆییەکان: بەشداربووان داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی بەکارهێنانی چەک و هێزە چەکدارەکانیان کرد بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی هێز لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکاندا.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، ڕێکخراوی داکۆک جەختی کردەوە کە پەیام و داواکارییەکانی ئەم ڕێپێوانە بە فەرمی دەگەیەننە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی بڕیار لە بەریتانیا و ئەوروپا، بە مەبەستی دروستکردنی فشار لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری، ئازادی و سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان.

سەروەریی یاسا یان سەروەریی هەژموون؟

چیا کامەران عەلى

کاتێک دادگاکان لە دۆسیە گشتی و ئاساییەکاندا بڕیار دەدەن، کەمتر دەبنە جێگەی سەرنجی کۆمەڵگا، بەڵام کاتێک پڕۆسە یاساییەکان دەست بۆ ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان یان دۆسیە سیاسییە هەستیارەکان دەبەن، کتوپڕ دادپەروەری دەخرێتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی گەورەوە. زۆرجار سزادان و زیندانیکردنی قەڵەمە ڕەخنەگرەکان، دەبێتە هۆی دروستبوونی گومانێکی قووڵ لەسەر ئەوەی کە ئایا دەزگای دادوەری سەربەخۆیە یان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ململانێ و فشاری سیاسی. لێرەدا، دۆسیەی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بووەتە چەق و سەنتەری گفتوگۆیەکی فرەڕەهەند لە نێوان لایەنگرانی بڕیارەکانی دادگا و ڕەخنەگراندا، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەست بۆ گرنگترین پایەی دەوڵەتمەداری دەبات کە ئەویش “شەرعییەت و متمانەی دامەزراوەییە.”

پێناسەی ڕاستەقینەی سیستمی دادوەریی تەندروست، تەنیا لە دەرکردنی بڕیارەکان و پشتبەستن بە دەقە یاساییەکاندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو بەوە دەپێورێت کە تا چەند هاوڵاتیان بڕوایان وایە ئەو بڕیارانە بێلایەن و دادپەروەرانەن. کاتێک شەقام وا هەست بکات کە یاسا تەنیا بەسەر کەمینەیەکی بێپشتوپەنا یان دەنگە ناڕازییەکاندا جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا سەرە گەورەکانی گەندەڵی و خاوەن چەکەکان لە سەرووی لێپرسینەوەوەن، لێرەوە داڕمانی متمانەی گشتی دەست پێدەکات. بێدەسەڵاتیی کۆمەڵگا لە بەرامبەر بڕیارەکاندا بەواتای قبوڵکردنیان نییە، بەڵکو نیشانەی کۆنترۆڵکردنی فەزای گشتییە بە هێزی هەژموون.

سەرمایەی ڕاستەقینەی دادگا، متمانەیە نەک هێز. سیستمێک کە شەرعییەتی خۆی لەدەست بدات، ناتوانێت سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بپارێزێت.

پشێوی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی کاتێک ڕوودەدات کە هاوڵاتی بێئومێد بێت لە دۆزینەوەی حەق لە ڕێگەی دەزگا فەرمییەکانەوە. بۆیە، پاراستنی ناوبانگ و بێلایەنیی دادگاکان لە ململانێ حیزبییەکاندا، گرنگترە لە پاراستنی بەرژەوەندیی کاتیی هەر هێزێکی سیاسی. کاتێک دادگا دەگۆڕێت بۆ جێگەیەک کە تێیدا ململانێکان بەپێی قەبارەی دەسەڵات و هەژموون یەکلا دەکرێنەوە، نەک بەپێی بەڵگەی سەلمێنەر، ئیتر چەمکی “سەروەریی یاسا” دەبێتە دروشمێکی بەتاڵ. هێزی ڕاستەقینەی دەوڵەت لە توانای سەپاندنی سزادا نییە، بەڵکو لە بنیاتنانی سیستمێکی کارای دادوەریدایە کە هەموان لەبەردەمیدا هەست بە دڵنیایی و یەکسانی بکەن.

کۆشکەکانتان؛ دۆزەخی هاوڵاتیان

ريبوار ياسين فتاح






سەرۆکی حیزبەکان، سەرۆکی حکومەت، وەزیران، پەرلەمانتاران و هەموو ئەوانەی کە کلیلەکانی دەسەڵات لە دەستتانە؛

کەی لە پشت دیوارە بەرزەکانی کۆشک و تەلارەکانتان دێنە دەرەوە؟ کەی بە بێ کاروانی پاسەوان و ئۆتۆمبێلە ڕەشەکان، بە پیادە لە شەقام و کۆڵان و بازاڕ و گەڕەکە میللییەکاندا دەڕۆن؟ کەی لە نزیکەوە چاوتان بە ئەو خەڵکە دەکەوێت کە هەر لە کاتی هەڵبژاردندا ناویان دەهێنن و دوای ئەوە لە بیرتان دەچن؟

ئەگەر تەنها ڕۆژێک لەناو خەڵک بژین، دەبینن دەیان و سەدان و هەزاران خێزان لە ژێر باری ژیانێکی قورسدا خەم دەخۆن؛ بێ موچە، بە گیرفانی بەتاڵ، بێ توانای دابینکردنی سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیان. منداڵان بە چاوەڕوانی، دایک و باوکان بە نیگەرانی، و گەنجان بە بێئومێدی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەژین.

بازاڕەکان سارد و سڕن؛ نە تەنها لەبەر وەرز، بەڵکو لەبەر لاوازی ئابووری و بێ‌هیوایی. کار و کاسبی لاواز بووە، و زۆرێک لە خەڵک لە نێوان قەرز و نەداری و چاوەڕوانییەکی درێژدا دەژین.

سێ دەیە زیاترە دەسەڵات لە دەستی هەمان هێزەکاندا ماوەتەوە، بەڵام پرسیارەکە هێشتا بەجێیە: بۆچی وڵاتێک بەو هەموو سامانە سروشتییە، زۆرێک لە خەڵکەکەی لە دۆخی قورس و ناخۆشدا دەژین؟

گەنجانی ئەم وڵاتە، لەبری ئەوەی لە خاکی خۆیان داهاتوویان دروست بکەن، بە دوای ڕێگایەک بۆ هەڵهاتن دەگەڕێن. شەپۆل شەپۆل ڕوو لە دەریاکان دەکەن؛ هەندێک دەگەن و هەندێکیش دەبنە قوربانی شەپۆلەکان. ئەوان تەنها وڵات جێناهێڵن، بەڵکو بێئومێدییەک جێدەهێڵن کە ساڵان دروست بووە.

لە دەوروبەرتان دەنگی زۆر هەیە، بەڵام ئەو دەنگانە هەمیشە دەنگی ڕاستی نییە. هەموو ڕۆژێک ستایش و دروشم دەبیستن، لە کاتێکدا شەقامەکان بە زمانی خۆیان باس لە ئازار و گرفتەکانی خەڵک دەکەن.

ڕۆژێک وتتان:
«کوردستان دەکەین بە دوبەی، هەلی کار بۆ خەڵک دابین دەکەین.»

بەڵام خەڵک ئەمڕۆ بە ئەنجامەکان دەڕوانێت، نە تەنها بە بەڵێنەکان.

نەوت و سامانە سروشتییەکان دەبوو ببنە هۆکاری گەشەپێدان و ئارامی، نە هۆکاری پرسیار و ناکۆکی و هەستی نادادپەروەری.

ئەم گەلە مێژوویەکی پڕ لە قوربانی و خۆڕاگری هەیە. شایستەی ژیانێکی بەڕێز و ئاسوودەیە، نە ژیانێک کە هەموو ڕۆژێک بارێکی نوێی قورس بخاتە سەر شانی.

دەسەڵات ئەگەر بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەبێت، مانای خۆی لەدەست دەدات. سامانی نیشتمان ئەگەر بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان نەبێت، بەڵگەیەک دەبێت لەسەر ئەوەی کە کێشەکە لە کەمبوونی سامان نییە، بەڵکو لە شێوازی بەڕێوەبردنە.

کۆتایی پرسیارێکی سادەیە:

کەی کۆشکەکان لە خەڵک نزیک دەبنەوە، و کەی خەڵک لە ژیانی خۆیاندا هەستی ئارامی و ماف و داد دەکەن؟

ڕێکخراوی داکۆک پردێک بۆ تێگەیشتن لە یاسا و بەهێزکردنی پێگەی پەنابەرانی کورد لە بەریتانیا

ژیانی پەنابەری پڕە لە ئالەنگاری و بەربەست، بەتایبەتی کاتێک باس لە تێگەیشتن لە سیستەمی یاسایی و کۆمەڵایەتی وڵاتێکی نوێ دەکرێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ کەمکردنەوەی ئەم بارقورساییە لەسەر شانی کوردانی تاراوگە، ڕێکخراوی داکۆک لە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ سیمینارێکی گرنگی لە شاری بێرمینگهام ڕێکخست. سیمینارەکە کە لەلایەن بەڕێزان توانا تاڵب و سۆران سپێرۆییەوە پێشکەش کرا، هەوڵێک بوو بۆ پێدانی زانیاری دروست و دروستکردنی متمانە لای ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ژیانێکی نوێ و سەقامگیر لە بەریتانیا بونیاد بنێن. ئامادەبوونی بەرچاوی هاوڵاتیان نیشانەی ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی کوردی بەردەوام لە هەوڵی فێربوون و خۆگونجاندندایە.

ناوەڕۆکی سیمینارەکە زۆر دەوڵەمەند بوو، بە جۆرێک کە سێ تەوەری سەرەکی لەخۆگرتبوو کە ژیانی پەنابەران ڕاستەوخۆ پێیانەوە بەستراوەتەوە. یەکەمیان بریتی بوو لە هۆشیارکردنەوە و پێگەیاندنی ڕەوەندی کوردی لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە، بۆ ئەوەی بتوانن وەک کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو دەربکەون. دووەمیان، کە جێگەی بایەخی زۆربەی ئامادەبووان بوو، بریتی بوو لە شیکردنەوەی یاسا و ڕێساکانی وڵاتی بەریتانیا بە شێوەیەکی سادە و ئاسان، کە ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ژیانێکی بێ کێشە. سێیەمیشیان تەرخان کرابوو بۆ گرنگی بەشداریکردنی گەنجان لە ناو کۆمەڵگای بەریتانیدا، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی کاریگەری خۆیان و ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە ناوچەکانیاندا.

توانا تاڵب و سۆران سپێرۆیی بە شارەزاییەکی زۆرەوە توانیان وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە لە مێشکی پەنابەراندا دروست ببوون. ئامادەبووانیش بە تێبینییە وردەکانیان کۆڕەکەیان گەرموگوڕتر کرد و وایانکرد کە بابەتەکان لە ڕووی تیۆرییەوە ببنە واقیعی و کرداری. ڕێکخراوی داکۆک زۆر سوپاسی ئەم دوو کەسایەتییەی کرد کە کاتی خۆیان تەرخان کرد بۆ ئەم خزمەتە گەورەیە. وەک ڕێزگرتنێکیش لە ماندووبوونی خۆبەخشان، لە کۆتایی بەرنامەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بەو ئەندامانە کرا کە وەک سەربازی ون بەردەوامن لە یارمەتیدانی پەنابەران و هێشتنەوەی ڕێکخراوی داکۆک لە لوتکەی خزمەتکردندا.

عێراق لە ڕێگەی هەمان ئەو سیستمەوە چاک ناکرێت کە قەیرانەکەی خوڵقاندووە

شوان عبدالرحمن حارس

کاتێک سەرۆک وەزیرانی نوێ عێراق،کە هێشتا وەک نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە باڵادەستەکان مامەڵە دەکات—بەڵێنی دژایەتیکردنی گەندەڵی، چاکسازیی ڕیشەیی و گەڕاندنەوەی داراییە دزراوەکان دەدات، سۆز و هیوایەکی کاتی لای هاوڵاتیان دروست دەکات. تەنانەت دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵای دژە گەندەڵی و لێکۆڵینەوە لە دۆسیە گەورەکانی وەک “دزینی سەدە”، وەک هەنگاوێکی جدی نیشان دەدرێن. بەڵام لە پشت ئەم دیمەنە فەرمییەوە، پرسیارێکی سیاسیی قورس و مێژوویی هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا چاکسازیی ڕاستەقینە دەکرێت لە ڕێگەی حکومەتێکەوە بێت کە خۆی لەسەر بنەمای پشکپشکێنە و بە پاڵپشتیی هەمان ئەو پێکهاتە و حیزبە سیاسییانە دروست بووە کە بۆ ماوەی پتر لە دوو دەیە عێراقیان بەم ڕۆژە گەیاندووە؟ لۆژیکێکی سادە هەیە کە دەڵێت: تۆ ناتوانیت قوفڵێک بەو کلیلە بکەیتەوە کە خۆی شکاندوویەتی. سیستمێک کە مانەوە و هێزی دارایی و چەکداریی خۆی لەسەر گەندەڵی و دابەشکردنی سامانی دەوڵەت ئاوا کردبێت، چۆن ڕێگە بە سەرۆک وەزیرانەکەی دەدات پایەکانی ئەو سیستمە بڕوخێنێت؟

مێژووی نوێی عێراق پڕە لەو حکومەتانەی کە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیانەوە دروشمی نەمانی گەندەڵییان بەرزکردووەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا تەنها دۆسیەی گەندەڵکارە بچووکەکان یان نەیارە سیاسییەکانیان کردووەتە ئامانج. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەم کابینەیەش لەوەدا نییە کە چەند لێدوانی توند دەدات یان چەند فەرمانبەرێکی پلەنزم دەستگیر دەکات؛ بەڵکو پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: ئایا ئەم دەسەڵاتە ئامادەیە ڕووبەڕووی ئەو تۆڕە مافیایی و حیزبییە قووڵانە ببێتەوە کە دەستیان بەسەر دەمارە سەرەکییەکانی دەوڵەتدا گرتووە و شادەماری مانەوەی خودی ئەم سیستمەن؟ ئەگەر نا، ئەوا هەموو پڕۆسەکە تەنها دەبێتە نمایشێکی نوێ بۆ ڕازاندنەوەی هەمان سیمای کۆنی چەتەگەرایی سیاسی.

کۆماری مۆەلیدە

عزیز حسێن عمر

 

کوورەیەکی زەبەلاح لە ناوەڕاستی شارەکەدا دانراوە، ڕۆژانە بە ملیارەها دۆلار لە پارەی ئەم میللەتە دەخرێتە ناوی بۆ ئەوەی بسووتێت، بەڵام لەبری ڕووناکی و گەرمی، تەنها دوکەڵێکی ژەهراوی بەرهەم دەهێنێت کە چاوی خەڵک کوێر دەکات. ئەوانەی پاسەوانی ئەم کوورەیە دەکەن، باکیان بەوە نییە کە ئاگرەکە دەکوژێتەوە، چونکە خۆیان لە کۆڵانەکانی پشتەوەدا خەریکی فرۆشتنی مۆم و فانۆسن بەو کەسانەی کە لە تاریکیدا نۆرەیان گرتووە. کۆماری عێراق و ئەم هەرێمەی ئێمەش هەمان ئەو کوورە ساردەن؛ دەوڵەتێک کە بە قەبارەی بودجەی چەندین وڵات پارەی بۆ کەرتی کارەبا خەرج کردووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە یەک گڵۆپ بە بەردەوامی پێ بکات، چونکە تاریکی لێرەدا کێشە نییە، بەڵکو گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنانە.

کاتێک باس لە خەرجکردنی تریلیۆنان دینار دەکرێت بۆ کەرتی کارەبا، دەبێت بزانین ئەو پارەیە نەچووەتە ژێر زەوی، بەڵکو چووەتە ناو گیرفانی حیزب و ئەو کۆمپانیا حزبییانەی کە وەک مشەخۆر لەسەر جەستەی کەرتی گشتی دەلەوەڕێن. پارەکان بۆ پرۆژەی وەهمی و گرێبەستی گەندەڵی تەرخان دەکرێن، لە کاتێکدا سامانی ونبوو و بودجەی شاراوە غەسلی پارەی پێ دەکرێت لە دەرەوەی وڵات. ئەم تاڵانچییانە دەیانەوێت خەڵک بەردەوام باجی ناڕەوا بدەن بە خاوەن مۆەلیدەکان، چونکە کۆماری مۆەلیدەکان بەشێکی دانەبڕاوە لەو ئابووری سێبەرەی کە دەسەڵاتداران بۆ پاراستنی سەرمایەی خۆیان دروستیان کردووە؛ بۆ ئەوان، بونیادنانی وێستگەی کارەبا بە واتای داخستنی ئەو خەزێنەیە دێت کە لەم قەیرانی دروستکراوەوە دەستیان دەکەوێت.

“خراپترین فەرمانڕەوا ئەو کەسەیە کە خەڵکی ناچار کردووە هەمیشە پێویستیان پێی بێت” ئەمەش هەمان ئەو سیاسەتە قێزەونە بوو کە لە وڵاتانی ئەفریقای ژێر هێڵی هەژاریدا جێبەجێ دەکرا، کاتێک دیکتاتۆرەکان ئاوی پاک و کارەبایان دەبڕی تەنها بۆ ئەوەی خەڵک وەک سواڵکەر لەبەردەم کۆشکەکانیاندا بپاڕێنەوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، هێشتا لەوانە خراپترن؛ ئەوان نەک تەنها کارەبات لێ دەبڕن بۆ ئەوەی پێویستت پێیان بێت، بەڵکو لە ڕێگەی دەڵاڵەکانیانەوە لە بازاڕی ڕەشدا تاریکییەکەت پێ دەفرۆشنەوە و خۆیان وەک پاڵەوانی نیشتمانیش پێشان دەدەن.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا پاشەکشەی زیاتری بەخۆوە بینی

​ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت درێژەی بە هێڵکارییە دابەزیوەکەی دا و بەراورد بە نرخەکانی دوێنێ، نیشتنەوەی نوێی تۆمارکرد، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی دۆخی دڵنیایی لە بازاڕەکاندا.

​لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ڕووی لە پاشەکشەی زیاتر کرد و گەیشتە 82.75 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (83.61 دۆلار) بە بڕی 0.86 دۆلار نزمبووەتەوە.

هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش نزمبوونەوەی بەخۆوە بینی و گەیشتە 80.46 دۆلار, کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (80.74 دۆلار) دابەزینێکی 0.28 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم پاشەکشە بەردەوامەی نرخەکانی نەوت ڕەنگدانەوەی متمانەی وەبەرهێنەرانە بەو کەشە ئارامەی کە بەهۆی ڕێککەوتنە سەرەتاییەکەی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان دروستبووە. بازرگانان ئێستا بە ئاسوودەییەوە چاودێری جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکە و ئاساییبوونەوەی تەواوەتی هاتوچۆی کەشتییەکان دەکەن لە تەنگەی هورموزدا، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتری مەترسییەکان لەسەر سێکتەری وزە.

ڕاوێژکارێکی حکومەتی عێراق: مووچە پارێزراوه تەنانەت ئەگەر پەسەندکردنی بودجەش دواکەوێت

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، مەزهەر محەمەد ساڵح ڕایگەیاند کە دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای بودجە چاک نابێتە سەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، و پێشبینیشی کرد کە بودجەی داهاتوو تیشک بخاتە سەر ١٠ هۆکاری سەرەکی و گرنگ.

مەزهەر محەمەد گوتی: دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و سودمەندبووانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک ناوەستێت، چونکە ئەمانە خەرجیی بنەڕەتین و دەوڵەت لە ڕووی یاسایی و داراییەوە پابەندە بە دابینکردنیان.

ئاشکراشی کرد: لە ئێستادا سیاسەتی دارایی بەپێی ماددەی (١٣)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ (هەموارکراو) بەڕێوەدەچێت. ئەم ماددەیە ڕێگە بە وەزیری دارایی دەدات کە مانگانە بە ڕێژەی ( 1/12 ) لەسەر بنەمای خەرجییەکانی ساڵی ڕابردوو، پارە بۆ وەزارەتەکان دابین بکات تا ئەو کاتەی بودجەی نوێ پەسەند دەکرێت.

مەزهەر محەمەد ئاماژەی بەوەدا: پڕۆژە بەردەوامەکان (المشاريع المستمرة) بەپێی ڕێژەی جێبەجێکردنیان و بەپێی هەبوونی نەختینە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام دواکەوتنی بودجە ڕەنگە کار بکاتە سەر پڕۆژە نوێیەکان یان ئەو پڕۆژانەی کە پێویستیان بە تەرخانکردنی دارایی زیاترە.

ئاشکراشی کرد: دارایی عێراق لەم ساڵەدا (٢٠٢٦) ڕووبەڕووی تەحەددییەکی نائاسایی بووەتەوە بەهۆی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکی و هەرێمییەکان، کە بووەتە هۆی شڵەژان لە بازاڕی وزەی جیهانی و زنجیرەی دابینکردن، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر داهاتی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکیی وڵاتە.

محەمەد دەڵێت: حکومەت و وەزارەتی دارایی خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ن بە دیدگایەکی چاکسازییەوە بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارە داراییەکانی دۆخی ئێستای ناوچەکە. بودجەی داهاتوو تیشک دەخاتە سەر هەمەجۆرکردنی داهاتەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، پاڵپشتیکردنی فئاتە کەم دەرامەتەکان، چاکسازیی دارایی و ئیداری، و بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوە حکومییەکان (الرقمنة الحكومية) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکە دەرەکییەکان.

ره‌شید هه‌ركی:لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی جموجۆلی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئومەران

ئه‌ندامێكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانه‌وه‌ كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر جوڵه‌ی بازرگانی له‌ده‌وازه‌كان دروست بووه‌ به‌تایبه‌ت سنووری حاجی ئۆمه‌ران و لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی جموجولی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئومەران.

ره‌شید هه‌ركی، بۆ زاگرۆس گوتی: “دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین، تاکە دەروازەی سنووریی فەرمییە لە سنووری پارێزگای هەولێر لەگەڵ ئێران.به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانه‌وه‌ زیانێكی زۆر بازرگانی به‌ركه‌وتووه‌ قەبارەی بازرگانی نێوانیان ساڵانە ملیاران دۆلارە. هاوکات بەشێک لەو کاڵایانەی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن رەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێن. ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران شاده‌ماری بازرگانی نێوان كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌، به‌داخه‌وه‌ بازرگانی و ئاڵۆگۆ له‌و ده‌روازه‌یه‌ كه‌م بوه‌ته‌وه‌ بەشێوەیەک پێش هەڵگیرسانی جەنگ رۆژانە 300 بارهەڵگر لەو دەروازەیەوە کاڵا و کەلوپەلی بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق دەگواستەوە، بەڵام ئێستا رۆژانە 150 بارهەڵگر کاڵا و کەلوپەل بار دەکەن و بۆ شارەکانی دەگوازنەوە.

ئه‌وه‌شی خسته‌رووو: به‌شێك له‌ هۆكاری كه‌م بوونه‌وه‌ بازرگانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێران پێداویستی ناوخۆی ئێستا زیاتر له‌ هه‌نارده‌ به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ هاوکات یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە بەشێک لە کارگەکان بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە. و ئه‌م زیانه‌ به‌ر هه‌موو ده‌روازه‌كان كه‌وتووه‌ نه‌ك ته‌نیا حاجی ئۆمه‌ران به‌لام ئێمه‌ به‌دواداچون ده‌كه‌ین و له‌هۆكاره‌كان ده‌كۆڵینه‌وه‌ وه‌ك ژووری بازرگانی و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێوسته‌ له‌گه‌ڵ لایه‌ننی ئێرانیش قسه‌ بكه‌ین.

نرخی زێڕ و زیو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە

​ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان گۆڕانکاریی نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان لەسەر ئاستی جیهانی و بازاڕەکانی ناوخۆدا چوونە قۆناغێکی بەرزترەوە؛ دوای هێوربوونەوەی کاتیی دوێنێ، ئەمڕۆ زیو هاوشێوەی زێڕ گەڕایەوە سەر هێڵی بەرزبوونەوە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ زیاتر هەڵکشا و گەیشتە 4,329.91 دۆلار، یەک کیلۆگرام بە 139,210 دۆلار و یەک گرامیش لەسەر 139.21 دۆلار جێگیر بوو.

​هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نوێترین نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوەی زیاتر کرد؛ عەیارەی ٢٢ گەیشتە لێواری ملیۆنێک دینار و بە 999,014 دینار جێگیر بوو، عەیارەی ٢١ بە 953,604 دینار و عەیارەی ١٨ بە 817,375 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیو پێچەوانەی دوێنێ پاشەکشەکەی خۆی قەرەبوو کردەوە و نرخەکەی بەرزبووەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتووەتە 70.19 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,256.53 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.26 دۆلار جێگیر بووە.

​چاودێرانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕەکان لەم ساتەدا لە لوتکەی چاوەڕوانیدان، چونکە بڕیارە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لێدوان و بڕیارە چارەنووسسازەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا (Federal Reserve) بڵاوبکرێنەوە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاڕاستەی داهاتووی نرخەکان لە بۆرسەی جیهانیدا دەبێت.

👤
Live: 42 Today: 148 📊 Click Here