سەروەریی یاسا یان سەروەریی هەژموون؟
چیا کامەران عەلى
کاتێک دادگاکان لە دۆسیە گشتی و ئاساییەکاندا بڕیار دەدەن، کەمتر دەبنە جێگەی سەرنجی کۆمەڵگا، بەڵام کاتێک پڕۆسە یاساییەکان دەست بۆ ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان یان دۆسیە سیاسییە هەستیارەکان دەبەن، کتوپڕ دادپەروەری دەخرێتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی گەورەوە. زۆرجار سزادان و زیندانیکردنی قەڵەمە ڕەخنەگرەکان، دەبێتە هۆی دروستبوونی گومانێکی قووڵ لەسەر ئەوەی کە ئایا دەزگای دادوەری سەربەخۆیە یان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ململانێ و فشاری سیاسی. لێرەدا، دۆسیەی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بووەتە چەق و سەنتەری گفتوگۆیەکی فرەڕەهەند لە نێوان لایەنگرانی بڕیارەکانی دادگا و ڕەخنەگراندا، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەست بۆ گرنگترین پایەی دەوڵەتمەداری دەبات کە ئەویش “شەرعییەت و متمانەی دامەزراوەییە.”
پێناسەی ڕاستەقینەی سیستمی دادوەریی تەندروست، تەنیا لە دەرکردنی بڕیارەکان و پشتبەستن بە دەقە یاساییەکاندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو بەوە دەپێورێت کە تا چەند هاوڵاتیان بڕوایان وایە ئەو بڕیارانە بێلایەن و دادپەروەرانەن. کاتێک شەقام وا هەست بکات کە یاسا تەنیا بەسەر کەمینەیەکی بێپشتوپەنا یان دەنگە ناڕازییەکاندا جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا سەرە گەورەکانی گەندەڵی و خاوەن چەکەکان لە سەرووی لێپرسینەوەوەن، لێرەوە داڕمانی متمانەی گشتی دەست پێدەکات. بێدەسەڵاتیی کۆمەڵگا لە بەرامبەر بڕیارەکاندا بەواتای قبوڵکردنیان نییە، بەڵکو نیشانەی کۆنترۆڵکردنی فەزای گشتییە بە هێزی هەژموون.
سەرمایەی ڕاستەقینەی دادگا، متمانەیە نەک هێز. سیستمێک کە شەرعییەتی خۆی لەدەست بدات، ناتوانێت سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بپارێزێت.
پشێوی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی کاتێک ڕوودەدات کە هاوڵاتی بێئومێد بێت لە دۆزینەوەی حەق لە ڕێگەی دەزگا فەرمییەکانەوە. بۆیە، پاراستنی ناوبانگ و بێلایەنیی دادگاکان لە ململانێ حیزبییەکاندا، گرنگترە لە پاراستنی بەرژەوەندیی کاتیی هەر هێزێکی سیاسی. کاتێک دادگا دەگۆڕێت بۆ جێگەیەک کە تێیدا ململانێکان بەپێی قەبارەی دەسەڵات و هەژموون یەکلا دەکرێنەوە، نەک بەپێی بەڵگەی سەلمێنەر، ئیتر چەمکی “سەروەریی یاسا” دەبێتە دروشمێکی بەتاڵ. هێزی ڕاستەقینەی دەوڵەت لە توانای سەپاندنی سزادا نییە، بەڵکو لە بنیاتنانی سیستمێکی کارای دادوەریدایە کە هەموان لەبەردەمیدا هەست بە دڵنیایی و یەکسانی بکەن.
