دەوڵەتێک ناتوانێت لە کاتی خۆیدا شایستەکان بدات، هێشتا زیاتری لە هاوڵاتییەکانی دەوێت!
ڕامیار یەحیا
لە هەموو سیستەمێکی حوکمڕانیی سەردەمییانەدا، پەیمانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دوولایەنەی «متمانە و هاوبەشی» بینا دەکرێت؛ دەوڵەت خزمەتگوزاری و شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا دابین دەکات، هاوڵاتیش لە بەرامبەردا پابەندبوونە دارایی و یاساییەکانی بەجێدەهێنێت. بەڵام لە کابینەکەی مەسرور بارزانی و حوکمڕانانی هەرێمی کوردستاندا، ئەم هاوکێشەیە بە تەواوەتی تێکدراوە و بووەتە ئامرازێکی شێواو بۆ چەوساندنەوە. حکومەتێک کە مانگ دوای مانگ لە ئاست سادەترین ئەرکی خۆیدا کە پێدانی مووچە و شایستە ڕەواکانی فەرمانبەرانە ئیفلیج و دەستەپاچەیە، بە هەمان ئەو دەستە شەلەلەیەوە دێت و بڕیاری نوێ بۆ توندکردنەوەی باج، بەرزکردنەوەی کرێی خزمەتگوزارییە داڕزاوەکان و سەپاندنی سزای دارایی دەردەکات!
ئەم دژایەتییە تۆقێنەرەی نێوان «پابەندبوونی دواکەوتوو»ی حکومەت و «ستاندنەوەی دەستبەجێ» لە هاوڵاتی، ڕوونترین بەڵگەی داڕمانی ئەخلاقیی سیستمی حوکمڕانییە. کاتێک فەرمانبەر دەبێت مانگەکان چاوەڕێی حەقدەستی ماندووبوونی بکات، حکومەت هیچ حیسابێک بۆ سوود یان قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ناکات. بەڵام کاتێک تۆرەکە دەگاتە سەندنەوەی کرێی کارەبا، ئاو، یان باجی کاسپکاران، هەمان دەسەڵاتدار یەک ڕۆژ دواکەوتن نابوورێت و خێرا سزای دارایی و بڕین بەسەر جەماوەردا دەسەپێنێت. دەسەڵاتداران متمانەیان کردووە بە شەقامێکی یەکئاڕاستە؛ داوای پابەندبوونی سەدا سەد لە جەماوەر دەکەن، کاتێک خۆیان سەدا سەد لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیان فەشەلیان هێناوە.
کۆتایی ئەم ناهاوسەنگییە جەرگبڕە، حەقیقەتێکی زۆر تاڵمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە هیچ نووسراوێکی فەرمی ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: متمانە پرۆسەیەکی دوولایەنەیە و ناكرێت تەنها لە سەر شانی هاوڵاتی بێت؛ ئەگەر دەسەڵاتداران داوا دەکەن هاوڵاتییان بەبێ کەموکاسڕی پابەندی ئەرکەکانیان بن، دەبێت سەرەتا حکومەتیش فێربێت چۆن لە کاتی خۆیدا ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی بەجێبهێنێت.
