هەمووان دەڵێن لەگەڵ پەرلەمانین — کەواتە کێ ڕێگری لێدەکات؟
خوێندراوەتەوە: (7.9K)

سەربەست سەعید ساڵح

سەرکردە و گوتەبێژانی پارتە باڵادەستەکان ڕۆژانە بە گەرمی دەردەکەون و بە یەک دەنگ کۆمەڵێک دروشمی لەبەرکراو دەڵێنەوە، کەچی هەموو دامەزراوە شەرعی و یاساییەکانی وڵات لە خاڵی سفردا چەقیون.

کێ لەگەڵ کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمانە؟ هەموان دەڵێن ئێمە!
کێ لەگەڵ پێکهێنانی خێرای کابینەی حکومەتە؟ هەردوولا دەڵێن ئێمەین!
کێ پشتگیری لە ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک و ئەنجامی هەڵبژاردن دەکات؟ هەردوو پارت پێداگری لەسەر دەکەن!
کێ پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و خەمی هاوڵاتییانە؟ بێگومان هەردوولا خۆیان بە تاکە فریادڕەس دەزانن!
کێ لەگەڵ یەکڕیزیی نەتەوەیی و پاراستنی قەوارەی هەرێمە؟ هەموو بەیاننامە فەرمییەکان بەم دروشمە دەستپێدەکەن!

لێرەدا پرسیارە سادە و بنەڕەتییەکە دروست دەبێت: ئەگەر هەموو لایەک لەگەڵ هەموو ئەم پرەنسیپە پیرۆزانەدان، کەواتە بۆچی لە واقیعدا هیچ شتێک ڕوونادات و کێ ڕێگری لە کاروانی حکومڕانی دەکات؟

ئەم تەنگژەیە بە تەواوی لەو دوو کەسە دەچێت کە لە تەنیشت ئۆتۆمبێلێکی پەکیەکەوتوودا وەستاون: «هەردووکیان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئۆتۆمبێلەکە بجوڵێت، هەردووکیشیان کۆکن لەسەر ئەوەی بزوێنەرەکە گرنگە، هەروەها هەردوولاش لەسەر ئەوە کۆکن کە شۆفێرەکە دەبێت بەرپرسیار بێت؛ تەنیا لەسەر یەک شتی بچووک ڕێکنەکەوتوون: کێ مافی ئەوەی هەیە دەست لە سوکانەکە بدات!»

بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەی سیاسی بەوە ناپێورێت کە پارتەکان لە ڕاگەیاندنەکانیاندا بانگەشەی چی دەکەن یان دەڵێن پشتگیری لە چ پڕۆژەیەک دەکەن، بەڵکو تەنیا و تەنیا بەوە دەپێورێت کە لە واقیعدا ڕێگە دەدەن دامەزراوەکان چەندە سەربەخۆ بن و چ ئەرکێک بەجێبهێنن.