کوردستان پڕە لە سنوور؛ بەڵام سەربەخۆیی ئابووری لە کوێیە؟

شاخەوان عەزیز نادر

پێگەی جوگرافی هەمیشە وەک بەردی بناغەی دەسەڵات، گەشەپێدان و سەروەریی ڕاستەقینە لەقەڵەم دەدرێت؛ کاتێک بە وردی لە نەخشەی هەرێمی کوردستان دەڕوانیت، دەبینیت لە ڕووی شوێنگەی سروشتییەوە کەوتووەتە چەقی ستراتیژیترین ڕێڕەوە بازرگانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دەروازەی نێودەوڵەتیی پڕداهات دەورە دراوە، لەگەڵ هەبوونی یەدەگێکی گەورەی نەوت و گاز، خاکی بەپیت لە دەشتەکانی شارەزوور، هەولێر، بەیتوێن و گەرمیان، و سەدان هەزار دەستی کاری گەنجی پڕ لە وزە، کەچی لە واقیعی حوکمڕانیی ئەم هەرێمەدا ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی زۆر تاڵ دەبینەوە کە تێیدا سەربەخۆیی ئابووری، ئاسایشی دارایی و سەروەریی نیشتمانی لە نێوان ئەو سنوورانەدا بە تەواوی ون بووە و ئابوورییەکە وەک سیستمێکی لەرزۆک، کرێخۆری بەکاربەر و پاشکۆ ماوەتەوە.

پاش زیاتر لە سێ دەیە لە حوکمڕانیی خۆبەڕێوەبەری، فەشەلی بنەڕەتی لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە نەتوانراوە مۆدێلێکی فرەچەشن و پایەداری ئابووری بنیاد بنرێت تا کەرتی کشتوکاڵ، کارگە ناوخۆییەکان، پیشەسازیی خۆراک و گەشتیاری ببنە شادەماری سەرەکیی داهات، لەبری ئەوەی تەواوی چارەنووسی ئەم قەوارەیە بە تەنیا ببەسترێتەوە بە بۆرییەکی نەوتی لەکارکەوتوو و چاوەڕوانیی بەردەوامی بەشەبوودجەی بەغدا؛ خستنەئەستۆی تەواوی قەیرانەکان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی چیتر ناتوانێت ئەم شکستە ساختارییە بشارێتەوە، چونکە جوگرافیا هەموو دەرفەتێکی بەخشی، بەڵام سیاسەتی چەوت، قۆرخکاریی حزبی، بازرگانیی ناشەفاف و بەرژەوەندییە تەسکەکان ئەو هەموو دەرفەتە زێڕینانەیان کردە گرانبوونی بازاڕ، بێکاری و کۆچی بەکۆمەڵی لاوان.

کاتێک دەروازە سنوورییەکان لەبری ئەوەی ببنە ڕێڕەوێک بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی نیشتمانی و بەهێزکردنی جوتیاران، تەنیا دەکرێنە دەروازەیەک بۆ هاوردەکردنی هەموو پێداویستییەک تا ئاستی سەوزەوات و ساغکردنەوەی کەلوپەلی بێکوالێتیی دەرەکی، ئیتر دروشمی سەربەخۆیی ئابووری دەبێتە وەهمێکی بێبنەما و گاڵتەجاڕییەکی تاڵ. لە کۆتاییدا، ئەم واقیعە شێواوە تەنها یەک حەقیقەتمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە: کوردستان لە هەموو لایەکەوە دەروازە و خاڵی سنووریی پڕ لە قەرەباڵغیی بازرگانیی هەیە، بەڵام سەربەخۆیی ئابووری لە شوێنێکی نێوان ئەو سنوورانەدا بەردەوام ڕێگەی خۆی لێ تێکدەچێت و ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو گیرفانی تایبەتی تۆڕە دەستڕۆیشتووەکان و لە دەرەوەی وڵات پاشەکەوت دەکرێت!

دەستبەسەرداگرتنی سەرمایە و سامانی گشتی

ڕزگار کانابى

لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، شەڕە گەورەکەی دەسەڵات تەنیا بە دەستبەسەرداگرتنی سەرمایە و سامانی گشتییەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ڕادەی بەدەستهێنانی تاپۆکردنی تەواوەتیی ئاگایی جەماوەر. لوتکەی سەرکەوتنی ئەم ئیمپراتۆریەتەی نمایش لەوەدا نییە کە خەڵک بە بەردەوامی قسە و بەڵێنی بێپشت بەستن دەبیستن، بەڵکو لەوەدایە کە ژینگەیەکی فکری و کۆمەڵایەتیی وەهایان خولقاندووە کە تێیدا لە بنەڕەتدا هیچ کەسێک داوای وەسڵی حسابات و بەڵگەی بەکۆمەڵ ناکات! هەموو کابینەیەکی حکومەت بەڵێنی زەبەلاح دەدات، هەموو لایەنێکی سیاسی بەرهەمهێنانی دەستکەوتی خەیاڵی دەگەیەنێتە جەماوەر، و هەموو ڕێوڕەسمێکی فەرمی سەدان وێنەی کوالێتی بەرز و سەرنجڕاکێش دروست دەکات… بەڵام حسابات و بەڵگەی کرداری لە کوێدا شاردراونەتەوە؟

پرسیارە ڕەق و بکوژەکان لێرەدا ئەوانەن: بە وردی چەند سەرمایە و پارە لەسەر ئەم پڕۆژانە خەرج کراوە؟ چی لەسەر زەمینی واقیع بۆ هاووڵاتییان دابین کراوە؟ کێ لە پشت پەردەوە قازانجی ڕاستەقینەی لەم ڕێککەوتنانە بینیوە؟ و بە تەواوەتی چی لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤی ئاساییدا بەرەو باشتر گۆڕاوە؟ دەوڵەتێ لە ناو لافاوی وێنە، ڤیدیۆ و بانگەشەکاندا نوقم بووە، لە کاتێکدا لە سەختترین برسیێتیدایە بۆ دەستکەوتنی بەڵگەی زانستی و ژمارەیی! لەم واقیبە تاڵ و تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی دەستەبژێری دەسەڵات بەم شێوەیە دەرببرێت: “ئێمە ئەوەندە وێنەی جوان و نمایشی گەورەتان بۆ بەرهەم دەهێنین، تاوەکو شەرم بوبکەن داوای ژمارەکان و وەسڵی حساباتی خەرجییەکانمان لێ بوبکەن!”

ئەم سیاسەتە بێپێوەرە نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتداریەتی توانیویەتی دەستکەوتی وەهمی بوبکاتە جێگرەوەی حسابدانی کارگێڕی، تا لە غیابی بەڵگەکاندا هیچ کەسێک ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی یاسایی نەبێتەوە. کاتێک وڵاتێک بەبێ ئامار، بەبێ پێوەر و بەبێ لێپرسینەوە بەڕێوە بچێت، ئیتر تەواوی پرۆسەی حوکمڕانی دەگۆڕێت بۆ بازرگانییەکی نادیار کە تێیدا هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن و دەستەبژێریش سودەکەی وەردەگرن. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە فێری ئەوە نەبێت لەبری تەماشاکردنی وێنە ڕازێنراوەکان داوای وەسڵی ڕاستەقینەی خەرجییەکان و بەڵگەی زانستی بوبکات، ئەم لوتکەی سەرکەوتنەی نمایشە بەردەوام دەبێت و دەسەڵاتدارانیش لە پشت وێنەکانەوە بە ئارامی سەرمایەی نیشتمانەکەیان تاڵان دەکەن.

سەروەتێک کە بووە نەفرەتى

ئاکام عەبدوڵا سدیق

کێشەی سەرەکی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە که‌ جوگرافیا وەک سەروەتێکی مەزن سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک واقعێکی تێپەڕ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. چیا بڵندەکان، دۆڵە بەپیتەکان، ناوچە کشتوکاڵییە بەرفراوانەکان، سنوورە ستراتیژییەکان، و نزیکیی جوگرافی لە بازاڕە گەورەکانی ناوچەکەدا، هەموویان دەتوانیت ببنە بنەمایەکی پتەو بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری، کشتوکاڵ، لۆجۆستیک، وزەی نوێبووەوە، و بازرگانیی هەرێمی. کەچی لە بەرامبەردا، کێشەی بنەڕەتی لەوەدا بووە که‌ سیاسەتی هەڵە و نەبوونی دیدگای کارگێڕی نەیتوانیوە ئەم جوگرافیا دەوڵەمەندە بگۆڕێت بۆ دەرفەتێکی ڕاستەقینەی ئابووری و پێشکەوتنی نیشتمانی.

کاتێک دەسەڵاتێک پشت بە پلانڕێژیی ستراتیژی نەبەستێت، جوگرافیا لەبری ئەوەی ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی، تەنیا دەبێتە سنوورێک بۆ گەمارۆدانی خۆی. لە هەناوی ئەم فەشەلە کارگێڕییەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە دەبینین: “لە هەرێمدا دەسەڵاتداران لەسەر جوانترین چیاکان و لە ناوەڕاستی دەوڵەمەندترین دۆڵەکاندا دەژین، کەچی بۆ گواستنەوەی کاڵا و دروستکردنی ڕێڕەوی بازرگانیی نێودەوڵەتی، هەمیشە دەستەوستان و چاوەڕێی کۆتوبەندی سیاسی و جوگرافیی دەرەکی دەبن!” ئەمە نیشانەی ڕوونی دەوڵەتێکە کە نەیتوانیوە سوود لە پێگە سروشتییەکەی خۆی وەربگرێت.

گۆڕینی ئەم ئاراستە پەککەوتووە، پێویستی بە تێڕوانینێکی نوێ و زانستی بۆ بەکارهێنانی سەروەتەکان هەیە. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە کۆمەڵگە ڕەتینەکاتەوە قایل بێت بەم بەستێنە بێپلانییە، و بە یەکدەنگی داوای داڕشتنی نەخشەیەکی نیشتمانی بوبکات کە جوگرافیا بگۆڕێت بۆ پردی پەیوەندی، پیشەسازیی گەشتیاری، و سەروەریی ئابووری، تا داهاتووی وڵات لەسەر بنەمای توانا سروشتییەکان بونیاد بنرێت.

نەریتی سیاسیەکانى عێراق لەبیرچوونەوە

مەولود حەسەن مەحموود

مەترسیدارترین ئامرازێک کە دەستەبژێری دەسەڵاتدار بۆ مانەوەی خۆی لە سزادان بەکاری دەهێنێت، بریتییە لە سڕینەوەی بەئەنقەست و لاوازکردنی یادگەی دامەزراوەیی. دیاردەکە هەمیشە بە هەمان زنجیرەی دووبارەدا تێدەپەڕێت؛ دزینی ملیارەها دۆلار تەقینەوە لە میدیاکاندا دروست دەکات، شەقام و هاووڵاتییان تووڕە دەبن، حکومەت بەپەلە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت،

سیاسییەکان لەسەر شاشەکان بەڵێنی لێپرسینەوەی توند دەدەن، بەڵام ڕێک کاتێک خولی هەواڵەکان دەگۆڕێت و سکانداڵێکی نوێی داڕزاو سەر هەڵدەدات، دۆسیەی پێشوو بە تەواوەتی لە ئاگایی گشتی و جەمەوەردا دەسڕدرێتەوە و بە بێدەنگی دادەخرێت! ئەم بازنە بێزارکەرە بێبەزەییانە دووبارە و دووبارە دەسوڕێتەوە، وەک ئەوەی هەرگیز هیچ نەبووبێت. لەم واقیبە تاڵەدا، مرۆڤ ناچارە بڵێت: “لە عێراقدا، سکانداڵەکانی گەندەڵی تەمەنیان ڕێک بەقەد تەمەنی ڕیکلامێکی تەلەڤزیۆنییە!” ئەم کلتوری لەبیرچوونەوەیە نیشانی دەدات کە دەسەڵاتداران پێشبینیی بێزاربوونی خەڵک دەکەن و کات وەک باشترین پەناگە بەکاردەهێنن بۆ پەرپێدانی بێباکی. کاتێک دامەزراوەکان نەتوانن وانەکان بپارێزن، بەدواداچوونی ڕاستەقینە بۆ دۆسیەکان بوبکەن و ئاکامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بوبکەن،

ئیتر پرۆسەی لێپرسینەوە دەگۆڕێت بۆ شانۆگەرییەک. ڕسواییە گەورەکە تەنیا لە ئێنتاجی گەندەڵیدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە ئەگەر دامەزراوەکان یادگەی مێژوویی خۆیان بپووکێننەوە، ئەوا هەر حکومەتێکی نوێ کە دێتە سەر کار، بە ڕەهایی ئەم مافە بۆ خۆی دەبینێت کە وەها هەڵسوکەوت بوبکات وەک ئەوەی گەندەڵی تەنیا دوێنێ لەدایکبووبێت و هیچ مێژوویەکی لەم مەملەکەتەدا نەبووبێت.

پاشەکشە هەرێمی کوردستان

فەرمان یاسین

لە داڕشتنی ڕوانگەی سیاسی و بەڵێنە مێژووییەکاندا، دروشمی سەرەکیی خۆبەڕێوەبردن بریتی بوو لە پاراستنی مافی بڕیاردانی سەربەخۆ لەسەر داهاتووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ناوچەکە. بەڵام لە واقیعی ئەمرۆی هەرێمی کوردستاندا، ئاراستەی ڕووداوەکان ئاماژە بە جۆرێک لە کشانەوەی جەوهەری دەکەن؛ بەجۆرێک کە مەترسیدارترین و گەورەترین “بەرهەم” یان “نێردراو”ی سیاسیی هەرێمەکە، خۆبەدەستەوەدانی ئیرادەی بڕیاردانە بۆ ناوەندەکانی دەرەوەی ڕووبەری جوگرافیای خۆی. کاتێک بڕیارە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە نەوت، بودجە، هێزی چەکدار، و تەنانەت هەڵبژاردنەکان، زیاتر لە پێویست بەند دەبن بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێز و ئەکتەرە دەرەکییەکاندا، پرسیاری سەروەری مانای بنەڕەتیی خۆی لەدەست دەدات.

ئەم پاشەکشە بەردەوامە وادەکات کە ناوەندەکانی حوکمڕانی لە ناوخۆدا، لەبری ئەوەی دارێژەر و خاوەنی ستراتیژیی سەربەخۆ بن، ببنە جێبەجێکاری ئەو هاوکێشانەی لە دەرەوەدا یەکلایی دەکرێنەوە. کاتێک ئیرادەی سیاسی بەرامبەر بە گوشارە دەرەکییەکان یان بەرژەوەندییە ناوچەیییەکان دەستبەرداری مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی دەبێت، بەڵێنی دروستکردنی ئاینده‌یەکی سەربەخۆ بۆ هاووڵاتییان دەگۆڕێت بۆ دروشمێکی بێناوەرۆک. لێرەدا، ململانێی حیزبە ناوخۆیییەکان چیتر لەسەر خزمەتکردنی جەماوەر نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە کۆمەڵگەکە کام ئیتلاف یان هێزی دەرەکی باشتر دەتوانێت بەرژەوەندییە تەسکە سیاسییەکانیان لە ناوخۆدا بپارێزێت.

لە هەناوی ئەم ڕادەستکردنە بێدەنگەی سەروەرییەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کاتێک بگوترێت: “دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستاندا توانینیان هەیە تەواوی خزمەتگوزارییەکان و سەرچاوە ناوخۆیییەکان نادیار بوبکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بڕیاری سیاسی بەخۆڕایی ڕەوانەی دەرەوە دەکەن تا ڕەوایەتیی مانەوەی خۆیان بپاریزن!” کاتێک دەسەڵاتی بڕیاردان لە دەستی هاووڵاتییان و دامەزراوە نیشتمانییەکان دەردەهێنرێت، چەمکی خۆبەڕێوەبردن لە ئەرکێکی نیشتمانییەوە دەگۆڕێت بۆ بڵقێکی میدیایی.

لەدەستدانی سەرپەرشتیکردنی بڕیاری نیشتمانی، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەک. چاکسازی و ڕاستکردنەوەی ئەم ڕێرەوە کاتێک دەست پێ دەکات کە کۆمەڵگە ڕەتینەکاتەوە وەک بینەرێک لەم بازرگانییە سیاسییە بپڕوانێت، و بە یەکدەنگی داوای گەڕاندنەوەی ئیرادەی بڕیاردان بۆ ناو دامەزراوە نیشتمانییە هەڵبژێردراوەکان بوبکات، تا داهاتووی سیاسیی نیشتمان لە دەرەوەی سنورەکان بەهەبەی نەدرێت.

١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧؛ برینێک لە یادەوەریی کوردستاندا

داریان سامان

١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ڕۆژێکی تاڵ و پڕ لە ئازار بوو لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا؛ ڕۆژێک کە کەرکووک بووە ناوەندی قەیرانێکی گەورەی سیاسی و سەربازی و برینێکی قووڵی لە دڵی زۆرێک لە کورداندا بەجێهێشت.

لەو ڕۆژەدا، هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکووک دەستپێکرد. لە ئەنجامدا، هێزەکانی پێشمەرگە لە زۆرێک لە پێگەکانیان کشانەوە و کۆنترۆڵی شارەکە گۆڕا.

ئەم ڕووداوە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕوویدا، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ڕۆڵیان لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکەدا هەبوو. دوای ڕووداوەکان، تۆمەتی ڕێککەوتنی نهێنی و خیانەت ئاراستەی هەندێک بەرپرسیاری یەکێتی کرا، لە کاتێکدا بڕیارە سیاسییەکانی سەرکردایەتیی پارتییش بوونە جێی ڕەخنە و پرسیار.

لە نێو ئەم ناکۆکییانەدا، خەڵکی کەرکووک زیانی گەورەیان بەرکەوت هەزاران خێزان ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و ڕوویان لە ناوچە ئارامترەکان بکەن

ئەمڕۆ، دوای نۆ ساڵ، ١٦ی ئۆکتۆبەر هێشتا یادەوەرییەکی تاڵە یادەوەرییەک کە گرنگیی یەکڕیزی، بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافەکانی خەڵکمان بیر دەخاتەوە

ساڵەکان تێدەپەڕن، بەڵام مێژوو لەبیر ناکرێت. کەرکووک هەمیشە بەشێکی گرنگ لە مێژوو، ناسنامە و یادەوەریی کوردستاندا دەمێنێتەوە

کوردستان سەرمایەی خاو هەناردە دەکات و هەژاریی هاوردە دەکاتەوە!

ئارام جەمال خدر

لەم دەروازە ئابوورییەدا، ڕەخنەی قووڵ نابێت تەنیا لەسەر تاڵانکاری، دزینی ڕاستەوخۆ، یان گەندەڵی کۆبکرێتەوە؛ بەڵکو دەبێت جەستە و پێکهاتەی تەواوی مۆدێلی ئابووریی هەرێمی کوردستان هەڵبکۆڵرێت! سەرچاوە خاوەکان (بە تایبەت نەوت و کەرەستە سەرەتایییەکان) بە زەوی بەجێ دەهێڵن، لە کاتێکدا کەلوپەلی دروستکراو، خۆراک، بەرهەمەکانی سوتەمەنی، و پێداویستییە سەرەکییەکانی تر بە نرخێکی زۆر گرانتر هاوردە دەکرێنەوە بۆ ناو ناوخۆی وڵات. خاکی هەرێم دەوڵەمەندی و سەرمایەی زۆر بەرهەم دەهێنێت، بەڵام سیستەمە ئابوورییە شەلەکەی، کەمترین بەهای زیادکراو لە ناوخۆدا بەدەست دەهێنێت و دەپارێزێت!

مۆدێلێک کە لەسەر بنەمای “فرۆشتنی کەرەستەی خاو و کڕینەوەی بەرهەمی کۆتایی” دامەزرابێت، لە بنەڕەتدا مۆدێلی وڵاتانی بێژێرخان و بەکارهێنەرە. لەبری دروستکردنی کارگەی پاڵاوگە، گەشەپێدانی کەرتی ک کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆماڵی، تەواوی ئابووریی هەرێم کراوەتە زەمینەیەک بۆ پڕکردنی گیرفانی بازرگانانی هاوردەکار. ئەم خولگە داخرێنەرە دەبێتە هۆی ئەوەی کە داهاتی نەوت یان سەرچاوەکان بچێتە دەرەوە و لە بەرامبەردا جۆرەها هەژاریی پێکهاتەیی، بێکاریی بەرفراوان، و بەستراوەییی ڕەها بە بازاڕەکانی دەوروبەر بێنێتەوە ناو وڵات.

لەم واقیبە تاڵ و تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی بڕیاربدەرانی ئابووری بەم شێوەیە دەرببرێت: “ئێمە زۆر بە خۆشحاڵییەوە سامانی زەوییەکەتان بە ارزانی دەفرۆشین بە دەرەوە، بۆ ئەوەی بە شانازییەوە هەمان خواردن و سوتەمەنی بە گرانتر لەوان بکڕینەوە و بە ئێوەی بفڕۆشینەوە!” ئەم ناعەقڵانییە ئابوورییە، پووچەڵکردنەوەی جەوهەریی سەربەخۆیییە، چونکە وڵاتێک کە نەیبات توانای بەرهەمهێنانی ڕشتەی خۆراکی و پیشەسازیی خۆی هەبێت، ناتوانێت بانگەشەی خۆڕاگری بوبکات.

کاتێک داڕشتنی ئابووری تەنیا بۆ بەدەستهێنانی نەختی خێرا بێت لەسەر حسابی سڕینەوەی کەرتی بەرهەمهێنان، ئیتر دروشمەکانی بوژانەوەی ئابووری دەبنە سەراب. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی ئەم مۆدێلە ئابوورییە تێکنهێنرێت و بەهای زیادکراوی بەرهەمەکان لە ناوخۆدا نەهێڵرێتەوە، کوردستان بەردەوام دەبێت لە بەخشینی سەرمایەکەی بە دەرەوە و کڕینەوەی هەژاری بۆ هاووڵاتییانی خۆی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و شکستەکانى لە بەغداد

شاد جەزا


لە هەموو کۆبوونەوە، ناونیشانی سیاسی، و گفتوگۆیەکی میدیاییدا، بەردەوام هەمان دروشم و بانگەوازی باو دەبیستین کە «بەغدا پارەکەی هەرێمی نەداوە» و هەموو قەیرانە دارایییەکان بە ئەنجامی ئەم ناکۆکییە ناوەندییە ڕوونکراونەتەوە؛ بەڵام کاتێک بە چاوێکی ڕەخنەگرانە و وردبین سەیری ئامارە فەرمییە بڵاوکراوەکانی خودی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥، پرسیارێکی هەرە گرنگ، بنەڕەتی، چارەنووسساز، و ژەهراویی سەرهەڵدەدات: تەنانەت کاتێک بەغدا نەتوانێت تەواوی ئەو بەشەی هەرێم داوای دەکات بگوازێتەوە، حکومەتی هەرێم چ چاکسازییەکی دارایی، کارگێڕی، و بەڕێوەبردنییەکی بە کردار جێبەجێ کردووە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن و لاوازییەکانی؟
لە ڕوانگەی منەوە، بەغدا دەبێت وەڵامی هەر پابەندییەکی یاسایی و دەستووری بداتەوە کە پێی نەداوە و هەر تاوانێکی لەم بوارەدا هەبێت بپێکێت؛ بەڵام لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێمیش دەبێت وەڵامی ئەوە بداتەوە کە چۆن داهاتە بەردەستەکانی بەڕێوە دەبات، چ پابەندییەکان دروست دەکات، و چ مەترسی داراییەک بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێدەهێڵێت. ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە کۆی داهات لە ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ نزیکەی ٥١.٤ ترلیۆن دینار بووە، گواستنەوەی فیدراڵی ٣٣.٤ ترلیۆن دینار بووە، و خەرجییە ڕاستەقینەکان ٨٧.٦ ترلیۆن دینار بووە؛ ئەم ژمارانە تەنیا لە سەرچاوەی خۆیانەوە هاتوون و پێویستییان بە وردبینییەکی سەربەخۆ هەیە لە پاڵ ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵی هەژمارەکانی خۆی بڵاو بکاتەوە بۆ شەفافیەتی تەواو. کێشە سەرەکییەکان لەوێدایە کە شەفافیەتی داهات، لیستی مووچەی گشتی، ئەولەویەتەکانی خەرجی، پشتبەستن بە گواستنەوە و داهاتی نەوت، و بڵاوکردنەوەی قەرزەکان هێشتا بە شێوەیەکی تەواو ڕوون نەکراونەتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە کە جیاکردنەوەی نێوان بانگەوازە سیاسییەکان و دەرئەنجامە وردبینیکراوەکان بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت کێ بەرپرسیارە لە چی و چۆن دەبێت لە داهاتوودا ئابوورییەکی تۆکمەتر بنیاد بنێین بۆ نەوەکانی داهاتوو.

مووچەی فەرمانبەران بووەتە پێوەری شکستی سیاسی!

محمد قاسم

کاتێک فەرمانبەرێکی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان ناتوانێت هیچ بەرنامەڕێژییەکی سەقامگیر بۆ خەرجییەکانی ماڵەوەی بکات چونکە بەرواری وەرگرتنی مووچەکەی بە تەواوەتی نادیارە، ئەم دڵەڕاوکێیە لە سنووری فەرمانگەی دارایی دەردەچێت و کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر تەواوی پێکهاتەی ئابووریی کۆمەڵگە؛ چونکە لە واقیعی ئەمرۆدا مووچەی مانگانە تەنها ژمارەیەک نییە لەسەر کاغەز، بەڵکو شادەماری سەرەکییە بۆ دابینکردنی کرێی خانوو، کڕینی خۆراک و دەرمان، دانەوەی قەرزەکان و خەرجیی پەروەردەی منداڵان.

 کاتێک دابەشکردنی مووچە دوادەکەوێت یان دەفەوتێت، خێزانەکان ناچار دەکرێن تا بە شێوەیەکی ناڕەوا باج و بارگرانیی قەیرانی نەقدیی حکومەت لە کۆڵ بگرن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی توندی توانای کڕینی هاوڵاتییان، دروستبوونی گوشاری کوشندە لەسەر بازاڕ و کاسپکارانی کەرتی تایبەت، و ناچارکردنی خێزانەکان بۆ قەرزکردن یان دواخستنی خەرجییە سەرەتایی و پێویستەکان. لە ڕووی داراییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراویکی کانوونی دووەمی ۲۰۲٦ دا ئاماژەی بەوە کرد کە لە نێوان ساڵانی ۲۰۲۳ تا ۲۰۲٥دا، ناردنی شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە زۆر کەمتر بووە لەوەی کە هەرێم بە مافی یاسایی خۆی زانیوە، و بەم هۆیەوە تەرخانکراوی مووچە بۆ تەواوی ۱۲ مانگی بەردەوام لەو ساڵانەدا بە تەواوەتی دابین نەکراوە—کە بێگومان ئەم ئامارانە گێڕانەوە و ئاماری ڕەسمیی ئیدارەی هەرێمن و دەبێت وەک پێگەی لایەنێک ببردرێن، نەک وەک جیاکارییەکی ژمێریاریی یەکلاکراوەی بێلایەن.

لە ڕوانگەی منەوە، نادیاری و پچڕپچڕیی مووچە دەبێت وەک قەیرانێکی نیشتمانیی زۆر جدی لە بواری دارایی گشتیدا مامەڵەی لەگەڵدا بڕکرێت، نەک وەک ئاستەنگێکی سیاسیی ڕۆژانە و ئاسایی کە بە ئاسانی تێپەڕێنرێت؛ چونکە کاتێک حکومەتێک ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕوون بڕیار لەسەر بەرواری شایستەی دارایی فەرمانبەرانی خۆی بدات، لێکەوتە و داڕمانەکانی بە تەواوی ئابووریی وڵاتدا بڵاو دەبنەوە. لەم هاوکێشەیەدا، هەردوو حکومەت بەرپرسیاریەتیی تەواویان لەسەرە: بەغدا دەبێت بە ڕوونی ژمێریاری بۆ شایستە فیدراڵی و ئیلتزامە یاساییەکانی بڕکات، و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند بێت بە بڵاوکردنەوەی شەفافی داهاتە ناوخۆییەکانی، خەرجییەکان، پابەندبوونی مووچەخۆران و پلانی نائاسایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان. لە کۆتاییدا، هیچ بەیاننامە و لێدوانێکی سیاسی لایەنەکان ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی تۆمارە داراییە ڕوون و سەربەخۆکان، چونکە حکومەتێک کە مووچەی هاوڵاتییانی بکاتە کارتی گوشار، ڕەوایەتیی کارگێڕیی خۆی لەدەست دەدات!

پەنجەکان بەردەوامن لە یەکتری شکاندن .

سەرباز فەریق أحمد

وێنەیەکی ڕوونە کاتێک پێنج پەنجە وەکو ئەندامی یەک دەست لەبری یەکگرتن و بەهێزکردنی یەکتری خەریکی شکان و زیانگەیاندنن بە یەکتری .
«نەوشیروان مستەفا » نووسەر و سیاسەتمەداری کورد لە کتێبی «پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن»دا زۆر بە وردی بەشێک لە سیاسەتی حیزبە کوردێکانمان بۆ باس دەکات لە سەرەتای هەشتاکان دا کە چۆن ناکۆکی ناوخۆیی نێوانیان شەڕ و ململانیە سیاسییەکان و هەڕەشە دەرەکییەکان تێکەڵ بوون و کاریگەری لەسەر شۆڕشی ئەو سەردەمەی کوردستان دانا.

بەڵام من لێرەدا دەمەوێت ئەو ناونیشانی کتێبە بگوازمەوە بۆ سەردەمی ئێستا کە چۆن حیزبە سیاسییەکان بە هەمان ململانێیەیی یەکتر شکاندن و زیانگەیاندن بە یەک و هاووڵاتییان پەیڕەو دەکەن. لە دوای چل ساڵ زیاتر پەنجەکان بەردەوامن یەکتر شکاندن، هەڵبژاردنی پەرلەمان دوو ساڵە ئەنجام دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە حکومەت پێک بهێنرێت بە هۆی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتییەوە کە ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرکیەکانی ئەم دۆخەی کە ئەمڕۆ هاووڵاتییانی تێ کەوتووە، کاریگەرییەکەی لە ململانێی سیاسی دەرچووە گوازراوەتەوە بۆ نێو دامەزراوەکان و بازاڕ و ژیانی ڕۆژانەی تاک و کۆمەڵ، هاووڵاتییان بوونەتە قوربانت ململانێ و سیاسیەتی یەکتر شکانی حیزبەکان.

ئەگەر نەوشیروان مستەفا ئەو کتێبەی وەکو مێژوویەک نووسیبێت بۆ ئەوەی بزانین لە ڕابردوودا چی ڕووی داوە، دەبێت سیاسییەکان بە بارێکی دیکەدا بیبینن و ببێت بە ئەزموونێک بۆ حیزبە سیاسییەکان کە نابێت ئەو هەڵانە دووبارە بکەنەوە، بۆ ئەوەی چی دیکە پەنجەکان یەکتر نەشکێنن و ببن بە پاڵپشت و توانا بۆ دەستێکی بەهێز داهاتوو دروست بکەن.

ئەمڕۆی کوردستان پێویستی بە سیاسەتی یەکگرتووی هاوبەش هەیە نەک سیاسەتی جیاواز بۆ یەکتر شاکانی حیزبەکان،
پەیڕەوکردنی ئەو شێوازە لە سیاسەتکردن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیانی تووشی قەیرانێکی سەختی ئابووری و سیاسی و ئەمنی کردووەتەوە، جگە لە کوشتن و بێ سەروشوێنکردن و یەکتر شکاندن و گەندەڵی هیچ ئەزموونێکی دیکەیان نییە.
ئەوان دەتوانن لەسەر دەسەڵات و دابەشکردنی پۆست ململانێی خۆیان بکەن، بەڵام تاوەکو ئەو شوێنەی ژیانی هاووڵاتییان و خاکی کوردستان نەخەنە مەترسییەوە و نەیکەنە قوربانی ململانێی یەکتر شکانی یەکدی وەکو چۆن ئەمڕۆ سیاسەتی بەرژەوەندی خوازی دوو بنەماڵە دۆخی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە، ناکرێت و نابێت ئەم دۆخە بەردەوامی پێ بدەن و پەنجەکان بەردەوامبن لە شکانی یەکتری.

👤
Live: 8 Today: 25 📊 Click Here