کوردستان سەرمایەی خاو هەناردە دەکات و هەژاریی هاوردە دەکاتەوە!
خوێندراوەتەوە: (5.9K)

ئارام جەمال خدر

لەم دەروازە ئابوورییەدا، ڕەخنەی قووڵ نابێت تەنیا لەسەر تاڵانکاری، دزینی ڕاستەوخۆ، یان گەندەڵی کۆبکرێتەوە؛ بەڵکو دەبێت جەستە و پێکهاتەی تەواوی مۆدێلی ئابووریی هەرێمی کوردستان هەڵبکۆڵرێت! سەرچاوە خاوەکان (بە تایبەت نەوت و کەرەستە سەرەتایییەکان) بە زەوی بەجێ دەهێڵن، لە کاتێکدا کەلوپەلی دروستکراو، خۆراک، بەرهەمەکانی سوتەمەنی، و پێداویستییە سەرەکییەکانی تر بە نرخێکی زۆر گرانتر هاوردە دەکرێنەوە بۆ ناو ناوخۆی وڵات. خاکی هەرێم دەوڵەمەندی و سەرمایەی زۆر بەرهەم دەهێنێت، بەڵام سیستەمە ئابوورییە شەلەکەی، کەمترین بەهای زیادکراو لە ناوخۆدا بەدەست دەهێنێت و دەپارێزێت!

مۆدێلێک کە لەسەر بنەمای “فرۆشتنی کەرەستەی خاو و کڕینەوەی بەرهەمی کۆتایی” دامەزرابێت، لە بنەڕەتدا مۆدێلی وڵاتانی بێژێرخان و بەکارهێنەرە. لەبری دروستکردنی کارگەی پاڵاوگە، گەشەپێدانی کەرتی ک کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆماڵی، تەواوی ئابووریی هەرێم کراوەتە زەمینەیەک بۆ پڕکردنی گیرفانی بازرگانانی هاوردەکار. ئەم خولگە داخرێنەرە دەبێتە هۆی ئەوەی کە داهاتی نەوت یان سەرچاوەکان بچێتە دەرەوە و لە بەرامبەردا جۆرەها هەژاریی پێکهاتەیی، بێکاریی بەرفراوان، و بەستراوەییی ڕەها بە بازاڕەکانی دەوروبەر بێنێتەوە ناو وڵات.

لەم واقیبە تاڵ و تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی بڕیاربدەرانی ئابووری بەم شێوەیە دەرببرێت: “ئێمە زۆر بە خۆشحاڵییەوە سامانی زەوییەکەتان بە ارزانی دەفرۆشین بە دەرەوە، بۆ ئەوەی بە شانازییەوە هەمان خواردن و سوتەمەنی بە گرانتر لەوان بکڕینەوە و بە ئێوەی بفڕۆشینەوە!” ئەم ناعەقڵانییە ئابوورییە، پووچەڵکردنەوەی جەوهەریی سەربەخۆیییە، چونکە وڵاتێک کە نەیبات توانای بەرهەمهێنانی ڕشتەی خۆراکی و پیشەسازیی خۆی هەبێت، ناتوانێت بانگەشەی خۆڕاگری بوبکات.

کاتێک داڕشتنی ئابووری تەنیا بۆ بەدەستهێنانی نەختی خێرا بێت لەسەر حسابی سڕینەوەی کەرتی بەرهەمهێنان، ئیتر دروشمەکانی بوژانەوەی ئابووری دەبنە سەراب. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی ئەم مۆدێلە ئابوورییە تێکنهێنرێت و بەهای زیادکراوی بەرهەمەکان لە ناوخۆدا نەهێڵرێتەوە، کوردستان بەردەوام دەبێت لە بەخشینی سەرمایەکەی بە دەرەوە و کڕینەوەی هەژاری بۆ هاووڵاتییانی خۆی.