پاشەکشە هەرێمی کوردستان

فەرمان یاسین

لە داڕشتنی ڕوانگەی سیاسی و بەڵێنە مێژووییەکاندا، دروشمی سەرەکیی خۆبەڕێوەبردن بریتی بوو لە پاراستنی مافی بڕیاردانی سەربەخۆ لەسەر داهاتووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ناوچەکە. بەڵام لە واقیعی ئەمرۆی هەرێمی کوردستاندا، ئاراستەی ڕووداوەکان ئاماژە بە جۆرێک لە کشانەوەی جەوهەری دەکەن؛ بەجۆرێک کە مەترسیدارترین و گەورەترین “بەرهەم” یان “نێردراو”ی سیاسیی هەرێمەکە، خۆبەدەستەوەدانی ئیرادەی بڕیاردانە بۆ ناوەندەکانی دەرەوەی ڕووبەری جوگرافیای خۆی. کاتێک بڕیارە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە نەوت، بودجە، هێزی چەکدار، و تەنانەت هەڵبژاردنەکان، زیاتر لە پێویست بەند دەبن بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێز و ئەکتەرە دەرەکییەکاندا، پرسیاری سەروەری مانای بنەڕەتیی خۆی لەدەست دەدات.

ئەم پاشەکشە بەردەوامە وادەکات کە ناوەندەکانی حوکمڕانی لە ناوخۆدا، لەبری ئەوەی دارێژەر و خاوەنی ستراتیژیی سەربەخۆ بن، ببنە جێبەجێکاری ئەو هاوکێشانەی لە دەرەوەدا یەکلایی دەکرێنەوە. کاتێک ئیرادەی سیاسی بەرامبەر بە گوشارە دەرەکییەکان یان بەرژەوەندییە ناوچەیییەکان دەستبەرداری مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی دەبێت، بەڵێنی دروستکردنی ئاینده‌یەکی سەربەخۆ بۆ هاووڵاتییان دەگۆڕێت بۆ دروشمێکی بێناوەرۆک. لێرەدا، ململانێی حیزبە ناوخۆیییەکان چیتر لەسەر خزمەتکردنی جەماوەر نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە کۆمەڵگەکە کام ئیتلاف یان هێزی دەرەکی باشتر دەتوانێت بەرژەوەندییە تەسکە سیاسییەکانیان لە ناوخۆدا بپارێزێت.

لە هەناوی ئەم ڕادەستکردنە بێدەنگەی سەروەرییەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کاتێک بگوترێت: “دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستاندا توانینیان هەیە تەواوی خزمەتگوزارییەکان و سەرچاوە ناوخۆیییەکان نادیار بوبکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بڕیاری سیاسی بەخۆڕایی ڕەوانەی دەرەوە دەکەن تا ڕەوایەتیی مانەوەی خۆیان بپاریزن!” کاتێک دەسەڵاتی بڕیاردان لە دەستی هاووڵاتییان و دامەزراوە نیشتمانییەکان دەردەهێنرێت، چەمکی خۆبەڕێوەبردن لە ئەرکێکی نیشتمانییەوە دەگۆڕێت بۆ بڵقێکی میدیایی.

لەدەستدانی سەرپەرشتیکردنی بڕیاری نیشتمانی، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەک. چاکسازی و ڕاستکردنەوەی ئەم ڕێرەوە کاتێک دەست پێ دەکات کە کۆمەڵگە ڕەتینەکاتەوە وەک بینەرێک لەم بازرگانییە سیاسییە بپڕوانێت، و بە یەکدەنگی داوای گەڕاندنەوەی ئیرادەی بڕیاردان بۆ ناو دامەزراوە نیشتمانییە هەڵبژێردراوەکان بوبکات، تا داهاتووی سیاسیی نیشتمان لە دەرەوەی سنورەکان بەهەبەی نەدرێت.

١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧؛ برینێک لە یادەوەریی کوردستاندا

داریان سامان

١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ڕۆژێکی تاڵ و پڕ لە ئازار بوو لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا؛ ڕۆژێک کە کەرکووک بووە ناوەندی قەیرانێکی گەورەی سیاسی و سەربازی و برینێکی قووڵی لە دڵی زۆرێک لە کورداندا بەجێهێشت.

لەو ڕۆژەدا، هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکووک دەستپێکرد. لە ئەنجامدا، هێزەکانی پێشمەرگە لە زۆرێک لە پێگەکانیان کشانەوە و کۆنترۆڵی شارەکە گۆڕا.

ئەم ڕووداوە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕوویدا، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ڕۆڵیان لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکەدا هەبوو. دوای ڕووداوەکان، تۆمەتی ڕێککەوتنی نهێنی و خیانەت ئاراستەی هەندێک بەرپرسیاری یەکێتی کرا، لە کاتێکدا بڕیارە سیاسییەکانی سەرکردایەتیی پارتییش بوونە جێی ڕەخنە و پرسیار.

لە نێو ئەم ناکۆکییانەدا، خەڵکی کەرکووک زیانی گەورەیان بەرکەوت هەزاران خێزان ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و ڕوویان لە ناوچە ئارامترەکان بکەن

ئەمڕۆ، دوای نۆ ساڵ، ١٦ی ئۆکتۆبەر هێشتا یادەوەرییەکی تاڵە یادەوەرییەک کە گرنگیی یەکڕیزی، بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافەکانی خەڵکمان بیر دەخاتەوە

ساڵەکان تێدەپەڕن، بەڵام مێژوو لەبیر ناکرێت. کەرکووک هەمیشە بەشێکی گرنگ لە مێژوو، ناسنامە و یادەوەریی کوردستاندا دەمێنێتەوە

👤
Live: 8 Today: 25 📊 Click Here