دەستبەسەرداگرتنی سەرمایە و سامانی گشتی
ڕزگار کانابى
لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، شەڕە گەورەکەی دەسەڵات تەنیا بە دەستبەسەرداگرتنی سەرمایە و سامانی گشتییەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ڕادەی بەدەستهێنانی تاپۆکردنی تەواوەتیی ئاگایی جەماوەر. لوتکەی سەرکەوتنی ئەم ئیمپراتۆریەتەی نمایش لەوەدا نییە کە خەڵک بە بەردەوامی قسە و بەڵێنی بێپشت بەستن دەبیستن، بەڵکو لەوەدایە کە ژینگەیەکی فکری و کۆمەڵایەتیی وەهایان خولقاندووە کە تێیدا لە بنەڕەتدا هیچ کەسێک داوای وەسڵی حسابات و بەڵگەی بەکۆمەڵ ناکات! هەموو کابینەیەکی حکومەت بەڵێنی زەبەلاح دەدات، هەموو لایەنێکی سیاسی بەرهەمهێنانی دەستکەوتی خەیاڵی دەگەیەنێتە جەماوەر، و هەموو ڕێوڕەسمێکی فەرمی سەدان وێنەی کوالێتی بەرز و سەرنجڕاکێش دروست دەکات… بەڵام حسابات و بەڵگەی کرداری لە کوێدا شاردراونەتەوە؟
پرسیارە ڕەق و بکوژەکان لێرەدا ئەوانەن: بە وردی چەند سەرمایە و پارە لەسەر ئەم پڕۆژانە خەرج کراوە؟ چی لەسەر زەمینی واقیع بۆ هاووڵاتییان دابین کراوە؟ کێ لە پشت پەردەوە قازانجی ڕاستەقینەی لەم ڕێککەوتنانە بینیوە؟ و بە تەواوەتی چی لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤی ئاساییدا بەرەو باشتر گۆڕاوە؟ دەوڵەتێ لە ناو لافاوی وێنە، ڤیدیۆ و بانگەشەکاندا نوقم بووە، لە کاتێکدا لە سەختترین برسیێتیدایە بۆ دەستکەوتنی بەڵگەی زانستی و ژمارەیی! لەم واقیبە تاڵ و تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی دەستەبژێری دەسەڵات بەم شێوەیە دەرببرێت: “ئێمە ئەوەندە وێنەی جوان و نمایشی گەورەتان بۆ بەرهەم دەهێنین، تاوەکو شەرم بوبکەن داوای ژمارەکان و وەسڵی حساباتی خەرجییەکانمان لێ بوبکەن!”
ئەم سیاسەتە بێپێوەرە نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتداریەتی توانیویەتی دەستکەوتی وەهمی بوبکاتە جێگرەوەی حسابدانی کارگێڕی، تا لە غیابی بەڵگەکاندا هیچ کەسێک ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی یاسایی نەبێتەوە. کاتێک وڵاتێک بەبێ ئامار، بەبێ پێوەر و بەبێ لێپرسینەوە بەڕێوە بچێت، ئیتر تەواوی پرۆسەی حوکمڕانی دەگۆڕێت بۆ بازرگانییەکی نادیار کە تێیدا هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن و دەستەبژێریش سودەکەی وەردەگرن. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە فێری ئەوە نەبێت لەبری تەماشاکردنی وێنە ڕازێنراوەکان داوای وەسڵی ڕاستەقینەی خەرجییەکان و بەڵگەی زانستی بوبکات، ئەم لوتکەی سەرکەوتنەی نمایشە بەردەوام دەبێت و دەسەڵاتدارانیش لە پشت وێنەکانەوە بە ئارامی سەرمایەی نیشتمانەکەیان تاڵان دەکەن.
