کوردستان پڕە لە سنوور؛ بەڵام سەربەخۆیی ئابووری لە کوێیە؟

شاخەوان عەزیز نادر

پێگەی جوگرافی هەمیشە وەک بەردی بناغەی دەسەڵات، گەشەپێدان و سەروەریی ڕاستەقینە لەقەڵەم دەدرێت؛ کاتێک بە وردی لە نەخشەی هەرێمی کوردستان دەڕوانیت، دەبینیت لە ڕووی شوێنگەی سروشتییەوە کەوتووەتە چەقی ستراتیژیترین ڕێڕەوە بازرگانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دەروازەی نێودەوڵەتیی پڕداهات دەورە دراوە، لەگەڵ هەبوونی یەدەگێکی گەورەی نەوت و گاز، خاکی بەپیت لە دەشتەکانی شارەزوور، هەولێر، بەیتوێن و گەرمیان، و سەدان هەزار دەستی کاری گەنجی پڕ لە وزە، کەچی لە واقیعی حوکمڕانیی ئەم هەرێمەدا ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی زۆر تاڵ دەبینەوە کە تێیدا سەربەخۆیی ئابووری، ئاسایشی دارایی و سەروەریی نیشتمانی لە نێوان ئەو سنوورانەدا بە تەواوی ون بووە و ئابوورییەکە وەک سیستمێکی لەرزۆک، کرێخۆری بەکاربەر و پاشکۆ ماوەتەوە.

پاش زیاتر لە سێ دەیە لە حوکمڕانیی خۆبەڕێوەبەری، فەشەلی بنەڕەتی لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە نەتوانراوە مۆدێلێکی فرەچەشن و پایەداری ئابووری بنیاد بنرێت تا کەرتی کشتوکاڵ، کارگە ناوخۆییەکان، پیشەسازیی خۆراک و گەشتیاری ببنە شادەماری سەرەکیی داهات، لەبری ئەوەی تەواوی چارەنووسی ئەم قەوارەیە بە تەنیا ببەسترێتەوە بە بۆرییەکی نەوتی لەکارکەوتوو و چاوەڕوانیی بەردەوامی بەشەبوودجەی بەغدا؛ خستنەئەستۆی تەواوی قەیرانەکان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی چیتر ناتوانێت ئەم شکستە ساختارییە بشارێتەوە، چونکە جوگرافیا هەموو دەرفەتێکی بەخشی، بەڵام سیاسەتی چەوت، قۆرخکاریی حزبی، بازرگانیی ناشەفاف و بەرژەوەندییە تەسکەکان ئەو هەموو دەرفەتە زێڕینانەیان کردە گرانبوونی بازاڕ، بێکاری و کۆچی بەکۆمەڵی لاوان.

کاتێک دەروازە سنوورییەکان لەبری ئەوەی ببنە ڕێڕەوێک بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی نیشتمانی و بەهێزکردنی جوتیاران، تەنیا دەکرێنە دەروازەیەک بۆ هاوردەکردنی هەموو پێداویستییەک تا ئاستی سەوزەوات و ساغکردنەوەی کەلوپەلی بێکوالێتیی دەرەکی، ئیتر دروشمی سەربەخۆیی ئابووری دەبێتە وەهمێکی بێبنەما و گاڵتەجاڕییەکی تاڵ. لە کۆتاییدا، ئەم واقیعە شێواوە تەنها یەک حەقیقەتمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە: کوردستان لە هەموو لایەکەوە دەروازە و خاڵی سنووریی پڕ لە قەرەباڵغیی بازرگانیی هەیە، بەڵام سەربەخۆیی ئابووری لە شوێنێکی نێوان ئەو سنوورانەدا بەردەوام ڕێگەی خۆی لێ تێکدەچێت و ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو گیرفانی تایبەتی تۆڕە دەستڕۆیشتووەکان و لە دەرەوەی وڵات پاشەکەوت دەکرێت!