یاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان…!

ڕاوێژ ڕزگار تەها – چالاکوان

من هیچ کاتێک باوەڕم بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنێک نەبووە لە هەرێمی کوردستان، هەموو ئەوەی هەبووە لە ئێستا و لە ڕابردووش دا دا کۆمەڵێک خەڵکی بازرگان و بەرژەوەندی خواز بوون ئامانجیان خۆ دەوڵەمەند کردن بووە لە ژێر چەمکی ئۆپۆزیسیۆن بوون دا و دەسەڵات بەکاری هێناون بۆ نەهێشتنی متمانەی میللەت بە گۆڕانکاری، دوای بەدەست هێنانی متمانەی میللەت و بوونیان بە ڕەقەم لە هاوکێشەی سیاسی هەرێم دا هەر زوو سحرەکەیان بەتاڵ دەبێتەوە و پەل دەهاوێن بۆ وەرگرتنی پۆست و وەزارەت و خۆ دەوڵەمەند کردن لەژێر ناوی بەشداری کردن لە حکومەت، ئامانجی ئەوان لە گۆڕینی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشی بوون لەو سیستەم و دەسەڵاتە، شاسوار عەبدولواحید و جوڵانەوەکەی کە نەوەی نوێیە لە تازەترین ڤێرژنی گەوجاندنی میللەت لە بەرگی ئۆپۆزیسیۆن داو دوای بەدەست هێنانی ١٥ کورسی لە هەڵبژاردن دا لە ماوەکانی ڕابردوو خۆیان خزاندە نێو ڕێکەوتنێک لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئیمزا کرد بە ناوی گۆڕانکاری لە سیستەمی حکومڕانی، شاسوار و نەوەی نوێ لەپێناو چاوپۆشی کردن لە پۆخڵەوات و لێخۆشبوونیان لە باج و گەندەڵیەکانیان لە سنوری یەکێتی ئەو یاریەیان کرد، دەسکەوتی ئەو ڕێکەوتنە پاراستنی سەرمایە و لێخۆشبوونی سەرۆکی جوڵانەوەکە شاسوار عەبدولواحید و هەروەها وەرگرتنی وەزارەتی ژینگە بوو لە عێراق بۆ سروە عەبدولواحیدی خوشکی سەرۆکی جوڵانەوەکە و چاوپۆشی بوو لەو مەلەفانەی کە لەسەریانە لە دادگا، دەسکەوتی دەسەڵاتیش نەمانی متمانە بوو بە هیچ ئۆپۆزیسیۆنێک لە چوارچێوەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان و کۆتا بزمار بوو لە تابووتی ئۆپۆزیسیۆن و متمانەی میللەت درا بۆ هەمیـــشە…

چیدیکە کوردستان پەناگەیەکی ئارام نییە!

جوانڕۆ عەزیز احمد – چالاکوان

بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئێرانەوە، بە ژمارەیەکی زۆر لە درۆن و موشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس شەهید بوون و کەسانێکی دیکەش بریندار بوون.


لە ماوەیەکی زۆری ڕابردوودا، یەکێک لەو شتانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی کورد هەمیشە وەک منەت بە هاوڵاتیانیان دەفرۆشتەوە، بابەتی ئەمنی و ئاسایش بووە. هەمیشە شانازییان بەوە دەکرد کە لە ڕووی ئاسایشەوە سەرکەوتوون و توانیویانە سەروماڵی هاوڵاتیانی هەرێم بپارێزن.


لە کاتێکدا لە هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا ئەرکی هەرە لەپێشینەی حکومەت و فەرمانڕەواکان دابینکردنی ئەمن و ئاسایش بۆ هاوڵاتیانە، و ئەمە ئەرکی حکومەتە و نابێت بە هیچ شێوەیەک وەک منەت بە چاوی هاوڵاتیاندا بدرێتەوە.


لەژێر ئەم پاساوەشدا، سەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەیان بۆ خۆیان خۆش کردبوو کە چەندین هێزی چەکداری جیاواز لەژێر ناوی جیاوازدا دروست بکەن، بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی گشتی، و پڕ چەکیان بکەن.


بەڵام ئەو ئامارانەی کە لە ماوەی جەنگی ئێراندا بڵاو بوونەتەوە، سەرجەم ئەو بیرۆکە و منەتانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان پێچەوانە کردەوە. دەرکەوت کە سەرجەم ئەم هێزانە هێزی نانیزامین و لەسەر بنەمای ئینتیمای حیزبی دروستکراون، بۆ پاراستنی هەژمونی حیزبی و دەسەڵاتدارانی خۆیان.


تۆمارکردنی هێرشە درۆنی و موشەکییە زۆرەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا شەڕەکە لە ناو خاکی عێراق و کوردستاندا نییە و کوردستان بەشێک نییە لە جەنگەکە، دەریدەخات کە دەسەڵاتدارانی کوردستان و سێکتەرەکانی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان لە کوردستان لە فەشەلێکی گەورەی ئەمنیدان و توانای پاراستنی ئاسمان و خاکی کوردستانیان نییە.


لە کاتێکدا پێشتر هەموو شانازییەکیان بریتی بوو لە بابەتی پاراستنی ئاسایش، ئەم ڕووداوانە دەریدەخەن کە پێشتر کوردستان ئامانج و تارگێتی وڵاتان نەبووە؛ گەرنا لە کەمترین کاتدا دەتوانن بە ئاسانی هێرش بکەنە سەر خاکی کوردستان و ئاسایشی کوردستان تێکبدەن، و دەسەڵاتدارانیش لە کوردستان زۆر بێدەسەڵاتانە هیچ کارێکیان لە دەست نایە.


ئەم بێدەسەڵاتییەی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان لە هەمبەر هێرشە درۆنییەکانی وڵاتانی دراوسێ و هەروەها هێرشە ناوخۆییەکان، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر گەندەڵی و فەشەلی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان. دەریدەخات کە ئەم هێزانە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پسپۆڕی بۆ پاراستنی خاک و هاوڵاتیانی کوردستان بنیاد نەنراون، بەڵکو لەسەر بنەمای حیزبی و تایفی دروست کراون بۆ خزمەت و مەرامی تایبەتی لایەنە سیاسییەکان.


هێرشە درۆنییەکانی ناوخۆی خاکی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان و فەراخی ئەمنی


سەرباری هێرشی درۆنی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چەندین جار لە ناوخۆی عێراقەوە، بە تایبەتی لە ناوچەکانی خوارووی عێراق، بە درۆن هێرشی موشەکی کراوەتە سەر کوردستان، بە تایبەتی لەلایەن ئەو هێزانەی کە نزیک و هاوئاوازی ئێرانن لە عێراقدا.


ئەم هێرشانە بە درۆن لە ناو خاکی عێراق بۆ سەر کوردستان دەریدەخات کە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لە فەراخی ئەمنیدان و توانای کۆنتڕۆڵکردنی خاکی عێراقیان نییە و ناتوانن ڕووبەڕووی گروپە چەکدارە تایفییە جیاوازەکان ببنەوە.


بە واتایەکی دیکە، ئەو هێزە چەکدارانەی لە عێراقدان هێزی ئەمنی و نیزامی نین و بەشێک نین لە وەزارەتی بەرگری عێراق و لەژێر هەژموون و کۆنتڕۆڵی سەرۆکی هێزە چەکدارەکاندا نین، بەڵکو هێزی تایفی و مەزهەبی جیاوازن و بە مەبەستی جیاواز دروست کراون.


ئەم هێزانە لەژێر هەژموون و ئەجێندای جیاوازدا کار بۆ بەرژەوەندی خۆیان و وڵاتانی دراوسێی هاوئاوازی خۆیان دەکەن، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق. ئەمەش سەلمێنەرێکی ڕوونە بۆ بوونی بۆشایی و فەراخییەکی گەورەیی ئەمنی لە ناو خاکی عێراقدا، کە بووەتە هۆی مەترسییەکی گەورە.


کاریگەری ئەم هێرشانە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و بووەتە جێگەی مەترسییەکی گەورە. بۆمبارانکردنی سەنتەری شارەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی سڤیل و شەهیدبوونی هاوڵاتیانی سڤیل، بارودۆخێکی نالەبار و کاریگەرییەکی دەروونی خراپی لەسەر هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کردووە. وای کردووە هاوڵاتیان لە بارودۆخێکی سەختی ژیاندا بن و هەموو سێکتەرە ئابوورییەکانیشی پەکخستووە.


هێرشی درۆنی و موشەکی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر خاکی کوردستان لەلایەک و لە هەمان کاتدا هێرشی درۆنی هێزە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراق بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، جێگەی هەڵوێست لەسەرکردنە و دەرخەری ئەو ڕاستییە کە دەزگا ئەمنییەکان لە کوردستان و عێراق دەزگای ئەمنی ڕاستەقینە نین و لەسەر بنەمای پسپۆڕی و لێهاتوویی پێک نەهاتوون.


بەڵکو دەزگای ئەمنی و هێزی چەکداری حیزبی و بنەماڵەیین و بۆ پاراستنی هەژمونی حیزبی و سیاسی و دەسەڵاتداران دروست بوونە. بۆیە لە هەمبەر هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا دەستەوەستانن و هیچ کارێکیان لە دەست نایە و ناتوانن ئەمنیەت و ئاسایشی هاوڵاتیان بپارێزن.

لە هێنانە خوارەوە (گوێدرێژ) قورستر نیە کاتێک گەیشتە شوێنێکی بەرز!

ڕاژان ئەحمەد – چالاکوان

کورسی دەسەڵات تای بەرپرسانی کوردە بەجۆرێک کاتێک دەگەنە دەسەڵات هیچ هێزێک ناتوانێت بیانهێنێتە خوارەوە بەمەش سیستەمی دیکتاتۆریەت دەسەپێنن بەسەر خۆیاندا.

ئەم دوو بنەماڵە دز و گەندەڵ و دیکتاتۆرە بۆ چەندین ساڵە دەسەڵات و جومگە هەستیارەکانی هەرێمی کوردستانیان بە دەستەوەیە و بەهیچ جۆرێک نایانەوێت دەست بەرداریبن و کار دەکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەکانیان بەمەش کۆمەڵێک قەیران و کێشەی بۆ کوردستان دروست کردووە بەجۆرێک لە هەموو ڕوویەکەوە کوردستان پاشەکشەی کردووە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و دیموکراسیەوە.

یەکێتی و پارتی بە نەزانی و نەفامی خۆیان توانیویانە لەژێر زەبری هێز و هەڕەشە دەسەڵاتی خۆیان بۆ ماوەی زیاتر لە ۳٤ ساڵ درێژ بکەنەوە و میللەتێکی داماوی پێ بچەوسێننەو بە ڕادەیەک هیچ  هۆکارێک نادۆزیتەوە کە کردبێتیان بۆ هاوڵاتیان بۆ مانەوەی خۆیان بەمەش ئەو قسەیە دەیان گرێتەوە کە (لە هێنانە خوارەوە گوێدرێژ قورستر نیە کاتێک گەیشتە شوێنێکی بەرز)!

دوو بنەماڵەی نەزان لە سیاسەت و گوێدرێژ لە دەسەڵاتداری یەخەی میللەتی گرتووە! ئاخۆ کەی بێت هەوای ئازادی بگات بە میللەتی ستەم لێکراو….

👤
Live: 42 Today: 148 📊 Click Here