ئەمڕۆ پێنجشەممە2026.4.2، لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کۆمەڵایەتی و بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزم، بە ئامادەبوونی کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شێخ حەسەن عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە، سەنتەری ئۆتیزمی ڕوانگە لە قەزای هەریر کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە زەکیە محمەد ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر و شێروان جەلال، قائیمقامی قەزای هەریر و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حزبی و حکومی ناوچەکە ئامادەی بوون، دوای کردنەوەی سەنتەرەکە و بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی، پارێزگاری هەولێر لە وتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لە دەزگای ڕوانگە بۆ دروستکردنی سەنتەرەکە، پیرۆزبایی لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد.
هەروەها جەختی لە گرنگیی ئەم جۆرە پڕۆژانە کردەوە و ڕایگەیاند: “کردنەوەی ئەم سەنتەرە هەنگاوێکی گرنگە بۆ خزمەتکردنی ئەو منداڵانەی پێویستیان بە چاودێریی تایبەت هەیە، تاوەکو لە ناوچەکەی خۆیاندا و بەبێ ماندووبوون خزمەتگوزارییە پەروەردەیی و تەندروستییەکانیان پێ بگات.”
ئەم سەنتەرە نوێیە بەپێی ستانداردە سەردەمییەکان لەلایەن دەزگای ڕوانگە بە ئامانجی ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەپێدانی تواناکانی تووشبووانی ئۆتیزم دروستکراوە و هاوکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ سوککردنی ئەرکی خێزانەکانیان لە دەڤەرەکەدا.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە تایبەتەکان تەنها لە سەنتەری شارە گەورەکاندا کورت نەبنەوە و بگەنە قەزا و ناحیەکان، بە مەبەستی دابینکردنی یەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی ئەو چینە ئازیزەی کۆمەڵگە.
