خوێندراوەتەوە: (303)

کاتێک باس لە گەرووی هورمز دەکرێت، زۆربەی جار ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ لای وزە دەچێت، چونکە نزیکەی %20ی نەوت و غازی جیهانی بەو ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت. بەڵام بۆ وڵاتانی ناوچەکە، ئەم گەرووە تەنیا سەرچاوەی داهات نییە، بەڵکوو شادەماری ژیانی زیاتر لە 100 ملیۆن کەسە.

ئێستا، لەگەڵ گەرمبوونی ململانێکانی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، داخستنی ئەم دەروازەیە چیتر تەنیا ئەگەر نییە، بەڵکوو بووەتە ڕاستییەکی تاڵ کە هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی وڵاتانی کەنداو دەکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن (CNN)ی عەرەبی، وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەری کەنداو بەتەواوی پشت بەم گەرووە دەبەستن بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانەیان. ئامارەکان دەریدەخەن کە بێ ئەم ڕێڕەوە، ئەو وڵاتانە ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورە دەبنەوە، چونکە هەموویان پشت بەم گەرووە دەبەستن، بۆ نموونە:

-عەرەبستانی سعوودی: زیاتر لە %80ی خۆراکی وڵاتەکەی لەم گەرووەوە هاوردە دەکات.

– ئیمارات: نزیکەی %90ی پێداویستییەکانی خۆراکی لەم ڕێگەیەوە دەگات.

– قەتەڕ: بە ڕێژەی %98 پشت بەم ڕێڕەوە ئاوییە دەبەستێت.

– عێراق: سەرەڕای هەبوونی دوو ڕووبار، بەڵام بۆ هاوردەکردنی تەواوی خۆراک و پێداویستیی وڵاتەکە، بەندەرەکانی باشوور و گەرووی هورمز تاکە دەرچەن.

هەڵاوسانی نرخ و شکستی ڕێگە جێگرەوەکان

شیاوی باسە، داخستنی ئەم ڕێڕەوە بازرگانیە تەنێ کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی کاڵا نییە، بەڵکوو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خەیاڵیی نرخەکانیش.

بەرنامەی خۆراکیی جیهانی (WFP) هۆشداری دەدات کە زنجیرەی دابینکردن لەبەردەم توندترین پەککەوتندایە لەدوای پەتای کۆڤید-19 و جەنگی ئۆکرایناوە.

لەمبارەیەوە، کارل سکۆ، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە تێچووی بارکردن بە شێوەیەکی خێرا بەرز بووەتەوە، ئەمەش باری سەرشانی کڕیاران قورستر دەکات.

هاوکات کۆمپانیای “کیپسۆنز ئینتەرناشناڵ” (Kibsons International) کە بنکەکەی لە ئیماراتە، جەخت دەکاتەوە کە گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان بۆ ڕێگەی دیکەی دوورەدەست، تێچوویەکی زۆر و کاتێکی زۆرتری دەوێت ئەمەش بۆ خۆراکی فرێش (سەوزە و میوە) زیانمەندە.

دانیال کابرال، بەڕێوەبەری کڕین لەو کۆمپانیایە، دەڵێت: هەزاران “تۆن خۆراکی فرێش لەناو کانتێنەرەکاندایە و لەدەرەوەی گەرووەکە وەستاون، بێ ئەوەی بزانین کەی و بۆ کام بەندەر بەڕێ دەکەوین.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 14 Today: 664 📊 Click Here