خوێندراوەتەوە: (610)

لە کاتێکدا ئاسمانی ناوچەکە بەهۆی ته‌قینەوەی درۆن و مووشەکەکانەوە دەناڵێنێ، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی چەک لە جیهاندا خەریکی دروێنەکردنی داهاتێکی خەیاڵین کە پێشووتر وێنەی نەبووە.

پەرەسەندنی جەنگی ئێران و هەڕەشەی بەردەوامی درۆنە هەرزانبەهاکان، وای کردووە وڵاتانی جیهان پێشبڕکێ بکەن بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری کە پێشبینی دەکرێت قەبارەی مامەڵەی بازاڕەکەی بگاتە نێوان 400 بۆ 500 ملیار دۆلار.

ئەم خواستە گەورەیە، کۆمپانیاکانی وەک (لوکهید مارتن)، (ئار تی ئێکس)، (ڕاینمیتال) و (رافائیل)ی خستووەتە ژێر باری داواکارییەکی گەورەوە کە لە توانای بەرهەمهێنانی کارگەکانیاندا نییە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (بلومبێرگ ئینتێڵێجێنس)، تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا نزیكەی 150 ملیار دۆلار چووەتە سەر بودجەی بەرگریی ئاسمانیی جیهانی. ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئێستا هەموو دەوڵەتان پەلەیانە بۆ مسۆگەرکردنی مووشەکی بەرگریی تێکشکێنەر تا ئاسمانیان لە هێرشە کتوپڕەکانی ئێران بپارێزن.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئەمەریكا کە ساڵانە 35 ملیار دۆلار بۆ ئەم بوارە تەرخان دەکات، ئێستا لەژێر فشاری جەنگی ئێراندایە و داوای بودجەی فریاگوزاریی تری 50 ملیار دۆلاری لە کۆنگرێس کردووە.

هاوکات، ئەورووپاش بۆ دروستکردنی قەڵغانێکی مووشەکیی تۆکمە، پێویستی بە نزیكەی 500 ملیار دۆلاری دیکە هەیە.

ئەم کێشەیە تەنیا ئەمەریكا و ئەورووپای نەگرتووەتەوە، بەڵکوو ئیسرائیل کە (قوبەی ئاسنین) بەکار دەهێنێت، ساڵانە زیاتر لە 5.2 ملیار دۆلار بۆ بەرگریی ئاسمانیی خەرج دەکات، جیا لەو 8.7 ملیار دۆلارەی وەک هاوکاری لە واشنتۆنەوە پێی دەگات. هەروەها وڵاتانی کۆریای باشوور و ژاپۆنیش ناچار بوون بودجەی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان بە بڕی 10 ملیار دۆلار زیاد بکەن.

یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان کە لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە (نادادیی تێچووی جەنگە) هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە ئەمەریكییەکان دەریانخستووە کە ناتوانرێت بۆ تێکشکاندنی درۆنێکی چەند هەزار دۆلاری، مووشەکێکی (باتریۆت) یان (پاک 3) بەکار بهێنرێت کە تێچووی هەر دانەیەکی زیاتر لە 4 ملیۆن دۆلارە. هەر بۆیە ئێستا وڵاتان ڕوویان لە سیستەمە هەرزانەکان کردووە، وەک (فامبایەر) کە بە تەنیا 20 هەزار دۆلار ئامانجەکەی دەپێکێت، یان سیستەمی (سکای نێکس) کە بە تێچووی تەنیا 7 هەزار دۆلار درۆنەکان لە ئاسماندا دەپێکێت. هەرچەندە کۆمپانیای (لوکهید مارتن) گرێبەستێکی 9.8 ملیار دۆلاری وەرگرتووە تا ساڵی 2030 بەرهەمهێنانی مووشەکی (پاک 3) بگەیەنێتە 2000 دانە لە ساڵێکدا، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە کۆگاکانی جیهان خەریکە بەتاڵ دەبن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 14 Today: 664 📊 Click Here