ئامانج مەحموود
ئەگەر پێت وایە کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە نەبوونی ژێرخان یان غازەوە هەیە، ئەوا زۆر هەڵەیت! نەبوونی کارەبا پرۆژەیەکی بازرگانیی زەبەلاحە کە بە پارەی گیرفانی هاوڵاتیی هەژار بەڕێوە دەچێت و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی ئەو ئۆلیگارشی و بەرپرسە سیاسییانەی کە خاوەنی تۆڕی بەرفراوانی موەلیدە ئەهلییەکانن. لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بە شانازییەوە باس لە پڕۆژەی “ڕووناکی” دەکات بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و بانگەشەی کوژاندنەوەی زیاتر لە ٧,٠٠٠ موەلیدە دەکات ، واقیعە تاڵەکە ئەوەیە کە “مافیای موەلیدەکان” بەئاسانی دەستبەرداری ئەو ملیاران دۆلارە نابن کە ساڵانە لە گیرفانی خەڵک دەیدۆشن. ئەمە کەرتی خزمەتگوزاری نییە، ئەمە ڕووتاندنەوەیەکی ڕێکخراوە بە پاڵپشتیی دەسەڵات!
لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بازاڕی موەلیدە ئەهلییەکان ئابوورییەکی سێبەری ترسناکی دروست کردووە کە بەهاکەی ساڵانە دەگاتە زیاتر لە ٤ ملیار دۆلار. ئەم تۆڕە زەبەلاحە تەنها خاوەن موەلیدە سادەکان نین کە دەیانبینین، بەڵکو پەیوەستن بە سیاسەتمەدارە باڵاکان، بازرگانە قۆرخکارەکان و “مافیاکانی هاوردەکردنی سووتەمەنی” کە ڕۆژانە بە هەزاران تانکەر گازوایلی کوالێتی نزم و قاچاخ دەهێننە ناوەوە. هەر بۆیە، هەرکاتێک حکومەت هەوڵ دەدات کەرتی کارەبا چاک بکات یان بیخاتە ژێر سیستەمێکی نیشتمانییەوە، ئەم تۆڕە گەندەڵییە دەستبەجێ هەوڵی پەکخستنی دەدەن؛ چونکە ڕووناکبوونەوەی ماڵی خەڵک بە واتای وشکبوونی سەرچاوەی داهاتە خەیاڵییەکەی ئەوان دێت. ئایا چاوەڕێ دەکەیت بەرپرسێک کە مانگانە ملیۆنان دۆلار لە فرۆشتنی گازوایل بۆ موەلیدەکان قازانج دەکات، ڕێگە بدات تۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێریت هەبێت؟
حکومەت ئێستا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی موەلیدەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی، خەڵک لە دەستی موەلیدە ئەهلییەکان ڕزگار دەکات. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنها گۆڕینی شێوازی تاڵانکردنەکەیە. لەبری ئەوەی خەڵک پارە بداتە خاوەن موەلیدەکان، ئێستا دەبێت هەمان ئەو بڕە پارە خەیاڵییە، بە ناوی کرێی کارەبای نیشتمانییەوە (کە نرخەکەی چەند هێندە بەرزکراوەتەوە) بداتە کۆمپانیاکانی سەر بە حیزب کە گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی کارەبایان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە. واتە، هاوڵاتیی بێمووچە هەر دەبێت باجەکە بدات، تەنها جیاوازییەکە ئەوەیە کە پێشتر پارەکەی دەدایە گیرفانی ڕاستی دەسەڵات، ئێستا دەیداتە گیرفانی چەپی!
ئەمە ئەو تەڵە گەورەیەیە کە دەسەڵاتی کوردی بۆ میللەتەکەی خۆی ناوەتەوە؛ سیستەمێک کە لەسەر بنەمای قەیران دروست بووە، هەرگیز ناتوانێت قەیران چارەسەر بکات، چونکە چارەسەربوون بە واتای مردنی ئەو مشەخۆرانە دێت کە لەسەر خوێن و ئارەقی خەڵک دەژین.
