ڕامیار یەحیا
لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتداران خەریکی شاردنەوەی چینایەتییەکی دڕندانە و دروستکردنی گەڕەکێکی داخراوی نوێن بۆ خۆیان! لێرە، هەڵتۆقینی ڤێلای دەیان ملیۆن دۆلاری و داڕمانی گەڕەکە هەژارنشینەکان بە ڕێکەوت ڕوو نادەن؛ بەڵکو “دروستکردنی دوو جیهانی تەواو جیاواز لە ناو یەک نیشتماندا” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و بەرهەمی حوکمڕانیی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچییەیە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ چێژوەرگرتن لە دزینی سامانی ئەم وڵاتە، “دابڕانی تەواوەتییە لە ئازاری ئێمە و دروستکردنی شارۆچکەی تایبەتە بە خۆیان و کۆمپانیاکانیان”. بۆیە دەبینین لێرە دوو کوردستان هەیە: کوردستانێکی بریقەدار و خەیاڵی بۆ ئەوان، و کوردستانێکی وێرانکراو و بێ مووچە بۆ ئێمە!
با سەیری ئەم دابەشبوونە ترسناکەی کۆمەڵگاکەمان بکەین. بۆچی لە شارەکانماندا کە گەنجەکانمان لە بێکاریدا دەتلێنەوە و نەخۆشەکانمان پارەی دەرمانیان نییە، پڕۆژەی ڤێلا و شوقەی گرانبەها وەک قارچک سەرهەڵدەدەن؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە ئابوورییەکەمان بەهێزە؟ نەخێر، ئەم پڕۆژە زەبەلاحانە تەنها ئامرازێکن بۆ “سپیکردنەوەی ئەو ملیۆنان دۆلارەی کە لە نەوتی قاچاخ و دەروازە سنوورییەکان لێمان دزراون”. کاتێک ئەوان قوتی ئێمە تاڵان دەکەن، دەیکەن بە کۆشک و باخچەی داخراو لەسەر ئەو زەوییانەی کە بە زۆرەملێ لە ئێمەیان سەندووە. ئەوان ژیانێکی ئەفسانەیی لە لوتکەدا دەژین، لە کاتێکدا ئێمە لە خوارەوە لە ڕێزی بەنزین و غاز و وەرگرتنی مووچەیەکی دواکەوتوودا کەرامەتمان دەشکێت!
هەمان سیاسەت لە کەرتی تەندروستی و پەروەردەشدا جێبەجێ دەکرێت. منداڵەکانی ئەوان لە زانکۆ گرانبەهاکان و نەخۆشخانە تایبەتەکان (کە خۆیان خاوەنین) چارەسەر دەکرێن و دەخوێنن، لە کاتێکدا نەخۆشخانە حکومییەکانی ئێمە بۆ کەسوکارمان کراونەتە قەسابخانە و قوتابخانەکانیشمان بێ مامۆستان. ئەم دەسەڵاتدارانە ئەم قۆرخکارییە بەکاردهێنن نەک وەک جیاوازییەکی سادەی چینایەتی، بەڵکو وەک “چەکێک بۆ هێشتنەوەی نەوەکانی ئێمە لە نەخوێندەواری و بێهێزیدا”، تاوەکو هەرگیز نەتوانین ڕکابەریی منداڵە نازپەروەردەکانی ئەوان بکەین. کاتێک تۆ دەوڵەمەندی و سەرمایە لە دەستی یەک چیندا کۆدەکەیتەوە، ئیتر نیشتمان دەبێتە کۆمپانیایەکی تایبەت و ئێمەش دەبینە کۆیلەی ناو ئەو کۆمپانیایە!
نووسەر و بیرمەندی فەرەنسی، ئۆنۆرێ دێ بالزاک دەڵێت: “لەپشت هەر سەروەتێکی گەورەی کتوپڕەوە، تاوانێکی گەورەی شاراوە هەیە.” ئەمڕۆ سەروەتی خەیاڵیی ئەم دەسەڵاتدارانە بە زەبری “تاڵانکردنی بودجەی گشتی و دزینی قوتی ئێمە” کۆکراوەتەوە، و دەیانەوێت بەم دیوارە بەرزانە خۆیان لە توڕەییمان بپارێزن.
ئەو ڕۆژە نیشتمان بووە موڵکی چەند خێزانێک، کە تێگەیشتن دەتوانن بە دروستکردنی ئەم دوو جیهانە جیاوازە، ئیرادەی ئێمەی هەژار بکوژن. تا ئەو کاتەی ئێمە باوەڕ بەم گەشەسەندنە درۆینەیە بکەین و لەبری ڕاپەڕین و ڕووخاندنی دیوارەکانی ئەم کۆشکانە، چاوەڕێی “خێر و سەدەقەیان” بکەین، ئەم نیشتمانە هەرگیز دادپەروەری بەخۆیەوە نابینێت. دەبێت بزانین ئەو کوردستانەی ئەوان لەسەر حیسابی خوێنی ئێمە دروستیان کردووە، تەنها بە گڕی توڕەیی ئێمە دەڕووخێت و دەبێتەوە بە نیشتمانی هەموومان!
