خوێندراوەتەوە: (1.3K)

لاوە محمد جەزا قادر

چارەنووسی نەتەوەی کورد ئەمڕۆ کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی وێرانکەرەوە: لە لایەک حکومەتێکی شۆڤێنی و گەندەڵی بەغدا کە بەردەوامە لە سزادانی نەتەوەیەک، وە لە لایەکی تریشەوە دەسەڵاتێکی ناوخۆیی لە هەولێر و سلێمانی، کە لە بری بەرگریکردن لە مافەکانی گەلەکەی، خەریکی قۆرخکاری و پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیەتی. کورد بووەتە یاریپێکەری مێزێک کە تێیدا هەردوو بەرەکە، بەغدا و هەرێم، لەسەر حیسابی برسیکردن و بێبەشکردنی هاوڵاتییانی ڕەشۆکی، مامەڵەی سیاسی و بازرگانی بە یەکترەوە دەکەن.

لە بەغدا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەردەوامن لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم. ئەوان بە بیانووی جیاوازەوە، لە بڕینی بەشەبودجە و ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانەوە بگرە تا دەگاتە دادگاییکردنی سیاسیانەی دۆسیەی نەوت، هەوڵیان داوە ئابووریی کوردستان ئیفلیج بکەن. بەغدا دەزانێت کە برسیکردن کاریگەرترین چەکە بۆ چۆکدادان بە هەرێم، بۆیە هەرکاتێک بیەوێت، وەک کارتێکی فشار قوتی منداڵی کورد دەبڕێت. بەڵام کارەساتە گەورەکە لە بەغدا نییە؛ بەڵکو لەو سەرکردە و سیاسەتمەدارە کوردانەدایە کە دەچنە بەغدا، نەک بۆ بەرگریکردن لەم مافە ڕەوایانە، بەڵکو بۆ ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەسەر پشکی کۆمپانیاکانیان و وەرگرتنی پۆست و دەسەڵات.

لە ناوخۆی هەرێمیشدا، ئەوانەی کە بە ناوی “کوردایەتی” و نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەوە حوکمڕانی دەکەن (پارتی و یەکێتی)، خۆیان بوونەتە گەورەترین مەکینەی گەندەڵی و پێشێلکاری. لە کاتێکدا دادگاکان پڕن لە کەیسی گەندەڵیی گەورە و تاڵانکردنی سامانی گشتی ، دەسەڵاتدارانی کورد ئامادەن مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی بە زەبری هێز و گازی فرمێسکرێژ سەرکوت بکەن تەنها لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆیان کردووە. ئەوانەی کە دەبوو قەڵغانی پاراستنی مافی نەتەوە بن بەرامبەر شۆڤێنیزمی بەغدا، ئێستا بوونەتە بازرگانی نیشتمان؛ نەوتیان هەراج کرد، بازاڕیان قۆرخ کرد، و تەنانەت لەسەر مووچەی فەرمانبەریش دەستیان بە گەمەی سیاسی کرد.”کاتێک دەسەڵاتداران خیانەت لە گەلەکەیان دەکەن و تەنها بیر لە گیرفانی خۆیان دەکەنەوە، ئەوا گەل دەبێتە نێچیری ئاسانی دوژمنەکانی دەرەوە.” ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان ڕێک بووەتە ئەم نێچیرە؛ لە لایەکەوە لەلایەن بەغداوە سزا دەدرێت، و لە لایەکی تریشەوە لەلایەن سیاسییەکانی خۆیەوە دەفرۆشرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 20 Today: 379 📊 Click Here