خوێندراوەتەوە: (11.1K)

سەربەست حوسێن مەحموود

“کاتێک پایتەخت دەبێتە بارمتەی چەتەکانی باکوور، ئیتر ناوی دەنێین چ دەوڵەتێک؟” ئەمە ئەو پرسیارە گاڵتەجاڕییەیە کە ئێستا عێراقییەکان لێی دەپرسن. دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، عێراق بەتەواوی لە بۆشاییەکی سیاسی و ئیداریی کوشندەدا دەژی و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی وەستاوە. هۆکارەکەشی تەنها ناکۆکیی نێوان شیعەکان نییە لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی یان محەمەد شیاع سودانی، بەڵکو کارەساتە گەورەکە ئەوەیە کە بەغدا دەبێت چاوەڕێی مۆڵەتی دوو بنەماڵەی مافیایی بکات لە هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) کە تەنانەت ناتوانن لەسەر دابەشکردنی داهاتی قاچاخچێتی و پۆستەکانی خۆشیان ڕێکبکەون!

پارتی و یەکێتی کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ەوە نەیانتوانیوە حکومەتی هەرێم پێکبهێنن و پەرلەمانی کوردستانیان ئیفلیج کردووە، ئێستا هەمان ڤایرۆسی ئیفلیجیان گواستووەتەوە بۆ بەغدا. لەکاتێکدا سووننەکان توانییان سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن، دەسەڵاتدارانی کورد چارەنووسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیان خستووەتە ناو بازاڕی سەودا و مامەڵەی شەخسییەوە. یەکێتی بە ئاشکرا پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ڕەتدەکاتەوە و دەیبەستێتەوە بەوەی کە دەبێت پارتی جارێکی تر پشتگیری بکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا، پۆستێک کە بۆ کورد هیچ نییە جگە لە ڕەمزێکی بێمانا، بەڵام بۆ سەرکردەکانی حیزب ئامرازێکە بۆ کۆکردنەوەی سامان و پەیوەندی بەستن لەگەڵ میلیشیاکان. ئەم گرێدانەی قەیرانی هەولێر بە بەغداوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە پەرلەمانی عێراق ناچار بێت دانیشتنەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوابخات، تەنها لەبەر ئەوەی دوو ئاغاکەی کورد نەیانتوانیوە پشکی یەکتر لە تاڵانییەکاندا یەکلایی بکەنەوە.

ئەمە ترۆپکی بێشەرمییە کاتێک دوو حیزب کە خۆیان بە “نوێنەری کورد” دەزانن، نەک تەنها میللەتی خۆیان لەسەر خاکی خۆیان برسی و بێماف کردووە، بەڵکو ئێستا بوونەتە هۆکاری ناسەقامگیری بۆ تەواوی عێراقیش. لەکاتێکدا عێراق و ناوچەکە بەدەست هەڕەشەی شەڕی هەرێمایەتی و کێشەی ئابوورییەوە دەناڵێنن، ئەم بازرگانە سیاسییانە تەنها خەمی ئەوەیانە کە کام وەزارەتی ناوخۆ، دژەتیرۆر، یان دەروازەی سنووری دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵیان بۆ ئەوەی داهاتەکەی بدزن. بۆ ئەوان، نە عێراق و نە کوردستان هیچ بەهایەکی نیشتمانییان نییە؛ تەنها شتێک کە گرنگە، مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ئەو سیستەمە پاتڕۆناژ و تاڵانکارییەیە کە خۆیان و میلیشیا شیعەکانیش پێی قەڵەو دەبن.

ئایا دەوڵەتێک کە بەهۆی دوو بنەماڵەی چەتەی شاخەکانەوە نەتوانێت سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێت، دەکرێت ناوی بنرێت دەوڵەت؟ یان تەنها کۆمپانیایەکی هاوبەشە بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت بەسەر ئۆلیگارشییەکاندا؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 12 Today: 666 📊 Click Here