زیرەک کەمال
لە زۆنی سەوز و سلێمانیدا، کاتێک گوێت لە وشەکانی “خزمەتگوزاری، داهاتی ناوخۆ، یان چاکسازیی ئیداری” دەبێت، بزانە کە دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە خەریکی شاردنەوەی باجێکی نوێ یان دزینی داهاتێکی گەورەن! لێرە، وێرانبوونی ژێرخان بە ڕێکەوت ڕوو نادات و گیرفانی خەڵکیش بە ڕێکەوت بەتاڵ نابێت؛ بەڵکو “برسیکردن و سەپاندنی فشاری دەروونی و ئابووری” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی یەکێتیی نیشتمانییە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی شارێک کە هەمیشە پێشەنگی ناڕەزایەتی بووە، “خنکاندنیەتی لەناو قەیرانی خزمەتگوزاری و نەبوونی پارەدا”. بۆیە دەبینین هیچ شتێک لێرە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتی نییە، لە وێرانبوونی شەقامەکانەوە بگرە تا دەگاتە نەبوونی دەرمان و پارە لە بانکەکاندا!
با سەیری قەیرانی ژیانی ڕۆژانە بکەین لەم زۆنەدا. بۆچی هەموو جارێک کە باس لە مووچە دەکرێت، بانکەکانی سلێمانی پارەیان تێدا نییە و داهاتی ناوخۆ دیار نامێنێت؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە سلێمانی و دەروازەکانی پارەیان تێدا نییە؟ نەخێر، ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان و قاچاخچێتییەوە دەڕژێتە گیرفانی کۆمپانیا حیزبییەکان و بەرپرسانی یەکێتییەوە، بەڵام هاوڵاتی دەبێت باجەکەی بدات چونکە “بەتاڵکردنەوەی بانکەکان و بردنی داهات” باشترین چەکە بۆ ئەوەی خەڵک تەنها بیر لە پەیداکردنی بژێوییەکەی بکاتەوە، نەک بیر لە گۆڕانکاریی سیاسی و وەستانەوە دژی گەندەڵییەکانی دەسەڵات. کاتێک تۆ مووچەی خانەنشینێک دەدزیت و دەرمانی نەخۆشخانەکان دەبڕیت، ئیتر چاوەڕێی چی دەکەیت جگە لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نائومێد و ماندوو؟
هەمان سیاسەت لە ململانێی نێوان هەولێر و سلێمانیشدا جێبەجێ دەکرێت. یەکێتی هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکومەتی هەولێر سزای دارایی سلێمانی دەدات، بەڵام خۆی لە ژێرەوە شەریکی تەواوی ئەم دۆخەیە! ئەوان ئەم ململانێیە بەکاردهێنن نەک وەک بەرگریکردن لە مافی سلێمانی، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ “پەردەپۆشکردنی دزینی داهاتی ناوخۆ” و درێژەدان بە تاڵانکارییەکانیان بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بوێرێت لێپرسینەوە لە کۆمپانیاکانیان بکات. کاتێک تۆ شارەکەت کردووەتە بارمتەی ململانێی سیاسی و ئابووریی خۆت، بۆچی پەلە بکەیت لە چارەسەر؟ ئەوان شارەکە وێران دەکەن، خەڵک دەچەوسێننەوە، و پاشان خۆیان وەک قوربانی و بەرگریکار لە مافی سلێمانی بەسەر میللەتدا دەفرۆشنەوە.
تەنانەت کاتێک باس لە “ئازادی و ڕادەربڕین” دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە بە ناوی پاراستنی ئاسایشەوە، هێزی چەکدار و دەمامکدار دەڕێژێتە سەر شەقامەکان تەنها بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی داڕمانی حوکمڕانییەکەی لەناو ترس و تۆقاندندا بزر بکات. کێشەی نەبوونی ئاو، خراپیی کارەبا، و زیادکردنی باج لەسەر کاسبکاران بە مەبەست دەسەپێنرێن، تا خەڵک بێهیوا ببێت و قبوڵی بکات کە ئەم شارە تاپۆی چەند خێزانێکە و ئێمەش تەنها کرێنشینین تێیدا.
پێوایە”ئامانجی سەرەکیی دەسەڵاتی ستەمکار ئەوەیە کە وا لە خەڵک بکات بڕوا بکەن کە خراپترین دۆخ، باشترین چارەسەرە بۆیان.” ئەمڕۆ یەکێتی لە زۆنی سەوزدا بە زەبری “فشاری ئابووری و دەروونی” دەیەوێت ڕاستییەکانی گەندەڵی بشارێتەوە و کەرامەتی خەڵکی ناوچەکە بشکێنێت.
