خوێندراوەتەوە: (751)

پێشڕەو محموود ئیسماعیل

ئەگەر مووچە مافێکی بنەڕەتی بێت بۆ ماندووبوونی فەرمانبەر، ئەوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتە کەرەستەیەکی سیاسیی قێزەون بۆ چۆکدادان و مامەڵەکردن بە کەرامەتی نەتەوەیەکەوە. خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ بوونەتە قوربانیی یارییەکی دوو سەرە لە نێوان دوو دەسەڵاتی تا سەر ئێسقان گەندەڵدا: لە لایەک حکومەتی بەغدا کە دەیەوێت بە چەکی برسیکردن ئیرادەی هەرێم بشکێنێت، وە لە لایەکی تریشەوە حکومەتی هەرێم کە لەبری بەرگریکردن لە مافی خەڵکەکەی، قوتی فەرمانبەرانی کردووەتە بارمتەی مانەوەی کۆمپانیاکانی!

بەغدا، بە عەقڵیەتێکی مەرکەزی و شۆڤێنیانەوە، ساڵانێکە یاری بە دەروون و بژێویی فەرمانبەرانی کورد دەکات. ئەوان هەرکاتێک بیانەوێت بە پاساوی “نەبوونی لیستی دروست” یان “داهاتی ناوخۆ”، پارەی مووچە دەبڕن یان دوایدەخەن، وەک ئەوەی فەرمانبەری کورد هاوڵاتیی پلە دوو بێت. بەڵام ئازارە گەورەکە ئەوە نییە کە دوژمن یان نەیارێک سزات دەدات؛ ئازارەکە ئەوەیە کاتێک ئەو نوێنەر و سەرکردە کوردانەی کە بە ناوی تۆوە چوونەتە بەغدا بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانت بکەن، خۆیان دەبنە بەشێک لەم گەمەیە. ئەوان لەبری ئەوەی مێزەکە بەسەر حکومەتی عێراقدا هەڵگێڕنەوە بۆ وەرگرتنی مووچەی مامۆستایەک، لەسەر مێزەکە دادەنیشن بۆ ڕێککەوتن لەسەر تەندەرات و پشکی حیزبەکانیان لە نەوت و دەروازەکاندا!

لە ناوخۆی هەرێمیشدا (پارتی و یەکێتی) ڕۆڵی پاڵەوانی درۆینە دەگێڕن. ئەوان کە بە دەیان ساڵە داهاتی نەوت، دەروازە سنوورییەکان، و باجی ناوخۆیان قۆرخ کردووە، ئامادە نین یەک دۆلار لە قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان کەم بکەنەوە بۆ دانەوەی قەرزی مووچەخۆران. لەبری ئەوە، مووچەی خەڵکیان کردووەتە بارمتەی پڕۆژە قۆرخکارییەکانی وەک “هەژماری من”، تەنها بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارە کەمەش کە لە بەغداوە دێت، بخەنە ناو بانکە حیزبییەکانی خۆیانەوە و سوودی لێ ببینن. فەرمانبەرێک کە بە مانگ چاوەڕێی مووچەکەیەتی، لە کۆتاییدا دەبێت لە نۆرەی ئەی تی ئێمێکی حیزبیدا بێڕێزیی پێ بکرێت!

دەڵێم: “خراپترین فۆڕمی نادادپەروەری ئەوەیە کە دەسەڵاتداران وا خۆیان نیشان بدەن کە دادپەروەرن، لە کاتێکدا لە پشتی پەردەوە سەرقاڵی دزینی مافی گەلن.” ئەمڕۆ بەغدا و هەولێر هەردووکیان وا خۆیان نیشان دەدەن کە خەمی مووچەخۆرانیانە، بەڵام لە واقیعیدا هەردووکیان سەرقاڵی دزینی مووچە و شکاندنی شکۆی فەرمانبەرن.!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 6 Today: 32 📊 Click Here