ڕێباز عوسمان محمد
لە هەرێمی کوردستاندا، تەنها پارتی و یەکێتی نین کە بوونەتە هۆکاری وێرانکردنی ژیانی خەڵک، بەڵکو ئەو حیزبانەی کە خۆیان ناوناوە “ئۆپۆزسیۆن”، بە بێدەنگییە ترسنۆکانەکەیان بوونەتە شەپۆلێکی تری ئەم کارەساتە. زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام بەهۆی ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستە ئەمنی و داراییەکان، پەرلەمان ئیفلیج کراوە و حکومەت پێکناهێنرێت. لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانە گەورەیەدا، کە تێیدا خەڵک بێمووچەیە و دامەزراوەکان لەکار کەوتوون، حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن وەک مردوویان لێهاتووە؛ نە بەیاننامەیەکی توند دەردەکەن، نە خەڵک دەهێننە سەر شەقام، و نە دەوێرن تەنانەت فشاریش دروست بکەن. ئەمە ئیتر ئۆپۆزسیۆن نییە، ئەمە ڕێکەوتنێکی بێدەنگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان لەژێر سێبەری دەسەڵاتدا!
شکستی ئۆپۆزسیۆنی کوردی تەنها لەم ڕۆژانەدا دەرنەکەوتووە، بەڵکو مێژوویەکی درێژی هەیە لە دۆڕان و بێئیرادەیی. کاتێک پارتی و یەکێتی بۆ زیاتر لە ساڵێک هەڵبژاردنەکانیان لە کاتی خۆی (ساڵی ٢٠٢٢) دواخست، ئۆپۆزسیۆن بەتەواوی نادیار بوو و جگە لە چەند بەیاننامەیەکی شەرمنانە، هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو. ئەگەر ئەم حیزبانە خاوەنی پاڵپشتییەکی ڕاستەقینەی جەماوەری بوونایە، دەیانتوانی خەڵک بهێننە سەر شەقام و بەغدا و دەسەڵاتی کوردی ناچار بە هەڵوێست بکەن، بەڵام لەبری ئەوە، چاوەڕێی دەستی پارتی و یەکێتی دەکەن تا بزانن کەی مۆڵەتیان پێدەدەن قسە بکەن. ئەم ترسنۆکییە وای کردووە کە دەنگدەری ناڕازی متمانەی بە هەموویان نەمێنێت و لە هەڵبژاردنەکاندا بایکۆت بکات، چونکە دەزانن ئەم ئۆپۆزسیۆنە تەنها بۆ وەرگرتنی مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمان دروست بووە نەک بۆ گۆڕینی سیستەم.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بێدەنگییە ئەوەیە کە بەشێک لەم حیزبە “ناڕازییانە” لەژێرەوە خەریکی مامەڵەن بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە حکومەتە نوێیەکە یان لانیکەم پارچەیەک لە کێکەکەیان بەرکەوێت. بۆ نموونە، پارتی بە ئاشکرا هەڕەشە دەکات کە ئەگەر یەکێتی ڕازی نەبێت، ئەوا دەچێت لەگەڵ حیزبەکانی تردا حکومەت پێکدەهێنێت. ئەمەش وای کردووە هەندێک لە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات و بێدەنگی هەڵبژێرن، نەوەک هەڵوێستێکی توند وایان لێ بکات لە دابەشکردنی پۆستەکان بێبەش ببن! ئەمەیە ئەو کارەساتەی کە کۆمەڵگەی کوردی تێیکەوتووە؛ کاتێک ئۆپۆزسیۆنیش دەبێتە بازرگان و بەدوای پشکی خۆیدا دەگەڕێت لەناو سیستەمێکی وێراندا، ئیتر کێبەرگری لەم میللەتە دەکات؟ک
