ئاسۆ جەمال سدیق
لە ڕواڵەتدا، هەرێمی کوردستان خاوەنی یەک حکومەت، یەک پەرلەمان، و یەک قەوارەی فەرمییە. بەڵام لە واقیعدا، خەڵکی کوردستان باجی سیستەمێک دەدەن کە لەسەر بنەمای “دوو ئیدارەیی” و حوکمی دوو بنەماڵە دامەزراوە. قەیرانەکانی ئەمڕۆی هەرێم—لە بێ مووچەییەوە تا دەگاتە داخستنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێ—سەرچاوەکەیان یەک شتە: ململانێی نێوان هەولێر و سلێمانی، یان دروستتر بڵێین، پارتی و یەکێتی.
دوو زۆنی جیاواز، یەک چارەنووسی تاڵ
پارتی و یەکێتی هەرێمی کوردستانیان دابەش کردووە بۆ دوو زۆنی ئەمنی، ئابووری و سیاسی (زەرد و سەوز). لە هەولێر و دهۆک، پارتی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە، لە کاتێکدا لە سلێمانی و هەڵەبجە یەکێتی حوکمڕانە .ئەم دابەشبوونە جوگرافی-سیاسییە وایکردووە کە هەرێم هەرگیز خاوەنی دامەزراوەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو نەبێت. کاتێک ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان، باجەکەی خەڵک دەیدات؛ یەکێتی سکاڵای ئەوە دەکات کە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی سزای دارایی سلێمانی دەدات و مووچەی فەرمانبەرانی ڕادەگرێت، لە بەرامبەریشدا پارتی، یەکێتی بە ناشەفافی و ڕادەستنەکردنی داهاتی ناوخۆ تۆمەتبار دەکات . لە هەردوو بارەکەدا، قوربانیی یەکەم هاوڵاتییە.
دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، هێشتا کابینەی نوێ پێکنەهاتووە هۆکارەکەشی ئەوە نییە کە لەسەر پرۆژەی خزمەتگوزاری یان بەرژەوەندیی نیشتمانی ناکۆکن؛ بەڵکو کێشەکە لەسەر دابەشکردنی پۆستە ئەمنییەکان، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، و پشکی حیزبە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ . ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەوان وەک دوو کۆمپانیای ڕکابەر مامەڵە دەکەن، نەک دوو حیزبی سیاسی لە ناو یەک حکومەتدا.
ئەم دابەشبوونە وایکردووە دامەزراوەکانی وەک پەرلەمان و دادگا ببنە بارمتەی حیزب. هەر کاتێک ڕێککەوتنی ئابووری و ئەمنی لە نێوان سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتیدا تێکدەچێت، دەرگای پەرلەمان دادەخرێت و کۆبوونەوەکانی حکومەت پەکدەخرێن ئەمەش واتە بڕیاری سیاسی لە کوردستان لە پەرلەمانەوە دەرناچێت، بەڵکو لە مەکتەبی سیاسیی هەردوو حیزبەوە دەسەپێنرێت . ئەوان قەیرانەکە وەک چەکێک دژی یەکتر بەکاردەهێنن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئەم ململانێیە قەوارەی هەرێم لە بەردەم بەغدا و وڵاتانی دراوسێدا بەتەواوی لاواز دەکات
تا ئەو کاتەی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای زۆن و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان ئەم دوو هێزەدا بێت، هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بوونی نابێت. دوو حکومەتی شاراوە لە ناو یەک قەوارەدا، تەنها بەرهەمهێنەری یەک قەیرانی هەمیشەیین: وێرانکردنی ئابووری، کوشتنی دیموکراسی، و بێهیواکردنی هاوڵاتییان.
خوێندراوەتەوە:
(5)
