ڕێبەر ئەنوەر عبدوڵا
بیرمە کاتێک داعش هات و وڵاتی خەڵتانی خوێن کرد، فەتوایەک دەرچوو بۆ دروستکردنی هێزێکی چەکداریی فریاگوزاری. خەڵکێکی زۆر ئومێدیان پێ بوو کە ئەمانە تەنها بۆ قۆناغێکی کاتین و دەبنە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ژیانمان. وەلێ هەر زوو تێگەیشتین ئەمانە نەهاتوون بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بەڵکو هاتوون تا غەنیمە و خاکی ئەم وڵاتە داگیر بکەن! ئای کە چۆن مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؛ ڕزگارمان بوو لە تارمایی تیرۆر، بەڵام کەوتینە ژێر دەستی دەیان گرووپی چەکداری کە بوونەتە میراتگری هەمان ئەو ستەمەی ساڵانێکە دەمانچەوسێنێتەوە.
ئێستا کە سەیری ئەم عێراقە و ناوچە دابڕێنراوەکان دەکەم، دەبینم حەشدی شەعبی لە هێزێکی کاتییەوە بووەتە دەسەڵاتێکی هەمیشەیی. ئەوان بوونەتە دەوڵەتێک لە ناو دەوڵەتدا؛ ئابووریی خۆیان هەیە، دەروازە سنوورییەکان دەدۆشن، و بڕیاری سیاسی لە پەرلەمان و حکومەتدا دەسەپێنن. کێ دەتوانێت لێپرسینەوەیان لێ بکات؟ هیچ کەس! چونکە ئەمانیش ڕێک وەک دەسەڵاتدارە نەوتدزەکانی خۆمان، چەک و دامەزراوەیان تەنها بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و سەرکردەکانیان دەوێت.
لەولاشەوە، لەبری ئەوەی ئەم سیاسییە کوردانەی خۆمان قەڵغانێک بن بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە، هەر خەریکی سپیکردنەوەی پارەن لە بانقەکانی دنیا، خەریکی کڕینی ڤێلا و ئاپارتمانی گرانبەهان لە دەرەوە. ئەوان خەریکی شەڕی ناوخۆیی و دابەشکردنی پارەی قاچاخچێتین، لە کاتێکدا هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک مۆتەکە باڵیان بەسەر نیوەی خاکی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکاندا کێشاوە و ڕۆژانە سوکایەتی بە کەرامەتی تاک بە تاکی ئەم میللەتە دەکەن. ئەم داڕووتانەوەیەی ژێرخانی ئەم وڵاتە، بەرهەمی خیانەت و بێباکی ئەو دزانەیە کە بە ناوی شۆڕشگێڕییەوە میللەتیان فرۆشت و وڵاتیان ڕادەستی میلیشیاکان کرد!
ئای کە غەدری ئەم هێزە چەکدارانە و دەسەڵاتدارانی ناوخۆ چەند بە سوێ و بەئازارە! ئەگەر سەردەمی بەعس خەڵک بە کێبڵ شین و مۆر کرابێتەوە، ئێستا فیشەکی زیندووی ئەم میلیشیایانە و هێزە ئەمنییە حیزبییەکانە کە لەهەمبەر خەڵکی سیڤیل و گەنجە ناڕازییەکاندا بەکاری دێنن. هەر دەنگێکی ئازاد بپرسێت ئەم سامانە چی لێهات؟ یان لەسەر شەقامەکان دەیڕفێنن و خەڵتانی خوێنی دەکەن، یان لە زیندانە تاریکەکانیاندا دەیڕزێنن. ئەوان بوونەتە سوپایەکی داگیرکەر کە بە ناوی پیرۆزییەوە گیرفانی خەڵک دەبڕن و سەروەریی وڵات پێشێل دەکەن.
بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە: ئەم دۆخە بە کوێ دەگات؟ ئایا چاوەڕێ دەکەن تا سەر ئەم میلیشیاگەری و تاڵانکارییە بەردەوام بێت؟
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بیر بکەنەوە؛ ئەو چەک و تفاقە زۆرەی کۆتانکردووەتەوە، ئەو پارە کەڵەکەبووەی لە دزینی نەوت و دەروازەکان دەستتان کەوتووە، لە ڕۆژی توڕەیی خەڵکدا بە پولێکە. زۆرێک لەو گەنجە هەژارانەی کردووتانن بە چەکدار، لە نێو دڵیاندا زۆر ناهەقی بەرچاوی خۆیان لەبەرچاوە و تەنها بژێوی ناچاری کردوون. ڕێک وەک چۆن چیرۆکی سەرانی ڕژێمی پێشوو بوونە کەلاکێک لەسەر شەقامەکان و تفێک کەم بوو بدرێت بە ڕووی لاشە بێگیانەکانیاندا، مێژوو بۆ ئێوەی بازرگانی چەک و خوێنیش هەمان چارەنووسی هەڵگرتووە. ژیرێتییەکە لەوەدایە بزانن گەلی چەوساوە، تا سەر لە ئاست ئەم داگیرکارییەدا بێدەنگ نابێت!
