فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کۆیە، ئاشکرای دەکات لەمڕۆوە کۆیە و دەورووبەری دەبێتە پڕۆژەی رووناکی 24 کاتژمێری.
لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمانگەکەدا هاتووە: “ئاگاداری هاووڵاتییان دەگرێتەوە ئەمڕۆ 2026\4\2 ، لە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆوە کارەبای کۆیە و دەورووبەری دەبێتە پڕۆژەی رووناکی 24 کاتژمێری.”
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، تاوەکوو کۆتایی مانگی سێی 2026، نزیکەی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە 70%ـی هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لە ڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026. لە مانگی ئایاریشدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.
پرۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکات تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026. ئێستا سەنتەری هەموو شارەکان کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە.
