ڕێنمایی بەرگریی شارستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان

هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان.. بەهۆی ئەو بارودۆخە جەنگییەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە داوا دەکەین بۆ پاراستنی خۆتان و کەسوکارتان ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە جێ بەجێ بکەن لەکاتی هێرشە ئاسمانییەکانی وەک (مووشەک و درۆن) یان هەر تەقەمەنیەکی تر.

🚨 ڕێنمایی بەرگریی شارستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان

1. دیاریکردنی شوێنی پارێزراو: لە ماڵەوە یان شوێنی کار، باشترین شوێنی پارێزراو دیاری بکەن (ژێرزەمین بەتایبەت لە باڵەخانەکان، ژووری ناوەوەی بێ پەنجەرە، یان ناوەڕاستی بینا).

2. جانتاى فریاگوزاریت هەبێت لە ماڵەوە یان لە شوێنى کاردا گرنگە و لە شوێنێکی ئاسان و بەردەست دایبنێ.

3. لە ماڵەوە خێزان و منداڵان فێری ئەوە بکەن کە لە کاتی مەترسی، خێرا بچنە شوێنی پارێزراو

* کاتی هاتنی موشەک یان درۆن (کاتێک سیستەمی بەرگری کاردەکات دەبێ چی بکەیت؟

1. ئەگەر گوێبیستى زەنگى ئاگادارکردنەوە بوویت ئەمە بۆ پاراستنى تۆیە بۆیە دەبێت خۆت بپارێزیت و لە شوێنە مەترسیدارەکان دووربکەوە.

2. بەخێرایى یەکسەر بچنە ناو نزیکترین بینای بەهێزەوە. ئەگەر لە ئۆتۆمبێلدا بوون، بە ئاسایی شۆفێری بکەن بۆ گەیشتن به شوێنێکی پارێزراو و دووربکەونەوە لە شوێنە (سەربازییەکان، فڕۆکەخانەکان ، کۆنسوڵخانەکان یان ئەو شوێنانەى مەترسى هەیە بۆردوومان بکرێن).

3. لە دەرگا و پەنجەرە و شوێنە شووشەییەکان دوور بکەونەوە. باشترین شوێن، ناوەڕاستی بینا و شوێنی سەلامەتە.

4. منداڵان لە باوەش بگرن و دڵنیاییان بدەنێ و ئارامیان بکەنەوە

5. ئەگەر لە دەرەوە و شوێنی کراوەدا بوون پەنا ببەن بۆ شوێنی نزم باشترین بژاردەیە وەک خەندەق بەتایبەت برا پێشمەرگەکان و ئەوانەی لە ئەرکە سەربازیەکانن لە ناوچەکانی دەرەوەی شار.

6. دووربکەونەوە لە شوێنی بەرز: لەژێر داری بەرز یان ستوونی کارەبا مەوەستن.

* دوای کۆتایی هاتنی هێرش و تەقینەوەکان چی بکەین؟

1. مەترسی تەواو نەبووە. لانیکەم ١٠-١٥ خولەک چاوەڕوان بکەن و گوێ لە لایەنە فەرمییەکان بگرن بەتایبەتی بەرگری شارستانی ، پۆلیس، ئاسایش یان تەلەڤیزیۆن بۆ دڵنیابوون لە تەواو بوونى هێرشەکان.

2. پارچە موشەکەکان زۆر مەترسیدارن! ئەگەر پارچەیەکی موشەک یان درۆنت بینی، هەرگیز دەستی لێ مەدە . لە دوورەوە چاودێری بکەن و یەکسەر پەیوەندی بکەن بە بەرگری شارستانی یان پۆلیسەوە چونکە زۆر مەترسیدارە.. 3. ئەگەر کەسێک بریندار بوو، یارمەتی بدەن بەڵام باشترین رێگا پەیوەندی کردنە بە تیمەکانی کردە پزیشکیەکان بە ژمارە ١٢٢.

4. لە شەقام و ڕێگاکان دوور بکەونەوە کە ڕەنگە ڕووخان ڕوویاندابێت بەتایبەت ئەو شوێنانەی موشەکی بەرکەوتووە.

📞 ڕێگاکانی پەیوەندی و ئاگاداربوون

1. ژمارەی فریاگوزاری: ژمارەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس لە نزیک خۆتان و لە مۆبایلەکاندا تۆمار بکەن ( بەرگری شارستانی ١١٥ ، پۆلیس ١٠٤ ، ئاسایش ١٠٦ )

هاووڵاتیانی خۆشەویست تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەت ( وەزارەتى ناوخۆ و بەرگری شارستانی ببەستن. ئەم پەیج و کەناڵانە فەرمییانە ڕێنمایی نوێ بڵاودەکەنەوە بۆ پاراستنی تۆی بەريز.

داوا لە سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین (بینراو، بیستراو و سۆشیاڵ میدیا) پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بکەن و لە چواچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، هەموو هەواڵێک گونجاو نییە بۆ بڵاوکردنەوە چونکە ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەکات لە ناو کۆمەڵگە بەتایبەت ئەو هەواڵانەی لە لایەنە فەرمییەوە نەبێت.

بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک خوای گەورە کوردستان بپارێزێت

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دەستپێكی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و هەموو ئەو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە بەدیهاتنی ئەو دەستكەوتە بەهادارەی گەلەكەماندا هەبووە.

ڕاپەڕین بەرهەم و درێژكراوەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو. ئەو ڕووداوە پڕ لە شانازییە بۆ تاك تاكی كوردستانیان لە ئێستا و داهاتوودا هەڵگری پەیامی خۆبەدەستەوەنەدان و ئازادیخوازی و ئیرادەی ژیانی سەربەرزانەیە.

ئێستا ناوچەكەمان بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت و هیوادارین كە هەرچی كێشە و ناكۆكی لە ناوچەكەدا هەیە بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و چارەسەری. ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت و پارێزراو بێت.

لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كورد و كوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی

5ـی ئاداری 2026

……………………………..

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان

لە (35)ــەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربڵندی شەهیدان دەکەم.

ڕاپەڕین یەکێکە لە شکۆدارترین دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوو. لە سایەی ڕاپەڕین و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارە و دامەزراوە فەرمی و شەرعییەکانە، كە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، پارێزگارییان لێ بکەین و زیاتر پەرەیان پێ بدەین.

لەم یادە شکۆدارەدا، جەخت لەوە دەکەینەوە، کە یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان، گەورەترین و بەهێزترین سەرمایەمانە و وەک چۆن لە سایەی یەکگرتووییی گەلی کوردستان، ڕاپەڕینی ئاداری 1991 سەرکەوت و بە ئەنجام گەیشت و دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی لێ بەرهەم هات، لەم ساتەوەختەی ئەمڕۆشدا، پێویستە خەڵکی کوردستان، زیاتر لە هەر کاتێک، پارێزگاری و داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی بکات، لەپێناو داهاتوویەکی باشتر و پێشکەوتووتردا.

بەرز و شکۆدار بێت یادی ڕاپەڕینی مێژووییی 1991. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. خودای مەزن کوردستان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2026/3/5

راگەیاندراوێک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئەو ڕاپۆرتانەی باسی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەکەن کە گوایە ئێمە بەشێکین لە پیلانێک بۆ پڕچەککردن و ناردنی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ناو خاکی ئێران بەتەواوی ناڕاستن و ڕەتیان دەکەینەوەو بە مەبەست بڵاو دەکرێنەوە.

لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێم و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێک نین لە هیچ هەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕو ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

بەپێچەوانەوە ئێمە داوای ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەین و هێرشە ترسنۆکانەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە تەواوی شەرمەزار دەکەین و داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان ڕابگرن و خاک و خەڵکەکەمان و ناوچەکە بپارێزن.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.3.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی د.عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی پارێزگای هەولێر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی گشتی و دابینکردنی سەقامگیریی بۆ دانیشتووانی سنووری پارێزگاكە و بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕەوشی هەنووکەیی و ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی ناوچەکە و چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و یەكە كارگێڕیەكانی سنووری پارێزگاکە ئەنجامدا.

لەكۆبوونەكەدا، كە لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەگشتیی كرا و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی كرا و جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی و هەماهەنگی سەرجەم سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ لایەنە ئەمنی و فریاگوزارییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نائاسایی و نەخوازراو كرایەوە.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر، تەئكیدی لەوەكردەوە، کە پێویستە پرۆسەی خزمەتگوزاریی بەردەوام بێت و هیچ ئاستەنگێک نەیەتە ڕێی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان، پاشان چەندین ڕێنمایی و ڕاسپاردەی نوێی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ئەوەی لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ پاراستنی سەقامگیری و خزمەتکردنی زیاتری دانیشتووانی سنووری پارێزگای هەولێر.

لەكۆتایشدا، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونی هێزەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، پێكهاتەكانی وەزارەتی ناوخۆ ( ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە ) كرا لە دابینكردنی ئارامی و ئاسایشی پارێزگای هەولێر

بۆ سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و هاوڵاتیانی خۆشەویست:

١- لە پێناو پاراستنی ئاسایش و ڕێکخستنی کارەکانی تیمە تایبەتمەندەکان لە شوێنی ڕووداوەکان، پێویستە سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکەن و لە ڕووماڵکردنی شوێنی ڕووداوەکان خۆیان بپارێزن، هەتاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی ڕێگەپێدان و ڕەزامەندی بە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان دەدرێت.

٢- هەروەها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین گرتەڤیدیۆ یان وێنەی شوێنی ڕووداوەکان تۆمار نەکەن و بڵاویان نەکەنەوە.

سوپاسی هاوڵاتیان دەکەین کە هەمیشە هاوکارمانن لە پێدانی زانیاری.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ٥ی ئازاری٢٠٢٦

راگه‌یه‌نراوێك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریه‌وه‌

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:

نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٥ ی ئازاری ٢٠٢٦) بڕی (٢٧٤) ملیار و ( ٩٦٢ ) ملیۆن دینار بە چوار گوژمە وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم کە بریتیە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی گرێبەست و مینحەی زیندانیانی سیاسی، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو تەواوی تەمویلی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانکیمان و لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەکە و وەرگرتنی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ خشتەی مووچەی مانگی شوبات ڕادەگەیەنرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

٥ ی ئازاری ٢٠٢٦

رۆلی عێراق و هەرێمی کوردستان لە جەنگی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران

سلار واحید سابیر

جەنگی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران (کە لە کۆتایی شوباتی ٢٠٢٦ دەستی پێکردووە) گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار و فراوانبوو. لە ٢٨ی شوباتدا، هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد بە کوشتنی ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی (سەرکردەی باڵای ئێران) و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکان. ئێرانیش بە وەڵامدانەوە مووشەک و درۆنی بەرەو ئیسرائیل، بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو، و چەند وڵاتێکی عەرەبی ناردووە، لە نێویاندا هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
ئەم جەنگە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بڵاو بووەتەوە بۆ لوبنان (لەگەڵ هێرشی حزبوڵڵا و وەڵامی ئیسرائیل)، عێراق، و کەنداو. سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون و زیاتر لە پێنج کەس بریندار بوونە، و ترەمپ وتویەتی “زیاتر دەکوژرێن” و هێرشەکان بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە ئامانجەکان (وەک لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی ئێران، و گۆڕینی ڕژێم).

کاریگەرییەکانی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان – ڕەخنەی توند
هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ تووشی هێرشی ئێران بووە:
فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەکانی نزیک ئەمریکا چەند جار هێرشیان کراوەتە سەر (مووشەک و درۆن)، بەرگری ئاسمانی ئەمریکا زۆرجار وەڵامی داوەتەوە بەڵام مەترسی گەورە هەیە.
کەمبوونەوەی کارەبا بەهۆی داخستنی کێڵگە گازییەکان بە مەترسی ئاسایشی.
هەرێم لە ناو “مەیدانی جەنگی” دەرەکی دایە، بەڵام حکوومەتەکە هیچ هەنگاوێکی جدی نەناوە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان یان بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە.
ڕەخنەی توند: حکوومەتی هەرێم تەواو لاواز و بێ پلانە لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا.
بەردەوام پشت بە ئەمریکا دەبەستێت بۆ پاراستن، بەڵام خۆی هیچ بەرنامەیەکی بەرگری یان دیبلۆماسی سەربەخۆی نییە.
لە کاتێکدا کوردەکانی ئێران لە مەترسیدان و دەرفەتێکی مێژوویی هەیە بۆ پشتیوانی لێیان (بە تایبەتی دوای کوژرانی خامەنەیی)، حکوومەتەکە هیچ هەوڵێکی جددی نەداوە و تەنانەت لە ترسی ئێران و میلیشیاکان بێدەنگە.
ئەم بێهێزییە دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی هەرێم لە ناوچەکەدا، و دەکرێت ببێتە قوربانییەکی سەرەکی ئەگەر جەنگەکە درێژ بکێشێتەوە یان ئێران/میلیشیاکان هێرشی گەورەتر بکەن. حکوومەتەکە پێویستی بە ڕێکخستنەوەی تەواو و دروستکردنی هێزی بەرگری سەربەخۆ هەیە – نەک تەنیا چاوەڕوانی فریاگەی ئەمریکا بکات.
کاریگەرییەکانی سەر حکوومەتی عێراقی میلیشیاکان – ڕەخنەی توند
حکوومەتی ناوەندی عێراق (کە زۆرینەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، نەجەبا، و سەیدە شەهیدا کۆنترۆڵی دەکەن) تەواو لە ژێر دەستی ئێراندایە.
میلیشیاکان دەستیان کردووە بە هێرشی درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەولێر و بەغدا، و وتیان “دەچنە ناو جەنگەوە” بۆ پشتیوانی ئێران.
عێراق بووەتە مەیدانێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام حکوومەتەکە ناتوانێت سەروەرییەکەی بپارێزێت.
ڕەخنەی توند: ئەم حکوومەتە خیانەتکارە بەرامبەر عێراق و گەلی عێراق.
بە تەواوی لە ژێر فەرمانی تارانە و عێراقی کردووەتە قوربانی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران – نەک بۆ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق.
میلیشیاکان بە ناوی “بەرگری لە عێراق” هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی عێراق خۆی و هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیان بە ئابووری، ئاسایش، و ژیانی هاووڵاتییان.
حکوومەتەکە هیچ ویستێکی نییە بۆ کۆتاییهێنان بە کاریگەریی ئێران، و بە پێچەوانەوە میلیشیاکان بەهێزتر دەکات. ئەمە شکستی تەواوی حکومەتی نیشتمانییە و دەبێتە هۆی زیاتر لاوازبوونی عێراق وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
کۆتایی و پێشبینی
ئەم جەنگە هێشتا لە سەرەتایە و دەکرێت چەند هەفتە یان زیاتر بخایەنێت (بە وتەی ترەمپ). ئەگەر ڕژێمی ئێران لاواز ببێت یان بکەوێت، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان – بەڵام ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا بەردەوام لەم بێپلانی، بێهێزی و ژێر دەستی ئێراندا بمێننەوە، ناوچەکە بە تەواوی دەکەوێتە ناو شەڕی درێژخایەن و کورد و عێراقییەکان زیانمەندترین قوربانی دەبن.
پێویستە هەردوو حکوومەتەکە بە زووترین کات هەنگاوی جدی بنێن بۆ پاراستنی سەروەری، کەمکردنەوەی میلیشیا، و دروستکردنی پەیوەندییەکی سەربەخۆ – ئەگەرنا داهاتوویەکی تاریک چاوەڕێیان دەکات.

پرۆژەی رووناکی بووە پرۆژەی کوژاندنەوەی گیرفانی هاووڵاتی

فەرهاد عەلى

لە مانگی ١ی ٢٠٢٦ لە جیاتی چاوەرێی گەرمبوونی ماڵەکانمان بین،چاوەرێی پارەی کارەبایەک دەکەین کە لە مووچەکانمان زیاترە! ئایا کارەبای ٢٤ سەعاتی بۆ ئەوە بوو کە تەواوی داهاتی خێزانەکان بە پسوولەیەک بڕوات؟
خەڵک لە ترسی پسوولەکان ناوێرن ئامێرێکی گەرمکەرەوە دابگیرسینن کارەبا بووە بە کاڵایەکی گران نەوەک خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی هەمووان بتوانن سودی لێ وەربگرن ،زۆرێک لە هاوڵاتیان بەرز بوونەوەی نرخی کارەبا بە “بار گرانی “ ناو دەبەن کە نرخەکان لەگەڵ بژێوی خەڵک ناگونجێن باری خێزانە هەژارکانی گرانتر کردووەکە لە ناوچەکانی تری عێراق کارەبا زۆر هەرزانترە! ،حکومەت دەڵێت کارەبای ٢٤ کاتژمێرمان بۆ هێناون بەڵام ناڵێت نرخەکەی بە جۆرێکە کە دەبێت نیوەی مووچەکەت بدەیت بە “ڕووناکی”ئەمە بازرگانیەکی بێبەزەییانەیە بە گیرفانی خەڵکەوە ،منەت بەسەر خەڵکدا مەکەن بە داشکاندنی ٢٠٪ نرخەکانتان ٤٠٠٪ زیاد کردووە ئێستا ٢٠٪ کەم دەکەنەوە؟ ئەمە وەک ئەوە وایە کەسێک هەموو شتەکانت لێ بدزێت و دواتر یەک پارچەت بۆ بگڕێتەوە و بڵێ خزمەتت دەکەم .
“پیرۆزبایی لە حکومەت دەکەین ،پرۆژەی ڕووناکی سەرکەوتوو بوو لەوەی خەڵک ناچار بکات بگەرێتەوە سەردەمی دار و خەڵوز”
حکومەتێک لە بری ئەوەی ژیانی خەڵک ئاسان بکات بۆتە گەورەترین بار گرانی بەسەر شانی هاوڵاتیان ،کاتێک حکومەتێک ناتوانێت کارەبایەکی سادە دابین بکات بەبێ بردنی نیوەی موچەی فەرمانبەران و کاسبکاران ئەو “حکومەتە شکستی هێناوە” حکومەتێک تەنیا بیر لە پرکردنی خەزێنەی خۆی بکات لەسەر حیسابی خەڵک شایەنی ئەوە نیە بەردەوام بێت چیتر بێ دەنگی دادمان نادات حکومەتێک خزمەتی خەڵک نەکات دەبێت بڕوخێت ئێمە بازرگانێکمان نەوێت “بە ناوی حکومەتەوە خوێنی خەڵک بمژێت” حکومەتێک بۆتە دوژمنی گیرفان وگوزەران باشی میلەت تاکە چارەسەر ڕووخانی ئەم سیستەمە ستەمکارەیە
“نا بۆ حکومەتی گیرفان بڕ ، بەڵێ بۆ ڕووخان”

👤
Live: 78 Today: 488 📊 Click Here