یانەی هەولێر هەواڵێکی خۆش رادەگەینێت

دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر رایگەیاند ، بەڵێن بە هاندەرانی خۆشەویستی یانەکەمان دەدەین دوای ١٤ ساڵ، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەم وەرزە دەستکەوتێکی مێژوویی دووبارە دەکەینەوە.

ئەمەش دەقی راگەیندراوەکەیە

هەنگاوی گەورە بۆ بەرژەوەندی یانەکە بەڕێوەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ـی نیسانی ٢٠٢٦ کۆبوونەوەی فەرمی دەستەی کارگێری ئەنجامدرا.

لەکۆبوونەوەکە کۆمەڵێک پرسی گرنک و چارەنوساز لەپێناو بەرژەوەندی یانەکە بەگشتی و تیپی تۆپی پێی یانەکەمان بەشدار لەخولی ئەستێرەکانی عێڕاق تاوتوێ کران.

دەستەی کارگێری یانەکەمان بەڵێنیان دووپاتکردەوە بۆ تێکۆشان و هەوڵ و ماندووبوونی جدی لەپێناو بەرژەوەندی یانەکە بەهەموو شێوەیەک.

مووژدە و بەڵێن بە هاندەرانی خۆشەویستی یانەکەمان دەدەین دوای ١٤ ساڵ، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەم وەرزە دەستکەوتێکی مێژوویی دووبارە دەکەینەوە،

لەکۆبوونەوەکە کۆمەڵێک بڕیاری فەرمی درا، پاڵپشتی دارایی و مۆڕالی ستافی راهێنەران و یاریزانانی تیپی خولی ئەستێرەکان و دابینکردنی شایستەداراییەکانیان بەزووترین کات.

رۆژی شەممە لەیاری بەرانبەر کەرخ لەخولی ئەستێرەکانی عێڕاق بلیتی ئاسایی هاتنە ژووورەوەی هاندەران لە 3000 کرایە 1000دینار و بلیتی VIP لە 15 هەزار کرایە 10 هەزار دینار.

تێبینی:

دوای یارییەکە دەستەی کارگێری مۆبایلێکی زیرەک بەشێوازی تیرووپشک دەکاتە دیاری بۆ هاندەرانی ئامادەبوو، بۆیە پارێزگاری بە بلیتەکانتان بکەن چونکە لەتیرووپشکەکە پشت بەو ژمارەیە دەبەسترێت کە لەسەر بلیتەکەتە .

مارتینێز دەبێتە ئامانجی بەرشەلۆنە

ئیدارەی یانەی بەرشەلۆنە بە سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو هێڵی پێشەوەی یانەکەیان بە ئەستێرەیەکی ئەرجەنتینی بەهێز بکەن. سەرەتا ئامانجی سەرەکی یانە کەتەلۆنییەکە گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز بوو، بەڵام بەپێی دوایین پێشهاتەکان کە رۆژنامەی تی وای سی بڵاویکردووەتەوە،

لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەری یانەی ئینتەر میلانیش خراوەتە سەر لیستەکە. پلانی بەرشەلۆنە ئەوەیە ئەگەر نەتوانن گرێبەست لەگەڵ ئەلڤارێز ئیمزا بکەن، ئەوا راستەوخۆ دەست بە گفتوگۆ بۆ گواستنەوەی لاوتارۆ مارتینێز دەکەن.

سەرەڕای ئارەزووی بەرشەلۆنە، بەڵام گواستنەوەی لاوتارۆ بە ئاسانی بەدی نایەت، چونکە ناوبراو کاپتنی ئینتەر میلانە و گرێبەستەکەی تا هاوینی ٢٠٢٩ درێژەی هەیە و یانە ئیتاڵییەکەش هیچ نیازێکی بۆ فرۆشتنی ئەستێرەکە نییە.

لاوتارۆ لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و بە تۆمارکردنی ١٦ گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولی ئیتاڵیادایە و یانەکەشی هەنگاو بەرەو بردنەوەی نازناوی خولەکە دەنێت. لاوتارۆ کە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە پەیوەندی بە ئینتەرەوە کردووە، تا ئێستا توانیویەتی دوو نازناوی خولی ئیتاڵیا و دوو نازناوی جامی ئیتاڵیا و دوو نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیا لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستبهێنێت.

دوای کشانەوەی مالیکی و ڕاسپاردنی عەلی زەیدی؛ بەهای دینار بەرزبووەوە

دوای کشانەوەی نووری مالیکی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕاسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و پێشبینی دابەزینی زیاتریش دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گۆڕانکاریی لە کاندیدی سەرۆکوەزیران، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی دراوی عێراق و هەرێمی کوردستان لە 154 هەزار و 500 دینارەوە بۆ 153 هەزار و 500 دینار دابەزی.

ئەم پێشهاتە سیاسییە نوێیە کە وەک ئاماژەیەک بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان دەبینرێت، کاریگەری ئەرێنی خستووەتە سەر بازاڕ. چاودێرانی ئابووری و سیاسی پێشبینی دەکەن ئەگەر بێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر ڕاسپاردنی عەلی زەیدی نەبێت و دۆخەکە بەرەو سەقامگیری بڕوات، بەهای دینار زیاتر بەرزببێتەوە.

بەپێی پێشبینییەکان، ئەگەر پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت بە ئارامی بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەهای 100 دۆلار بۆ نزیکەی 150 هەزار دینار دابەزێت.

تاوەکو ئێستا کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت هەڵوێستی واشنتن لەسەر ئەم ڕاسپاردنە، بە تەواوی ڕوون نییە، کە ئەمەش فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئاراستەی داهاتووی بازاڕی دراو لە عێراقدا.

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بەهۆی گرانبوونی سووتەمەنییەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی چەند یاسایەک دەکەن

ڕۆژنامەی “فاینانشاڵ تایمز” لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئەوروپا بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنن دژی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا، بە مەبەستی لابردنی کۆمەڵێک ڕێسای ڕێکخراوەیی کە بە “کۆسپ” لەبەردەم گەشەی کارەکانیان وەسفی دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی کە کۆمپانیاکان دژایەتی دەکەن، پلانی ڕێگەدان بە گەشتیارانە بۆ هەڵگرتنی دوو جانتای دەستی بەبێ بەرامبەر لە هەر گەشتێکدا، هەرچەندە هەندێک کۆمپانیا ئەمە جێبەجێ دەکەن، بەڵام کۆمپانیا “هەرزاننشینەکان پێیان وایە ئەم بڕیارە ناچاریان دەکات نرخی بلیت گران بکەن، چونکە پرۆسەی سەرکەوتن و دابەزینی گەشتیاران خاو دەکاتەوە و کار دەکاتە سەر مۆدێلی کارکردنیان.

جگە لەوەش، کۆمپانیاکان داوا دەکەن یاساکانی دابینکردنی سووتەمەنی هەموار بکرێنەوە؛ بەتایبەت ئەو یاسایانەی کە ڕێگرییان لێ دەکات لە فڕۆکەخانە هەرزانەکاندا بڕێکی زۆرتر سووتەمەنی پڕ بکەن بۆ ئەوەی لە گەشتەکانیاندا پێویستیان بە کڕینی سووتەمەنی گرانبەها نەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو کۆمپانیانە هۆشداری دەدەن کە بەرزبوونەوەی دوو هێندەی نرخی سووتەمەنی لە هەفتەکانی ڕابردوودا، کۆمپانیاکانی ئەوروپا و بەریتانیای خستووەتە دۆخێکی ڕکابەریی لاوازەوە لە بەرامبەر کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا.

ئەم تەنگژە داراییە لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی دەرکەوتووە؛ کۆمپانیای “ئیزى جێت” هۆشداری داوە لە زیانی گەورە لە وەرزی بەهاردا، و کۆمپانیای “لوفتهانزا”ش بەهۆی تێچووی زۆری سووتەمەنی نزیکەی 20 هەزار گەشتی هەڵوەشاندووەتەوە. هەروەها کۆمپانیای “ڤێرجن ئەتلانتیک” ئاماژەی بەوە کردووە کە بەدەستهێنانی قازانج لەمساڵدا کارێکی زۆر سەخت دەبێت.

ئیمارات لە ئۆپێک کشایەوە

دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕۆژی سێشەممە بڕیاری خۆی بۆ چوونە دەرەوە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت “ئۆپێک” و “ئۆپێک پڵەس” ڕاگەیاند، کە بڕیارەکە لە یەکی ئایاری ٢٠٢٦ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیمارات “وام”.

ئەم بڕیارە لەگەڵ دیدگای ستراتیژی و ئابووری درێژخایەنی دەوڵەتی ئیمارات و گەشەسەندنی کەرتی وزەدا دەگونجێت، لەوانەش خێراکردنی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وزەدا؛ هەروەها پابەندیی ئەو وڵاتە وەک بەرهەمهێنەرێکی بەرپرسیار و جێی متمانە دوپات دەکاتەوە کە لە داهاتووی بازاڕەکانی وزەی جیهان دەڕوانێت.

ئەم بڕیارە دوای پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ سیاسەتی بەرهەمهێنانی ئیمارات و توانای ئێستا و داهاتووی هات، هەروەها لەبەر ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی نیشتمانی و پابەندبوونی دەوڵەت بە بەشداریکردنی کاریگەر لە دابینکردنی پێداویستییە هەنووکەییەکانی بازاڕ؛ لە کاتێکدا ناسەقامگیرییە جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر ئاستی کورتخایەن بەهۆی ئاڵۆزییەکانی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمزەوە بەردەوامن کە کار دەکەنە سەر داینامیکی خستنەڕوو، چونکە ئاڕاستە بنەڕەتییەکان ئاماژە بە بەردەوامیی گەشەی خواست لەسەر وزە لەسەر ئاستی ناوەند و درێژخایەن دەکەن.

سەقامگیری سیستەمی وزەی جیهانی بەندە بە بوونی دابینکردنێکی نەرم، جێی متمانە و بە نرخێکی گونجاو؛ ئیماراتیش وەبەرهێنانی کردووە بۆ وەڵامدانەوەی گۆڕانکارییەکانی خواست بە شێوەیەکی کارا و بەرپرسیارانە، لەگەڵ پێدانی ئەولەویەت بە سەقامگیری دابینکردن، تێچوو، و بەردەوامیی (Sustainability).

ئەم بڕیارە دوای چەندین دەیەی هاوکاری بونیاتنەرانە دێت، کە تێیدا ئیمارات لە ساڵی ١٩٦٧ لە ڕێگەی میرنشینی ئەبوزەبییەوە پەیوەندی بە “ئۆپێک” کرد و دوای دامەزرانی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتوو لە ساڵی ١٩٧١دا لە ئەندامێتی بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا، دەوڵەت ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری بازاڕی نەوتی جیهانی و برەودان بە گفتوگۆی نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەر.

ئەم بڕیارە جەخت لە پەرەسەندنی سیاسەتەکانی کەرتەکە دەکاتەوە بە شێوەیەک کە نەرمی لە وەڵامدانەوەی داینامیکی بازاڕدا بەهێز بکات، لەگەڵ بەردەوامبوون لە بەشداریکردن لە سەقامگیرییەکەیدا بە شێوازێکی لێکۆڵدراوە و بەرپرسیارانە.

نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد

بەهۆی بەردەوامی گرژییەکانی گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریاییەکان، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جارێکی تر ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ریکۆردی نوێی تۆمار کرد.

​ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 111.05 دۆلار، کە بەراورد بە نرخەکەی دوێنێ کە 110.05 دۆلار بوو، بە بڕی یەک دۆلار بەرزبووەتەوە و ئاستێکی نوێی تۆمار کردووە.

​هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە هەمان شێوە گۆڕانکاری بەسەردا هات و نرخەکەی گەیشتە 99.64 دۆلار. ئەم نرخە بەراورد بە دوێنێ کە 98.23 دۆلار بوو، بە بڕی یەک دۆلار و 41 سەنت زیادی کردووە، ئەمەش نیشانەی بەردەوامی ئەو شەپۆلە بەرزبوونەوەیەیە کە لە بازاڕەکاندا هەستی پێدەکرێت.

​هەروەها کاریگەرییە سیاسی و ئابوورییەکان، بەردەوامی داخرانی تەنگەی هورمز وەک کارتێکی گوشار لە نێوان ئەمریکا و ئێران هێشتا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخەکان هەیە.

​پەککەوتنی گواستنەوەی ئەو 20 ملیۆن بەرمیلەی کە پێشتر ڕۆژانە بەو گەرووەدا تێدەپەڕین، وایکردووە نرخەکان لە ئاستێکی بەرزدا بمێننەوە، لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی ڕێککەوتنێکی نوێ دەکات بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان.

نرخی زیو لە بازاڕە جیهانییەکاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە کردەوە

بەهۆی بەردەوامی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و بەرزونزمیی بەهای دۆلار، نرخی زیو لە بازاڕە جیهانییەکاندا جووڵەیەکی نوێی بەخۆیەوە بینی و نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات.

​ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی یەک کیلۆگرام زیو گەیشتە 2,375.3 دۆلار، کە بەراورد بە نرخەکەی دوێنێ کە 2,348.23 دۆلار بوو، بە بڕی 27 دۆلار و 7 سەنت ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە. ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی جێگیرنەبوونی نرخەکانە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بازاڕەکەی گرتبووەوە.

​هاوکات نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتە 73.88 دۆلار، کە بەراورد بە دوێنێ (73.04 دۆلار) بە بڕی 84 سەنت زیادی کردووە. هەروەها نرخی یەک گرام زیویش لە 2.35 دۆلارەوە بۆ 2.38 دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەم جووڵە نوێیەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران بە وردی چاودێری گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و بەهای دۆلار دەکەن.

​شارەزایان پێیان وایە کە گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار و کاریگەرییەکانی گەمارۆی دەریایی لە ناوچەکە، لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکانی گەرووی هورمز، هێشتا فشار لەسەر کانزا گرانبەهاکان دروست دەکەن. بازاڕ هێشتا لەژێر کاریگەری ئاڵۆزییە سیاسییەکان و جووڵەی بازاڕی وزەدایە.

ئیمارات لە ئۆپیک دەچێتە دەرەوە

دوێنێ سێشەممە ده‌وڵه‌تی ئیمارات ڕایگەیاند کە لە ڕێکخراوی ئۆپیک (OPEC) دەکشێتەوە، له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش گورزێکی گەورە به‌ کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی نەوت ده‌كه‌وێت لە کاتێکدا قەیرانێکی بێوێنەی وزە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبووە و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداوی دەرخستووە.

چوونە دەرەوەی ئیمارات – کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گرووپەکە – کۆنترۆڵی ئۆپیک بەسەر دابینکردنی نەوتی جیهان لاواز دەکات و درزی نێوان ئیمارات و هاوسێکەی، عەرەبستانی سعوودی، فراوانتر دەکات کە سەرکردەی کردەیی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتە.

ئەم هەنگاوەی ئیمارات دەکرێت دەستی ئیمارات بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان واڵا بکات کاتێک هەناردەکردن لە ڕێگەی کەنداوەوە دەستپێدەکاتەوە.

لە یەکەم لێدوانی گشتیدا دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، سوهەیل محەمەد مەزرووعی، وەزیری وزەی ئیمارات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە بڕیارەکە دوای لێکۆڵینەوە لە ستراتیژەکانی وزەی وڵاتەکە دراوە.

ناوبراو وتیشی کە ئیمارات ئەم بابەتەی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دیکەدا تاوتوێ نەکردووە.

مەزرووعی وتی: “ئەمە بڕیارێکی سیاسییە، دوای وردبوونەوەی ورد لە سیاسەتەکانی ئێستا و داهاتووی پەیوەست بە ئاستی بەرهەمهێنان دراوە.”

میسر کار بۆ هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق دەکات

بەرپرسێکی میسر ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی کار دەکات بۆ هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق.

بەرپرسێکی میسری لە لێدوانێکدا کە (سۆمەرییە نیوز) بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: “تەندەرێکی نێودەوڵەتی خراوەتە ڕوو بۆ جێبەجێکردنی هێڵێکی گواستنەوەی کارەبا بە مەبەستی بەستنەوەی وزەی با لە کەنداوی سوێس بە تۆڕی نیشتمانیی وزەوە. درێژیی هێڵەکە ٣٩٠ کیلۆمەتر دەبێت و تواناکەی ٥٠٠ کیلۆڤۆڵتە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەبەرهێنانی پێشبینیکراو بۆ پڕۆژەکە دەگاتە ٢٣٠ ملیۆن دۆلار، ماوەی جێبەجێکردنەکەشی یەک ساڵ دەخایەنێت.

ڕوونیشیکردەوە کە ئەم هێڵە گەورەترین هێڵ دەبێت لە وڵاتەکەدا، ئامانج لێی بەستنەوەی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوەیە کە ئێستا لە ناوچەی کەنداوی سوێس لەلایەن کۆمپانیاکانی (سكاتك)ی نەرویجی و (ئۆراسكوم كۆنستراكشن) پەرەیان پێ دەدرێت بە تۆڕی نیشتمانییەوە. بڕیارە تا ناوەڕاستی ٢٠٢٧ تەواو بکرێت بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی تۆڕی گواستنەوەی کارەبا و لەخۆگرتنی ئەو توانایە زۆرەی لە وزەی پاک بەرهەم دێت.

نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە دابەزین کرد

​ئەمڕۆ پێنجشەممە، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان بە دۆخێکی جیاواز لە دوێنێ دەستیان بە کارکردن کردەوە و نرخی زیو بەراورد بە ڕۆژی ڕابردوو ڕووی لە دابەزین کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە بەهای دۆلار و جووڵەی بازاڕەکاندا هەستی پێدەکرێت.

​بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ، نرخی یەک کیلۆگرام زیو گەیشتە 2,344.69 دۆلار . ئەم نرخە بەراورد بە ڕۆژی چوارشەممە کە 2,375.30 دۆلار بوو، بە بڕی 30.61 دۆلار دابەزیوە.

​لە بەرامبەردا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتە 72.93 دۆلار ، کە بەراورد بە دوێنێ (73.88 دۆلار) بە بڕی 95 سەنت دابەزینی بەخۆوە بینیوە. هەروەها نرخی یەک گرام زیویش بە هەمان ئاراستەدا ڕۆیشت و لە 2.38 دۆلارەوە بۆ 2.34 دۆلار کەمبووەتەوە.

👤
Live: 19 Today: 60 📊 Click Here