کاتێک نوخبە پۆست دەژمێرن و گەل دەخنکێنن
خوێندراوەتەوە: (7.7K)

ڕۆشبین تاهیر

لە ژووری داخراودا چەند دەسەڵاتداری بێمتمانە وەک بازرگانانی بازاڕی کۆن، پۆست و وەزارەت و نفووز وەک کاڵا دەژمێرن. لەو کاتەدا کە متمانەى گەل دەبێت بڕیاری سەرەتا ، ئەوانیش وەک ئەکتەرانی شانۆیەکی فرۆشراو، لەسەر ئەوە دەکەونە ململانێی خاوەنماڵی کێ دەبێت، نەک چۆن دەبێت وڵات بۆ خەڵک بکرێتەوە.

(وەک چۆن جۆرج ئۆروێل دەڵێت: “هەموو ئاژەڵان یەکسانن، بەڵام هەندێکیان لەوانەی تریان یەکسانترن.”) بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە هەمان یاسا بۆ خەڵک دەکەن و هەمان یاسا بۆ خۆیان دەشکێنن؛ لەبەر ئەوەی بۆیان حکومەت هیچکات ئامانج نییە، بەڵکو کۆمپانیا سێبەرەکانی حیزب وەک کارگەی دابەشکردنی ئیمتیاز بەکار دەهێنن. ئەمە مافیا و فەنتەڵۆسەکانی دەسەڵاتن، نە نوخبەی سیاسین؛ ئەوەی دەیانکات، خزمەتکردنی گەل نییە، بەڵکو زەوتکردنی دەنگی گەلە بۆ بەهای کرسی و وەزارەت. کاتێک متمانەىگشتی دەگوترێت “حکومەت بۆ خەڵکە”، ئەوان وەڵامیان “چەند پۆست لە بۆشتە؟” ـە. ئەم پرۆسەیە دەرەبەگایەتییەکی نوێیە کە تێیدا دەمێنەوەی کۆن بە ناوی دیموکراسی دەفرۆشرێت.

خەڵکیش بۆ ئەم لێکدانەوەیەی تاوانباربوون تەنها بینەر نییە؛ نەخۆش دەچێتە نەخۆشخانە و دەرمانی نییە، مامۆستا مووچەی نییە، گەنج چاوەڕێی دەرگای کۆچ دەکات، ڕۆژنامەنووس بێدەنگ دەکرێت، و دادگا بە شێوەیەک دەجوڵێت کە گەر لایەنێک پێی نەخۆش بێت، یاسا دەبێتە بۆشایی. لێرەدا کێشەکە تەنها گەندەڵی نییە؛ کێشەکە ئەوەیە کە دەسەڵات بۆ ماوەیەکی درێژ هیوای خەڵکی کردووەتە قەرزێکی سیاسی، و لە هەمان کاتدا، بڕیارەکان لە پشت دەرگا بەسەر متمانەىگشتی دەخاتە ژێر پێ. بە واتایەکی ڕوون: ئەوان پێویستیی کۆمەڵگەیان بۆ شێوازی حکومەت دەخەنە ژێر پێشەکیی دانوستانی خۆیان، و ئەمەیە خراپترین جۆری بەکارهێنانی هێز.

زۆرینەی بێدەنگەی شار و گوند و گەڕەک، ئەی مامۆستا، کارمەند، نەخۆش، گەنج، و ڕۆژنامەنووس؛ بێدەنگی ئێوە درێژ دەکاتەوەی ئەم ئازارە. ئەم پڵنگە کاغەزییانە لە دەنگی یەکگرتووتان دەترسن، نە لە ته‌قەی تەنکەکانیان؛ چونکە دەزانن هەرکاتێک گەل قسە بکات، پڕۆژەی تاڵان و دابەشکردنی کرسییان دەکەوێتە ناو مێژووی شەرمەزارییەوە. ئەگەر هێز بێ مانداتە بمێنێتەوە، یاسا دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی مافیا؛ بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە بڵێن: بسە! و ئەم دەسەڵاتە بۆ یەکجاری لە مێژوودا بخەنە دەرەوەی ژیانی خەڵک!