گەندەڵی هەرگیز یەک کاراکتەری نییە
خوێندراوەتەوە: (1.5K)

ڕێبەر عومەر

ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە عێراق دەبیسترێت، تەنیا ژمارە نین، بەڵکو گەمژەکردنی عەقڵی گشتییە. دەستگیرکردنی مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق بە تۆمەتی دزینی پتر لە ١١٥ ملیار دینار، و دواتریش ئاشکرابوونی دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی، جێگری پێشووی وەزیری نەوت—کە تێیدا دەست بەسەر ١٠ ملیۆن دۆلار، ٣١ ملیار دینار، ٧٠ خانوو و شوقە، ٢١ سەیارەی لوکس و ٣ کیلۆ زێڕدا گیراوە—شەقامی تووشی شۆک کردووە. میدیاکانی دەسەڵات وا پیشانی دەدەن کە پاڵەوانێکی نیشتمانی هاتووە و چەند دزێکی گرتووە، بەڵام حەقیقەتەکە لێرەوە دەست پێدەکات.

دزینی سەدان ملیار دینار و کڕینی ٧٠ خانوو و شوقە، بە دزییەوە و لەناو جانتایەکدا ناکرێت. ئەم قەبارە هێمنە لە تاوان، پێویستی بە دامەزراوە هەیە. بۆ ئەوەی پارەیەکی وا بجوڵێت، دەبێت زنجیرەیەک لە سیستمی ژمێریاری، لێژنەی کڕین، حەواڵەی بانکی، تێپەڕبوون لە تاقیگە و فلتەرەکانی پشکنین، و دەیان پلەی کارگێڕی چاویان نوقاندبێت یان شەشپشک مۆری فەرمییان لێدابێت. ناکرێت لایەنە پەیوەندیدارەکان پێمان بڵێن بریکارێکی وەزارەت یان بەڕێوەبەرێکی گشتی بە تەنیا و بەبێ ئاگاداریی وەزیر، سەرۆک حیزب، و دەزگا چاودێرییەکان بووەتە خاوەنی گەڕەکێک لە خانوو و کۆگایەک لە زێڕ.

تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی لێکۆڵینەوەکان لێرەدایە: ئایا ئەم دەستگیرکردنانە تەنیا بۆ بەتاڵکردنەوەی تووڕەیی خەڵکە و پاشان هێورکردنەوەی دۆخەکەیە، یان دەیانەوێت دەست ببەن بۆ ناو جەرگەی ئەو سیستمە کارگێڕی و حیزباتییەی کە ڕێگەی بە دروستبوونی ئەم مافیایانە داوە؟ ئەگەر لێکۆڵینەوە تەنیا لەسەر کەسەکان بێت و چاوپۆشی لەو دەزگایانە بکرێت کە زەمینەکەیان خۆش کردووە، ئەوا دڵنیابن سیستمی پشکپشکێنە دوای چەند مانگێکی تر، دەموچاوێکی نوێ لەسەر هەمان کورسی دادەنێت بۆ ئەوەی درێژە بە هەمان تەڵەکەبازی بدات. گەندەڵی لە عێراقدا ڕێکخراوە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەکەشی دەبێت سیستماتیک بێت، نەک تەنیا نیشاندانی چەند سەرپێچییەکی شەخسی لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە.