باجی لاوازیی ئازادیی ڕاگەیاندن، لاوازیی لێپرسینەوەیە
فەرمان یاسین
لە هەر کۆمەڵگایەکی تەندروستدا، ڕۆژنامەنووسان وەک پردێکی پەیوەندیی زیندوو لە نێوان هاوڵاتیان و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کار دەکەن. ئەوان چاوی شەقامن بەسەر بڕیارە سیاسییەکان، گرێبەستە داراییەکان و هەنگاوەکانی حکومەتەوە. کاتێک ئازادیی ڕاگەیاندن پاشەکشێ دەکات و سنووردار دەکرێت، تەنیا زیان بە پێگەی پیشەیی ڕۆژنامەنووسان ناگات، بەڵکو ئەم پردە گرنگە تێکدەشکێت. لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەم دۆخەش بریتییە لە داڕمانی توانای کۆمەڵگا بۆ ناسینەوەی کێشەکان و لێپرسینەوە لەسەریان.
کاتێک ژینگەی کاری ڕۆژنامەنووسی لێوانلێو دەکرێت لە ترس، گوشاری یاسایی و بەربەستی کارگێڕی، کۆمەڵگا توانای دۆزینەوەی سەرچاوەی قەیرانەکانی لەدەست دەدات. لەم دۆخەدا، کێشە گەورەکانی وەک گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتی یان خراپیی خزمەتگوزارییەکان، لە کایەی گشتییەوە دەگوازرێنەوە بۆ ژوورە داخراوەکان. هاوڵاتیان لە ڕاستییەکان بێبەش دەبن و لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای زانیاریی ورد گفتوگۆ بکەن، فەزای گشتی بە پڕوپاگەندەی حیزبی، دەنگۆ و گومانی بەردەوام تژیم دەبێت. ئەمەش وا دەکات کۆمەڵگا نەتوانێت بە شێوازێکی زانستی و دروست دەستنیشانی کەمکوڕییەکان بکات.
کاتێک چاوی میدیا کوێر دەکرێت، لێپرسینەوە دەبێتە چەمکێکی مەحاڵ؛ چونکە ناتوانیت لێپرسینەوە لەسەر کێشەیەک بکەیت کە ڕێگەت پێ نەدراوە بزانیت بوونی هەیە.
ئەم پاشەکشێیەی ئازادیی میدیا، سێ زیانی ستراتیژی بە پرۆسەی لێپرسینەوە دەگەیەنێت:
- پارێزبەندی بۆ گەندەڵکاران: نەبوونی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیی و ئازاد، کەشێکی ئارام بۆ بەرپرسە کەمتهەمخەمەکان یان گەندەڵەکان دەڕەخسێنێت تا بێ ترسی ئاشکرابوون بەردەوام بن لە سەرپێچییەکانیان.
- سەپاندنی یەک دەنگی: کاتێک میدیای سەربەخۆ بێدەنگ دەکرێت، تەنیا گێڕانەوەی فەرمیی حکومەت یان میدیا سێبەرەکان دەمێنێتەوە، ئەمەش واتا کوشتنی فرەیی و قۆرخکردنی ڕاستییەکان.
- بێهێزبوونی شەقام: هاوڵاتی کاتێک زانیاریی دروستی لەبەردەست نەبێت، توانای فشارکردن یان پێشکەشکردنی داواکاریی حەقیقی بۆ چاکسازی لەدەست دەدات.
سنووردارکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت، گەورەترین دیارییە کە پێشکەش بە سیستمی گەندەڵ و سست دەکرێت. پاراستنی ڕۆژنامەنووسان خێر یان پۆزێکی دیمۆکراسی نییە کە دەسەڵات شانازیی پێوە بکات، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە بۆ هێشتنەوەی کۆمەڵگا بە زیندویی. ئەگەر ئامانج بنیاتنانی دەوڵەتێکی کارا و متمانەپێکراوە، دەبێت پێش هه موو شتێک ڕێگا بدرێت پردی گەیاندنی ڕاستییەکان بە ساغڵەمی بمێنێتەوە، چونکە بێ ئازادیی میدیا، هیچ جۆرە چاکسازی و لێپرسینەوەیەک بوونی نابیێت.
