قەیرانی ڕاستەقینە پارە نییە، بەڵکو نەبوونی لێپرسینەوەیە!
خوێندراوەتەوە: (8.8K)

محمد عەلى عەزیز

لەنێو تەواوی ئەو لێدوان و گوتارە فەرمییانەی کە لە کاتی سەرهەڵدانی هەر تەنگژەیەکی ئابوریدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەشی خەڵک دەکرێن، هەمیشە هۆکاری سەرەکی بۆ «کەمیی بودجە»، «پاشەکشەی داهاتەکان» یان «بارودۆخی نەخوازراوی دارایی» دەگەڕێنرێتەوە. بەڵام کاتێک بە ووردی تەماشای سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ئەم نیشتمانە دەکەین، لە کێڵگە نەوتی و گازییە زەبەلاحەکانەوە تا دەگاتە داهاتی گومرگ و باج و سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی تری ناوخۆ، دەبینین کە کێشەی سەرەکی و بنەڕەتی هەرگیز کەمبوونی سامان نەبووە. زۆربەی ناڕەزایەتی و بێزارییەکانی شەقام لە کەمبوونی پارەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو لەو دڵەڕاوکێ و نیگەرانییە قووڵەوە دێن کە پەیوەندی بە شێوازی بەڕێوەبردن، دابەشکردنی نادادپەروەرانە و نەبوونی چاودێری و لێپرسینەوەی ڕاستەقینەوە هەیە لەسەر ئەو سەروەتە گشتییەی کە دیار نییە چۆن و لە کوێدا خەرج دەکرێت.

هاوڵاتیی ئاسایی کاتێک دەبینێت وڵاتەکەی لەسەر ئاستی جیهان خاوەنی پێگەیەکی گرنگی وزەیە، بەڵام خۆی دەبێت بۆ وەرگرتنی سەرەتاییترین ماف کە مووچەکەیەتی مانگانە چاوەڕێی پاساوی کارگێڕی بکات، دەگاتە ئەو بڕوایەی کە قەیرانەکە لە خەزێنەدا نییە، بەڵکو لەو عەقڵییەتەدایە کە دامەزراوەکانی لە ئەرکی سەرەکییان کە خزمەتکردنی گشتییە دوورخستووەتەوە. کاتێک سیستمی دادوەری و چاودێریی دارایی لاواز دەکرێن و کەس لەسەر بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانی لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکرێت، بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵات هێندە قووڵ دەبێتەوە کە هیچ بەڵێنێکی چاکسازی ناتوانێت پڕی بکاتەوە. کێشەکە لێرەدایە کە کاتێک لێپرسینەوە غایب دەبێت، تەنانەت ئەگەر داهاتەکان چەند بەرامبەریش ببن، هێشتا ڕەنگدانەوەیان لەسەر باشبوونی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی وڵات نابێت. هێشتنەوەی کۆمەڵگا لەژێر تەمومژی بێمتمانەییدا، مەترسیدارترین جۆری حوکمڕانییە. نەتەوەکان دەتوانن لە قۆناغە سەختەکاندا بەرامبەر بە کەمیی سەرچاوە و داهاتی دارایی هاوسۆز و ئارام بن، ئەگەر بزانن کە دادپەروەری هەیە و هەمووان پێکەوە باجەکەی دەدەن؛ بەڵام ئەوەی کە شیرازەی کۆمەڵگا و شەرعییەتی دەسەڵات لەناو دەبات، هەستی غەدر و نادادپەروەرییە. کۆتایی ئەم هاوکێشە تاقەتپڕووکێنەرە حەقیقەتێکی مێژوویی و سیاسیمان پێدەڵێت: نیشتمانێک دەتوانێت لەبەردەم کەمیی سەرچاوە داراییەکاندا خۆی ڕابگرێت و بەردەوام بێت، بەڵام هیچ کات ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەبەرامبەر بێمتمانەیی و گومانی بێ سنووری هاوڵاتیانیدا سەقامگیر بمێنێتەوە.