وڵاتی نەوت و قەیرانی مووچە مەتەڵێکی ئابووری!
خوێندراوەتەوە: (1)

ڕێبارز محمد مەحموود

هەرێمی کوردستان، کە لەسەر زەریایەک لە نەوت و گازی سروشتی دانیشتووە و ڕۆژانە سامانێکی بێشومار لە ڕێگەی بۆڕییەکان و بارهەڵگرەکانەوە ڕەوانەی دەرەوە دەکات، هێشتا نەیتوانیوە سادەترین مافی هاوڵاتییەکانی مسۆگەر بکات کە دابینکردنی مووچەی مانگانەیە! ئەم دژیەکییە سەیرە مەتەڵێکی ئابووری نییە تا شارەزایانی جیهانی بانگهێشت بکەین بۆ شیکارکردنی، بەڵکو دانپێدانانێکی ئاشکرایە بە شکستێکی سیاسیی گەورەدا کە تێیدا دەسەڵاتداران ناتوانن (یان نایانەوێت) سامانە نیشتمانییەکان بۆ خزمەتی گشتی بەکاربهێنن. بۆ چەندین ساڵە، حکومەت کارگەیەکی دروستکردنی پاساوی داناوە و بەردەوام نەبوونی مووچە دەخاتە ئەستۆی هۆکارە دەرەکییەکانی وەکو “بڕینی بەشە بودجە لەلایەن بەغداوە”، “دابەزینی نرخی نەوت”، یان “پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان”. بەڵام خەڵک زۆر لەوە هۆشیارترە کە تا هەتایە بڕوا بەم قەوانە سواوە بکات؛ کاتێک هاوڵاتییەک دەبینێت کە نەوتی وڵاتەکەی دەفرۆشرێت بەڵام پارەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، زۆر باش تێدەگات کە کێشەکە لە دەرەوە نییە، بەڵکو لە ناوەوەیە و لەو دەستە ڕەشانەدایە کە داهاتەکە لە نیوەی ڕێگادا ئاراستەکەی بەرەو حیسابە بانکییە تایبەتەکانیان دەگۆڕن.

چیتر هاوڵاتییان بەو لێدوانە سۆزدارانەی مەکتبە سیاسییەکان خەڵەتێنرێن کە تەنیا بۆ کاتکوشتن دەدرێن، بەڵکو ئێستا شەقام وەڵامی دەوێت بۆ پرسیارە جەوهەرییەکانی وەکو: چۆن مامەڵە بەو سامانە زەبەلاحەوە دەکرێت؟ پلانە ستراتیژییەکانی حکومەت بۆ کاتی قەیرانەکان چی بوون جگە لە برسیترکردنی خەڵک؟ و لە هەمووشی گرنگتر، کێ لێپرسینەوە لەم تاڵانکارییە سیستماتیکە دەکات؟ کاتێک دەسەڵاتدارێک باس لە “ئابوورییەکی سەربەخۆ” دەکات بەڵام ناتوانێت یەک مانگ بەبێ پارەی بەغدا وڵات بەڕێوە ببات، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەو ئابوورییە تەنیا بۆ سەربەخۆکردنی گیرفانی چەند کۆمپانیایەکی حیزبی دروست بووە،

نەک بۆ سەربەخۆیی ژیانی فەرمانبەران. تا ئەو کاتەی سیستەمی حوکمڕانی وەک موڵکی تایبەتیی حیزبەکان بەڕێوەببرێت و شەفافییەت تەنیا دروشمێکی سەر تەلەفزیۆنەکان بێت، قەیرانی مووچە هەرگیز کۆتایی نایەت، چونکە ئەم قەیرانە قەدەر نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسییە بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتێکی شکستخواردوودا.