کۆشکەکانتان؛ دۆزەخی هاوڵاتیان
ريبوار ياسين فتاح
سەرۆکی حیزبەکان، سەرۆکی حکومەت، وەزیران، پەرلەمانتاران و هەموو ئەوانەی کە کلیلەکانی دەسەڵات لە دەستتانە؛
کەی لە پشت دیوارە بەرزەکانی کۆشک و تەلارەکانتان دێنە دەرەوە؟ کەی بە بێ کاروانی پاسەوان و ئۆتۆمبێلە ڕەشەکان، بە پیادە لە شەقام و کۆڵان و بازاڕ و گەڕەکە میللییەکاندا دەڕۆن؟ کەی لە نزیکەوە چاوتان بە ئەو خەڵکە دەکەوێت کە هەر لە کاتی هەڵبژاردندا ناویان دەهێنن و دوای ئەوە لە بیرتان دەچن؟
ئەگەر تەنها ڕۆژێک لەناو خەڵک بژین، دەبینن دەیان و سەدان و هەزاران خێزان لە ژێر باری ژیانێکی قورسدا خەم دەخۆن؛ بێ موچە، بە گیرفانی بەتاڵ، بێ توانای دابینکردنی سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیان. منداڵان بە چاوەڕوانی، دایک و باوکان بە نیگەرانی، و گەنجان بە بێئومێدی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەژین.
بازاڕەکان سارد و سڕن؛ نە تەنها لەبەر وەرز، بەڵکو لەبەر لاوازی ئابووری و بێهیوایی. کار و کاسبی لاواز بووە، و زۆرێک لە خەڵک لە نێوان قەرز و نەداری و چاوەڕوانییەکی درێژدا دەژین.
سێ دەیە زیاترە دەسەڵات لە دەستی هەمان هێزەکاندا ماوەتەوە، بەڵام پرسیارەکە هێشتا بەجێیە: بۆچی وڵاتێک بەو هەموو سامانە سروشتییە، زۆرێک لە خەڵکەکەی لە دۆخی قورس و ناخۆشدا دەژین؟
گەنجانی ئەم وڵاتە، لەبری ئەوەی لە خاکی خۆیان داهاتوویان دروست بکەن، بە دوای ڕێگایەک بۆ هەڵهاتن دەگەڕێن. شەپۆل شەپۆل ڕوو لە دەریاکان دەکەن؛ هەندێک دەگەن و هەندێکیش دەبنە قوربانی شەپۆلەکان. ئەوان تەنها وڵات جێناهێڵن، بەڵکو بێئومێدییەک جێدەهێڵن کە ساڵان دروست بووە.
لە دەوروبەرتان دەنگی زۆر هەیە، بەڵام ئەو دەنگانە هەمیشە دەنگی ڕاستی نییە. هەموو ڕۆژێک ستایش و دروشم دەبیستن، لە کاتێکدا شەقامەکان بە زمانی خۆیان باس لە ئازار و گرفتەکانی خەڵک دەکەن.
ڕۆژێک وتتان:
«کوردستان دەکەین بە دوبەی، هەلی کار بۆ خەڵک دابین دەکەین.»
بەڵام خەڵک ئەمڕۆ بە ئەنجامەکان دەڕوانێت، نە تەنها بە بەڵێنەکان.
نەوت و سامانە سروشتییەکان دەبوو ببنە هۆکاری گەشەپێدان و ئارامی، نە هۆکاری پرسیار و ناکۆکی و هەستی نادادپەروەری.
ئەم گەلە مێژوویەکی پڕ لە قوربانی و خۆڕاگری هەیە. شایستەی ژیانێکی بەڕێز و ئاسوودەیە، نە ژیانێک کە هەموو ڕۆژێک بارێکی نوێی قورس بخاتە سەر شانی.
دەسەڵات ئەگەر بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەبێت، مانای خۆی لەدەست دەدات. سامانی نیشتمان ئەگەر بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان نەبێت، بەڵگەیەک دەبێت لەسەر ئەوەی کە کێشەکە لە کەمبوونی سامان نییە، بەڵکو لە شێوازی بەڕێوەبردنە.
کۆتایی پرسیارێکی سادەیە:
کەی کۆشکەکان لە خەڵک نزیک دەبنەوە، و کەی خەڵک لە ژیانی خۆیاندا هەستی ئارامی و ماف و داد دەکەن؟
