باسکردنى داهاتى نەوتى بڤەیە
محمد سيامند ئيمام
لە شانۆگەرییەکی نوخبەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆمان نمایش دەکەن، یاسایەکی زۆر سادە و لە هەمان کاتدا مەترسیدار پەیڕەو دەکرێت: “شەڕکردن لەسەر جیاوازیی چەند سەد دینارێکی نرخی بەنزین کارێکی زۆر ئاسان و پەسەندە، بەڵام کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەسەر ملیارەها دۆلاری داهاتی نەوت هێڵی سوور و مەترسیدارە!”. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەوپەڕی دڵخۆشییەوە ڕێگە بە میدیاکانیان و خەڵک دەدەن کە ڕۆژانە پەلاماری یەکتری بدەن و لەسەر ئەوە شەڕ بکەن کە کامیان بەنزینی هەرزانتر دابین دەکات؛ چونکە ئەمە ئەو جۆرە ململانێیەیە کە دەسەڵات دەیەوێت خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکات. کاتێک شۆفێرێکی ماندوو هەموو تووڕەییەکەی لەسەر شاشەی ترومپای بەنزینێک خاڵی دەکاتەوە و لە فەیسبووکدا باسی گرانیی سوتەمەنی دەکات، دەسەڵاتداران لە پشتی پەردەوە پێدەکەنن، چونکە دەزانن ئەم هاوڵاتییە هەرگیز نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بپرسێت:
باشە ئەو سامانە زەبەلاحەی کە لە ژێر پێماندا دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت، بۆچی ناچێتە ناو خەزێنەی گشتییەوە؟ ئەم گۆڕینی ئاراستەی سەرنجە، گەورەترین و سەرکەوتووترین فێڵی حوکمڕانیی ئەم دوو حزبەیە. ئەوان دەیانەوێت خەڵک وەها باوەڕ بکات کە گەورەترین قەیرانی ئابووریی وڵات تەنیا بریتییە لە نرخی سوتەمەنی لە بەنزینخانەکانی گەڕەکدا، نەک ئەو ڕێککەوتنە نەوتییە تەمومژاوی و پەنهانانەی کە داهاتووی چەندین نەوەی ئەم نیشتمانەی خستووەتە ژێر باری قەرزێکی خەیاڵییەوە. بەڵێنی “ئابووریی سەربەخۆ” کە بڕیار بوو هەرێم بکاتە “دوبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”،
لە کۆتاییدا تەنیا بووە هۆی دروستبوونی چینێکی بچووکی ملیاردێری حزبی، لە کاتێکدا زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا ناچار کران وەک سواڵکەر لە چاوەڕوانیی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا تەمەنیان بەسەر ببەن. ئەمە ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە کە وڵاتێک خاوەنی دەریایەک نەوت بێت، کەچی هاوڵاتییەکەی بەو شێوەیە بچووک بکرێتەوە کە لەبری داواکردنی شەفافیەت و دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی نەتەوەییدا، ببێتە بەشێک لە شەڕە پەڕۆیەکی حزبی بۆ دابەزاندنی پەنجا دینار لە نرخی سوتەمەنیدا! تا ئەو کاتەی دەسەڵات بتوانێت ڕێگە لەو پرسیارە مەترسیدارانە بگرێت و خەڵک بە قەیرانە لاوەکییەکانەوە سەرقاڵ بکات، ئیفلیجیی سیستەمەکە و تاڵانکردنی سامانەکان بە بێدەنگی بەردەوام دەبێت، و هاوڵاتییانیش دەبێت باجی ئەم وەهمە سیاسییە بدەن
