بۆچی دەسەڵاتی کوردی ناکەوێت؟
خوێندراوەتەوە: (10.5K)

ڕێبەر سەلیم

هاوکێشەی مانەوە لەسەر حسابی میللەت

لە هەموو فەلسەفەیەکی سیاسی و مێژوویی جیهاندا، کاتێک دەسەڵاتێک نوقمی قەیرانی دارایی، سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتی دەبێت، تەمەنی بەرەو کۆتایی دەچێت. بەڵام لەم هەرێمەی ئێمەدا هاوکێشەکە پێچەوانەیە! هەرچەندە گەندەڵی قووڵتر دەبێتەوە، دەسەڵات بێباکتر و پایەکانی قایمتر دەبن. ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵکو ستراتیژیەتێکی چەپەڵە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مێشکی کۆمەڵگە.

یەکێک لە هەرە هۆکارە مەترسیدارەکانی ئەم بێباکی و مانەوەیە، دروستکردنی لەشکرێکە لە کۆیلەی چەورە و بەرژەوەندخواز لەژێر عەبا و بەرگی ئاییندا.
ئەم تاقمە، کە ناویان پیاوانی ئایینیە، لە ڕاستیدا زۆرینەیان تەنها فەرمانبەری حیزب و پاسەوانی بەرژەوەندییەکانی گیرفان و ئارەزووەکانی خۆیانن کە. کارەکانیان شەرعیەتدانە بە زوڵم لە کاتێکدا خەڵک لە برسان هاوار دەکات و دەسەڵات زولمیان لێ دەکات، ئەوان باسی سەبر دەکەن.
ئەوان دەقە شەرعییەکان ئەشێوێنن بە دڵی بەرپرسی حیزبی ڕاڤە دەکەن حەرام دەکەن بە حەڵاڵ و تاوان و دزی دەسەڵاتدار پاک دەکەنەوە.

کاری ئەوان ئەوەیە شەقامی ناڕازی سادە و باوەڕدار سارد بکەنەوە و پێیان بڵێن قبوڵکردنی زوڵم پاداشتی هەیە و نابێت ڕووبەڕووی وەلی ئەمرەکان ببنەوە و لەبەرامبەردا دەسەلاتیش کەم و کوڕیەکانیان نەک دائەپۆشێ بەڵکو دیفاعیشیان لێ ئەکەن.

گەورەترین خیانەت ئەوەیە، بە ناوی خوداوە شەرعیەت بە دزینی قووتی منداڵانی ئەم وڵاتە بدەیت.
سەیرەکە لەوەدایە، سەرەڕای ئەوەی ئەم دەمامکانە لادراون و ڕووی ڕاستەقینەی ئەم کاسبکارانە بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە، هێشتا کەسانێک هەن کوێرانە بەرگرییان لێ دەکەن!
مێشکیان شۆراوەتەوە بەجۆرێک وای لەم مرۆڤە سادەیە کردووە نەتوانێت جیاوازی لە نێوان پیرۆزیی ئایین و پیسیی بازرگانانی ئایین بکات.

یان ئەوەتا هەنێک لە شوێنکەوتووانیان بۆ پشکی بچووک یان لە ترسی لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی، چاو لە ڕاستییەکان دادەخەن.
ئەم دەسەڵاتە ناکەوێت تا ئەو کاتەی ئایین لە چنگی ئەم مشەخۆرانە ڕزگار نەکرێت چونکە سۆزی میللەت ئەجوڵێنرێت لە ژێر پەردەی دیندا کەوەک خۆی وەرنەگیرێ .
ناکەوێت تا ئەو کاتەی جەماوەر تێنەگات کە ڕەخنەگرتن لە مەلایەکی گەندەڵ، ڕەخنەگرتن نییە لە خودا، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین مەکینەی چەواشەکاریی حیزبە.
کاتێک کۆمەڵگە فێربوو سەیری گیرفانی مەلا و سەیارەی بەرپرس بکات نەک قسە لوسەکانیان، ئەو کاتە پایەکانی ئەم دەسەڵاتە لەرزۆک دەبن و هاوکێشەکە ڕاست دەبێتەوە.