مووچە وەک هاوکاریی مرۆیی دەدرێت، نەک حەقدەستی ڕەنج و ماندووبوون!
ئەریڤان بهاءالدین لطیف
لە ناو هەموو سیستەمە دەسەڵاتدارەکانی جیهاندا، حەقدەستی کارکردن بنەمایەکی یاسایی، ئەخلاقی و نەگۆڕە؛ بەڵام لە ژێر سایەی کابینەکەی مەسرور بارزانی و حوکمڕانانی زۆنی زەرد و سەوزدا، سەرتاپای ئەم هاوکێشەیە شێوێنراوە. مووچە—کە مافی سەرسەخت و شایستەی بێمەرجی سەدان هەزار فەرمانبەر، مامۆستا و پزیشکە—لە مافێکی سەرەتاییەوە گۆڕدراوە بۆ «یارمەتییەکی مرۆیی و بەخشندەیی» کە هەموو مانگێک بە هەزاران منەت و موزایەدەی سیاسییەوە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدرێتەوە.
لە بری ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە ڕێکارێکی کارگێڕیی ئاسایی و پێشبینیکراو بێت، دەسەڵاتداران کردوویانە بە شانۆگەرییەکی درامی. کاتێک پاش مانگەکان لە ئازار، قەرزاری و چاوەڕوانیی تاقەتپڕپڕکەر، بڕە پارەیەک دەپڕشێنرێتە ناو بازاڕەوە، ئامێرە میدیاییەکانی دەسەڵات بە شێوازێک کەشوهەواکە داڕێژرێن کە گوایا دیارییەکی گەورە یان چاکەیەکی بێپایانی سەرۆکی حکومەتە بۆ هاوڵاتییان! تراژیدیاکە لەوەش قووڵترە کاتێک دەبینین کۆمەڵگە تووشی جۆرێک لە تراومای دەروونی کراوە، بە جۆرێک کاتێک هەواڵی وەرگرتنی مووچەکەی دەبیستێت، هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵدەکێشێت و شادمانیی خۆی دەردەبڕێت.
ئەمەی ڕوودەدات ڕووتکردنەوەی سیستماتیکی کەرامەتی کارکەرانە. کاتێک هاوڵاتی ناچار دەکرێت دڵخۆش بێت بە وەرگرتنەوەی ئەوەی کە پێشوەختە هی خۆیەتی و بۆی ماندوو بووە، ئاستی داواکارییەکانی لە «حوکمڕانیی باش، سەروەریی یاسا و ئازادی»ەوە دادەبەزێنرێت بۆ «تەنها ڕزگاربوون لە برسییەتی». دەسەڵاتداران هۆشیاریی کۆمەڵگەیان تووشی جۆرێک لە «نەخۆشیی ستۆکهۆڵم» کردووە، تا خەڵک هاوکاری و بەخشندەیی لەواندا ببیننەوە کاتێک تەنها بەشێک لە مافە زەوتکراوەکانیان بۆ دەگەڕێننەوە.
کۆتایی ئەم ناهاوسەنگییە جەرگبڕە، حەقیقەتێکی زۆر تاڵ و ڕووتمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە چیتر بە هیچ دروشمێک داپۆش ناکرێت: لەم ئیدارەدانە بێڕەحمەدا، کەرامەتی مرۆڤەکان بێبەها کراوە؛ کاتێک خەڵک ئاهەنگ دەگێڕن و دڵخۆش دەبن بە وەرگرتنەوەی پارەی ڕەق و ئارەقەی خۆیان، ئەوا بزانە سیستمی حوکمڕانی تا دوا ئاست داڕزاوە و شتێکی زۆر مەترسیدار لە ڕەگەوە تێکچووە.
