ڕووناکی بۆ شەقامەکان، تاریکی بۆ گیرفانەکان
هەڵۆ ئیسماعیل
حکومەتەکەمان وەکو پزیشکى نەزانە کە بە ئەنقەست گورچیلەی نەخۆشەکەی لەکار دەخات و دەرمانی لێ قۆرخ دەکات، پاشانیش بە پارەیەکی خەیاڵی ئامێری غەسلی گورچیلەی پێ دەفرۆشێتەوە و داوای سوپاسگوزاریشی لێ دەکات لەپای ئەوەی کە “ژیانی ڕزگار کردووە”. ئەمە ڕێک مامەڵەی حکومەتی هەرێمە لەگەڵ دۆسیەی وزە و پڕۆژەی “ڕووناکی”. مشتومڕی ڕاستەقینە لەسەر ئەوە نییە کە ئایا ئەم پڕۆژەیە بوونی هەیە و گلۆپەکان هەڵدەکات یان نا؛ کێشە گەورەکە ئەوەیە کە چۆن دەسەڵاتێک سامانی ژێر زەوی و سەرزەویی ئەم خاکەی قۆرخ کردووە، ئێستاش دەیەوێت بە ناوی چاکسازی و پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە، هەمان ئەو وزەیەی کە موڵکی گشتییە، بە نرخی بازرگانی بە خاوەنە ڕاستەقینەکانی بفرۆشێتەوە. ئەوان قەیرانی تاریکییان بەرهەمهێنا، ئێستاش چارەسەرە ساختەکەیان کردووەتە بازاڕێکی نوێ بۆ تاڵانکردن.
“بەهێزترین کەس هەرگیز هێندە بەهێز نییە کە هەمیشە گەورە بێت، مەگەر ئەوەی هێزەکەی بکاتە ماف، و گوێڕایەڵی خەڵکیش بکاتە ئەرک . ئەمە هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لە شیلی لە سەردەمی پینۆشێت جێبەجێ کرا، کاتێک خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان کردە مۆنۆپۆلی نوخبەی دەسەڵاتدار و بە ناوی پێشکەوتنەوە خەڵکیان ڕووتاندەوە و وایانکرد هاووڵاتی باجپێدان بە ئەرکی نیشتمانی تێبگات. بەڵام ئەم تاڵانچییانەی ئێمە، لە جیاتی ئەوەی شەفافیەت لە داهات، تێچووی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و نرخی وزەدا بخەنە ڕوو، پڕۆژەیەکی وەک ڕووناکییان کردووەتە ئامرازێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی کۆمپانیا حزبییەکان. دەسەڵاتێک کە ئامادە نییە بچووکترین زانیاری لەسەر داهاتی نەوتی دزراو و چارەنووسی هەناردەکردنی داهاتووی وزە ئاشکرا بکات، چۆن دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەم پڕۆژەیە بۆ خزمەتی گشتییە؟
لە ڕاستیدا، ئەوەی لە ژێر پەردەی “ڕووناکی”دا دەگوزەرێت پێدانی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو سەپاندنی باجی ناڕەوایە. ئەوان دەیانەوێت ئەو پارەیەی کە پێشتر لە قاچاخچێتی سنوور و فرۆشتنی نەوتدا دەستیان دەکەوت و ئێستا لێیان بڕاوە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پێوەری زیرەک و پسوڵەی کارەباوە لە گیرفانی هاووڵاتییانی بڕفێنن. ئەوان نایانەوێت هاووڵاتی سوود لە سامانی وزەی وڵاتەکەی ببینێت، بەڵکو دەیانەوێت ببنە بازرگانی تاککەسیی ئەو کارەبایەی کە بە غازی سروشتیی خەڵک خۆی بەرهەم دەهێندرێت.
