په‌یامێکی پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

ئەمەش دەقی پیرۆزبایینامەکەیە:

بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ مۆندیالی 2026، که‌ له‌ مه‌کسیک به‌رامبه‌ر به‌ تیمی بۆلیڤیا به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێک بردییه‌وه‌، گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی عێراق به‌گشتی، وەرزشوانان و یاریزانانی هەڵبژاردەکە دەکەم.

ئەم دەستکەوتە مێژوویییە کە دوای (40)ساڵ چاوەڕوانی هاتە دی، مژدەیەکی خۆش و مایەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان. دەستخۆشی لە تەواوی ئەندامانی هەڵبژاردەکە دەکەم کە بە ماندووبوون و دڵسۆزیی خۆیان، خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە ڕاستی.

هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی کۆمەڵەی مۆندیالدا دەخوازم و ئومێدەوارم ئەم سەرکەوتنە ببێتە هەوێنی تەبایی و خۆشی بۆ هەمووان.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/4/1

یەماڵ؛من موسڵمانم سوپاس بۆ خودا

لامین یەماڵی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەربارەی ڕووداوە شەرمەزارکەر و ناخۆشەکەی دوێنێ شەوی یاری ئیسپانیا بەرامبەر میسڕی قسەی کرد و بەڕاشکاوانە چەند شتێکی درکاند.

لامین یەماڵ وتی؛من موسڵمانم سوپاس بۆ خودا،بەڕاستی ئەوەی دوێنێ شەو بینرا لەناو هاندەران جێگای شەرمەزاری بوو،دەزانم هەموو هاندەران وەکو یەکتری نین بەڵام بۆمنێکی موسڵمان بۆ هەمیشە وەک سوکایەتیەک دەمێنێتەوە.

شایەنی باسە دوێنێ شەو هاندەرانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا چەندا دروشمی ڕەگەزپەرستی و توندیان وتووە،کە یەکێک لەوانە “ئەوەی هەڵنەپەڕێت موسڵمانە”

ئەم بابەتە لەدوێنێ شەوەوە بۆتە جێگای قسەوباسی زۆری میدیا و خەڵکی و هەرایەکی گەورەی دروست کردوە.

“سەرکار ڕێبوار”

سکالۆنی؛ مێسی بڕیاری یاریکردنی لەمۆندیال لەلای خۆیەتی

لەدوای یاری بەرامبەر هەڵبژاردەی زامبیا لیۆنێل سکالۆنی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هاتە بەردەمی میدیاکان و دەرباری پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ مۆندیال و دەربارەی بەشداری کردنی مێسی لەمۆندیال بەڕاشکاوانە قسەی کرد.

سکالۆنی وتی؛ بڕیاری یاری کردنی مێسی لەمۆندیال تەنها لای خۆیەتی،ئەو خۆی دەتوانێ سەرپشک بێت لەو بڕیارە و چاوەڕێی قسەی کۆتایی ئەو دەکەین،وە لەگەڵ ئەوەشدا هیچ یاریزانێکی دیکە جێگای لەپێکهاتەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین مسۆگەر نییە و ڕکابەری بەهێز هەیە لەنێوان یاریزانەکان لەسەر پێکهاتەی ئەرجەنتین لەمۆندیال،کە دەبێت هەموو یاریزانەکان ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن.

ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیالی 2022ی قەتەڕ،بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانی بە 5 گۆڵی بێ وەڵام لە زامبیا بباتەوە و کۆتا یاری هەڵبژاردەکەش ئەنجام بدات لەنێو خاکی خۆی وەکو ئامادەکاری مۆندیال،کە بووە کۆتا یاری مێسی لەنێو خاکی ئەرجەنتین وەکو یاریزانی هەڵبژاردەکە.

“سەرکار ڕێبوار”

ئارنۆڵد؛ ئێمە بۆ کات بەسەربردن بەشداری جامی جیهانی ناکەین

گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دوای مسۆگەرکردنی بلیتی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 و بردنەوە لە هەڵبژاردەی بۆلیڤیا رایگەیاند، شێرەکانی ڕافیدەین لە پاڵەوانێتییەکەدا هیچ شتێکیان نییە لەدەستی بدەن و بە عەقڵیەتی بردنەوەوە ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی فەڕەنسا و نەرویج و سێنیگال دەبنەوە.

هەروەها ئاماژەی بە ئەزموونی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوسترالیا لە مۆندیالی 2022 کرد کە سەرەڕای شکستیان بەرامبەر فەڕەنسا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، بەڵام توانییان ئەوە یارییە بکەنە بە یاری هەڵسانەوەی خۆیان و لە تونس و دانیمارک ببەنەوە و بگەنە قۆناغی 16، ئێستاش دەیەوێت هەمان ڕۆحیەت لە ناو یاریزانە عێراقییەکاندا بچێنێت تاوەکو جیهان سەرسام بکەن لە چەند مانگی داهاتوودا لە جامی جیهانی.

راهێنەرە ئوسترالییەکە دووپاتی کردەوە کە یاریکردن بەرامبەر ئەستێرە گەورەکانی وەک کیلیان ئێمباپێ و ئیرلینگ هالاند شانازییەکی گەورەیە بۆ یاریزانانی عێراق کە پێشتر ئەزموونی رووبەڕووبوونەوەی یاریزانی لەو شێوەیەیان نەبووە بەڵام جەختی کردەوە کە سەرەڕای ڕێزگرتن لەو ناوانە ئەوان تەنها بۆ بەشداریکردن ناچنە ئەمریکا بەڵکو هەوڵ بۆ تۆمارکردنی ئەنجامی چاوەڕواننەکراو دەدەن.

کاماڤینگا؛ئەوروپا لە ڕەفتارەکانی ڤینسیۆس تێناگەن

کاماڤینگا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی ئی ئێس پی ئێن، ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەربێلوا هەمان رۆحییەتی کارلۆ ئەنچیلۆتی هەیە و بە شێوازێکی مرۆیی و نزیک مامەڵە لەگەڵ یاریزانەکاندا دەکات.

ئەو یاریزانە باسی لەوەش کردوە راهێنەرەکەیان زۆر جار دوای مەشق و راهێنانەکان بە دیاریی وەک دۆنات و بسکیت سەرسامیان دەکات، ئەمەش وایکردووە یاریزانەکان هەست بە بەختەوەری بکەن، جەختیشی کردەوە کاتێک یاریزان دڵخۆش بێت دەتوانێت باشترین ئاست لە ناو یاریگادا پێشکەش بکات.

سەبارەت بە پێگەی خۆی لە ناو پێکهاتەکەدا، کاماڤینگا دووپاتیکردەوە کە دەیەوێت لە چوارچێوەی یاریزانی یەدەگ بێتە دەرەوە و ڕۆڵێکی سەرەکیتر و بەردەوامتری لە ناو یاریگادا هەبێت چونکە پێیوایە کاتێک رۆحیەتی تیمەکە باش بێت، هەموو شتێک ئاسان دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، کاماڤینگا بەرگری لە ڤینیسیۆس جۆنیۆری هاوڕێی کرد و رایگەیاند کە ئەوروپا لە رەفتارەکانی ڤینیسیۆس تێناگەن، لە کاتێکدا لە بەڕازیل و ئەمریکا ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە زۆر ئاسایین.

جەختیشی کردەوە کە ڤینیسیۆس کەسایەتییەکی زۆر سادەی هەیە و هەمیشە یەکەم کەسە بۆ هاوکاریکردنی یاریزانە لاو و نوێیەکانی یانەکە

دیل پیێڕۆ؛جێگای شەرمەزاریە ئیتاڵیا ناگاتە مۆندیال

دوای شکستەکەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە پاڵاوتنی مۆندیال بەرامبەر بۆسنا،هێرشێکی توندی میدیایی کرایە سەر هەڵبژاردەکە و ئەستێرە و ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ئەو وڵاتە بەتوندی ڕەخنەیان لەو حاڵەی هەڵبژاردەکە گرت.

لای خۆیەوەی ئەلیساندرۆ دیل پیێڕۆ ئەفسانەی تۆپی پێی ئیتاڵیا لەسەر ئەم ڕووداوە وتی؛بەڕاستی جێگای شەرمەزاریە ئیتاڵیا سەرنەکەوتووە بۆ مۆندیال،کە ئەمە بۆ سێیەمین جاری بەدوای یەکتریە و ئێستا وەک شتێکی ئاسایی دەرەکەوێت،بەداخەوەم ئیتاڵیا نەوەیەکی تەواو لەدەست دەدات بەبێ مۆندیال،وە دەبێتە 20 ساڵیش ئیتاڵیا گۆڵێکی نابێت لە مۆندیالدا لەکاتێکدا خاوەنی چوار مۆندیالە.

ئیتاڵیا دوێنێ شەو بە لێدانە یەکلاییکەرەوەکان لەخاڵی سزا بە بۆسنا دۆڕا و بۆ سێیەمین جاری بەدوای یەکتری نەگەیشتە مۆندیال،کە ئەمە وەک گەورەترین کارەسات لەمێژووی تۆپی پێی ئیتاڵیا دادەنرێت.

“سەرکار ڕێبوار”

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئامادەیی بۆ وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم و بەدیهێنانی خۆبژێوی ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ دەستپێکردنی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم ڕاگەیاند و پێشبینی دەکات ئەمساڵ عێراق بگاتە ئاستی خۆبژێوی.

حەیدەر نووری ئەلگەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە ڕایگەیاند: “کۆمپانیاکەمان هەموو ڕێکارە پێویستەکانی بۆ وەرزی ئێستای بەبازاڕکردنی گەنم گرتووەتە بەر و هەموو کۆگا و سایلۆکان لە پارێزگاکان ئامادە کراون بۆ وەرگرتنی بەرهەمی ئەم وەرزە.”

گەرعاوی گوتی: پێشبینی دەکرێت عێراق بگاتە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمی گەنم بۆ ئەمساڵ، بەپێی ئەو بڕەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ دیاری کردووە و لە نێوان ٤ بۆ ٤.٥ ملیۆن تۆندایە.

گەرعاوی ڕوونی کردەوە کە پڕۆسەی کۆگاکردن لە هەموو پارێزگاکان بەڕێوە دەچێت و توانای پێویست لە کۆگاکاندا هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی جووتیاران دەیهێنن بۆ بەبازاڕکردن.

سەبارەت بە پارەی جووتیاران، ئاماژەی بەوە کرد کە دیاریکردنی شێواز و کاتی خەرجکردنی پارەکە لە ئەستۆی وەزارەتی دارایییە، کە بەرپرسە لە دابینکردنی تەرخانکراوە داراییەکان و دەستپێکردنی پێدانی شایستەکان.

‎حکوومەت داشکاندنێکی خستە واری جبەجێکردنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای داشکاندنی ڕێژەی 45%، بڕیارى داشکاندنێکی دیکەى کرێی خوێندن بە ڕێژەی 20% کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە.

لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە: “لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاوڵاتیان و خانەوادەی خوێندکاران و قوتابیان و ئەو دۆخەی کە ناوچەکە دوچاری هاتووە، دوای کۆبونەوەی نا ئاسایی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا پێشنیاری داشکاندنی کرێی خوێندنی خستە ڕوو.”

ئاماژە بەوە دراوە بەپێى ئەو دەسەڵاتەى پێیان دراوە بڕیاردرا بە؛

1- داشکاندنی کرێی خوێندن بە ڕێژەی 20% سەرەڕای داشکاندنی پێشوو کە بریتییە لە ڕێژەی 45%، بەمەرجێک قوتابی- خوێندکار تا 3ی 5ی 2026 تەواوی قیستەکانی بدات.

2-ئەم بڕیارە سەرجەم ئاستەکانی خوێندنی بەرایی (پارالێل و ئێواران) و خوێندنى باڵا (دیبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بۆ ساڵی 2025 – 2026ی زانکۆ حکوومییەکان دەگرێتەوە.

3-جێبەجێکردنى ئەم بڕیارە بەدەرە لەو داشکانانەى کە پێشووتر لەلایەن وەزارەتمانەوە ئەنجام دراون.

لیستی مووچە و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت

لیستی مووچەی مانگی ئازار و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت .

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ( ٢٩ ی ئازاری ٢٠٢٦) لیستی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت و سبەی دووشەممە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

٢٩ ی ئازاری ٢٠٢٦

قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە هەڵگیرا

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بڵاوی کردەوە: “دوای بەدواداچوونمان بۆ بەرهەمی تەماتە لەگشت سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆمان دەرکەوت کە ئەو بەرهەمە لەبازاڕەکان زۆر کەمبووەتەوە و نرخی بەرزبووەتەوە.”

ئاماژە بەوە دراوە: “پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی کشتوکاڵی، بڕیارماندا بەهەڵگرتنی قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە لەدەرەوەی ووڵات.”

جەخت کراوەتەوە، بڕیارەکە لە ڕوژی 29/3/2026ەوە جێبەجێ دەکرێت و کاری پێدەکرێت.

👤
Live: 78 Today: 200 📊 Click Here