پارێزگاری هەولێر ئامادەکارییەکانی بازگەی شێراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی جەژن بەسەردەکاتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026.5.26، لە چوارچێوەی پلانی پارێزگای هەولێر بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی قوربانی پیرۆز و دابینکردنی باشترین ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەیاوەری هەریەک لە بژار مەلاخدر، قائیمقامی قەزایی قوشتەپە و دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و عەمید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ڕێکارەکان و پێشوازیکردن لەو میوان و گەشتیارانەی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە کە ڕوو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەبۆنەی جەژنی قوربان، سەردانی بازگەی شێراوەی کرد.

لەسەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر لەلایەن عەمید کەیفی عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی بازگەکانی هەولێر، فەرماندە، ئەفسەران و کارمەندانی بازگەکەوە پێشوازی لێکرا و دوای بەدواداچوون و بەسەرکردنەوەی سەرجەم بەشەکانی بازگەکە و، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و ئەو ئامادەکارییە کارگێڕییانەی کە بۆ پێشوازیکردنی شایستە لە گەشتیاران تەرخانکراون، جەژنەپیرۆزەی لە ئەفسەر و کارمەندانی بازگەکە و تیمی گەشتوگوزار کرد و دەستخۆشی لێکردن و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونی بەردەوامیان دەربڕی لە پێناو پاراستنی ئارامی و پێشکەشکردنی سیمایەکی شارستانی و گەشاوەی پایتەخت بە ڕووی میواناندا.

لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر تەئکیدی لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک و نواندنی ڕەفتارێکی بەرز و میواندۆستانە لەگەڵ گەشتیاراندا کردەوە، بە شێوازێک کە ڕەنگدانەوەی کلتووری ڕەسەنی میوانداری گەلی کوردستان بێت و ڕێنمایی پێویستیشی دا بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی، تاوەکو گەشتیاران بە کەمترین کات و بە شێوازێکی شایستە داخڵی ناو هەولێری پایتەخت بن و پشووی جەژن بە ئارامی بەڕێ بکەن.

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان,پەیامێکی پیرۆزبایی ڕاگەیاند.

ئەمەش دەقی پیرۆزبایینامەکەیە:

جەژنی پیرۆزی قوربان لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان پیرۆز بێت، پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین ئەو بۆنە پیرۆزە مایەی خێر و خۆشی و ئارامیی بێت بۆ کۆمەڵگاکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.

لەم بۆنە پیرۆزەدا جەخت لەسەر هەماهەنگیی گشت حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

هیوادارین ئەو جەژنە، هاندەری زیاتری بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان بێ لە کوردستان، جەژنێکی هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و هەموو لایەک بە شادی و بەختەوەرییەوه جەژن بەسەربەرن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ‌ ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٦

بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف و پارێزگاری هەولێر؛ مەراسیمی نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان و بەرپرسانی حکومی، مەراسیمی نوێژی جەژن لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و تەیب زرار، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە هاونیشتمانییانی شاری هەولێر ئامادەبوون.

دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن و خوێندنەوەی وتار، ئامادەبووان پیرۆزبایی جەژنیان لە یەکدی کرد. مزگەوتی جەلیل خەیات وەک یەکێک لە نیشانە دیارە ئاینییەکانی پایتەخت، ساڵانە لە بۆنە ئایینییەکاندا میوانداریی ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەکات.

‎کەشناسی: سبەی گەرمترین ڕۆژی مانگی ئایار دەبێت و لەگەڵ هاتنی تۆز وخۆڵ پلەکانی گەرما دادەبەزن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ چوارشەممە 27-05-2026، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە (1 بۆ 2) پلە بەرز دەبنەوە، خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت (5-15) کم/ک و هەندێک جار چالاک دەبێت بۆ 20 کم/ک بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا.

​پەیوەست بەمەشەوە کەشی سبەی پێنجشەممە 28-05-2026، ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەوردا دەبێت، پێشبینیش دەکرێت ئەم پێنجشەممەیە گەرمترین ڕۆژی مانگی ئایاری ئەمساڵ بێت و پلەکانی گەرما (2 بۆ 3) پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزتر ببنەوە. بەڵام لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا ئەگەری بوونی تۆزێکی سوک هەیە، کە بۆ بەیانی زووی ڕۆژی هەینی تۆزەکە زیاتر دەبێت بەتایبەت لە ناوچەکانی کەرکووک و گەرمیان، لەگەڵ ئەوەشدا پلەکانی گەرما بە (2 بۆ 3) پلەی سیلیزی ڕوو لە دابەزین دەکەن.

​بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی:

​هەولێر ئەمڕۆ 33 سبەی 36

سلێمانی ئەمڕۆ 31 سبەی 34

دهۆک ئەمڕۆ 32 سبەی 35

هەڵەبجە ئەمڕۆ 33 سبەی 35

گەرمیان ئەمڕۆ 37 سبەی 40

زاخۆ ئەمڕۆ 32 سبەی 35

چەمچەماڵ ئەمڕۆ 32 سبەی 35

پیرمام ئەمڕۆ 28 سبەی 31

حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ 21 سبەی 23

ئەمڕۆ ساڵیادی بە پارێزگابوونی دهۆکە

ئەمڕۆ ٥٧ ەمین ساڵیادی بەپارێزگابوونی دهۆکە؛ لە ٢٧ی ئایاری ١٩٦٩دا بە بڕیارێکی فەرمی، دهۆک لە قەزاوە کرا بە پارێزگا.

​ڕووبەری دهۆک دەگاتە ١٠,٩٢٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە و ١,٧٤٣,٣١٤ کەس تێیدا دەژین. دهۆک ٢٥٪ی ڕووبەری خاکی هەرێمی کوردستان و ٢.٥٪ی خاکی عێراق پێکدەهێنێت.

​درێژایی سنووری دهۆک لەگەڵ پارێزگای هەولێر ٢٥٨ کم، لەگەڵ پارێزگای نەینەوا ٢٧٧ کم، لەگەڵ سنووری وڵاتی تورکیا ٢١٦ کم و لەگەڵ وڵاتی سووریاش ٦ کمە.

​لە ڕووی ئابوورییەوە، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین کۆمپانیای بیانی لە بواری جیاجیادا کار دەکات، بەتایبەتی لە بواری نەوتدا کە گەشەکردنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە. هەروەها کوردستان لە ڕێگەی دهۆکەوە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی تورکیا، لەبەر ئەوە بووەتە شادەمارێکی ئابووری و بازرگانیی گرنگ بۆ تەواوی عێراق.

​ڕۆشنبیرانی دهۆک باس لە جوامێری و مەردایەتیی خەڵکی دهۆک، پێکەوەژیان و ئاوەدانیی شارەکە دەکەن، بەتایبەت کە لە کابینەی نۆیەمدا پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە دهۆک جێبەجێ کراون.

پەیامی هاوخەمیی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد دەشتی

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی و تێکۆشەری گەلەکەمان و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول وگوڵان و نووسەر و شاعیری نیشتیمانپەروەر و هەڵگری مەدالیای بارزانی مامۆستا (ئەحمەد دەشتی)ـیم پێ گەییشت.

پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو ئەحمەد دەشتی و هەموو تێکۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم.

لە خودای گەورە داواکارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی 27ی ئایاری 2026

​ئامێدی لە دووەم ڕۆژی جەژندا؛ سەیرانگاكان پڕبوون لە گەشتیار

لە ڕۆژانی جەژندا بەهۆی کەشوهەوای فێنک و سروشتی دڵڕفێنی ناوچەکە، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوویان لە سەیرانگەکانی سنووری قەزای ئامێدی وەک سۆلاڤ، ئینیشکێ و ئاشەوا کردووە. ​قەلەباڵغییەکی زۆر لەو سەیرانگەیانە بەدی دەکرێت و جمەیان دێت لە گەشتیار.

خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان بە ئامادەکاریی تەواوەوە پێشوازی لە میوانان دەکەن، هاوکات گەشتیارانیش دڵخۆشی خۆیان لەسەر سروشت و خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە نیشان دەدەن. ​

ئەم جموجۆڵە گەشتیارییە بووەتە هۆی بوژاندنەوەی بازاڕی ناوچەکە، بەرپرسانی ناوچەکەش هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام و خزمەتگوزاریی پێویست، تاوەکو گەشتیاران بتوانن بە باشترین شێوە چێژ لە پشووی جەژن وەربگرن.

کەشناسی: شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بە توندی دادەبەزن

​بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-05-2026، ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بوونی تۆزێکی سوک لە کەشوهەوادا. پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە (2 بۆ 3) پلە بەرز دەبنەوە، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10-20) کم/ک بە ئاراستەی باشووری خۆرهەڵات و مەودای بینین لە نێوان (7-8) کم دەبێت.

​پەیوەست بەمەشەوە کەشی سبەی هەینی 29-05-2026، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی بەیانییەوە شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ ڕوو لە ناوچەکەمان بکات؛ سەرەتا کاریگەرییەکەی لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای هەرێمەوە دەست پێدەکات و پاشان لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، کە کاریگەری ئەم خۆڵبارینە تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت. لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلەدا، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بە (4 بۆ 6) پلەی سیلیزی بەراورد بە ئەمڕۆ نزم دەبنەوە.

​بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی:

​هەولێر ئەمڕۆ 36 سبەی 31

سلێمانی ئەمڕۆ 34 سبەی 29

دهۆک ئەمڕۆ 35 سبەی 30

هەڵەبجە ئەمڕۆ 37 سبەی 31

گەرمیان ئەمڕۆ 41 سبەی 35

زاخۆ ئەمڕۆ 37 سبەی 32

چەمچەماڵ ئەمڕۆ 36 سبەی 30

پیرمام ئەمڕۆ 32 سبەی 26

حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ 23 سبەی 21

وەزیری تەندروستی زانیاری لەسەر پەتای خوێنبەربوون ئاشکرا دەکات ‎

‎​دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوایین زانیاریی لەبارەی دۆخی تەندروستی، بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان لە ڕۆژانی پشوودا و مەترسییەکانی پەتای خوێنبەربوون (تای کۆنگۆ) بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

‎​بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان بە شێوازی ٢٤ کاتژمێری

‎​وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند کە سەرجەم دامودەزگا تەندروستییەکان، لەوانە نۆڕینگە دەرەکییەکان، بەشەکانی فریاکەوتن و نەخۆشخانە پسپۆڕییەکانی وەک (ئافرەتان، منداڵان، سەنتەرەکانی شێرپەنجە و بانکی خوێن) بە شێوازی ٢٤ کاتژمێری لە ئەرکدان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان. هاوکتات ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکانی هێڵی فریاکەوتنی ١٢٢ لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر حاڵەتێکی کتوپڕ.

‎​لە میانی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و ئافرەتانی هەولێردا، وەزیری تەندروستی ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی نەخۆشخانەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

‎​”لە شەو و ڕۆژێکی ڕابردوودا ٣٧ منداڵ لەدایکبوون، ٤٩ حاڵەتی داخڵبوون و زیاتر لە ١٨٠ سەردانیکەر هەبووە. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە خزمەتگوزارییەکان تەنانەت لە کاتی جەژن و پشووەکانیشدا بەبێ وەستان بەردەوامن.”

‎​دوایین زانیاری لەسەر پەتای خوێنبەربوون (تای کۆنگۆ)

‎​سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون، دکتۆر سامان بەرزنجی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکراوەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، تەنیا یەک حاڵەت نەبێت کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە سەردانی سلێمانی کردبوو، ئەویش دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست بە تەواوی چاک بووەتەوە.

‎​لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیر هۆشداریی دا و ڕایگەیاند: “بەهۆی ئەوەی ئێستا وەرزی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەیە، پێشبینی دەکەین حاڵەتی پۆزەتیڤ هەبێت، بۆیە تیمەکانمان گەڕان و چاودێرییەکانیان چڕکردووەتەوە.”

‎​ڕێنماییە گرنگەکانی وەزارەت بۆ هاووڵاتییان:

‎​دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە ناوماڵ و شوێنە گشتی و نایاساییەکان.

‎​پەنابردن بۆ سەربڕخانە فەرمییەکان کە لەژێر چاودێری توندی ڤێتێرنەریدان.

‎​پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی کەسی لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵدا.

‎​هۆشیاربوون لە مەترسی نەخۆشخانەکە؛ چونکە ئەم پەتایە ڕێژەی مردنی زۆرە ئەگەر لە سەرەتاوە دەستنیشان نەکرێت.

‎​لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی پزیشکان، پەرستاران و سەرجەم کارمەندانی تەندروستی کرد و بە “سەربازی ون” ناوی بردن، کە لە کاتی پشووەکندا دوور لە ماڵ و منداڵیان، ئەرکەکانیان بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەبەن و سەرقاڵی خزمەتکردنی هاووڵاتییانن.

👤
Live: 78 Today: 200 📊 Click Here