بەنزینی پارتی یان بەنزینی یەکێتی، باجەکەی هەر هاوڵاتیی دەیدات!

محمد زیاد عەزیز

لە گەرمەی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستاندا، ململانێی حیزبەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت نرخی سووتەمەنیش بووەتە کەرەستەیەکی ڕاگەیاندن بۆ شکاندنی یەکتری و بانگەشەی هەڵبژاردن. کاتێک لە میدیاکاندا دەبیستین کە پارتی و یەکێتی شانازی بەوەوە دەکەن کە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کام حیزبدا بەنزین بە ١٠٥٠ یان ١١٥٠ دینار دەفرۆشرێت، ئەمە لە ڕاستیدا نیشانەی خزمەتکردن نییە، بەڵکو نیشانەی دابەشبوونی ئابووریی وڵاتە بەسەر دوو زۆنی قاچاخچێتی و قۆرخکاریدا. بەرپرسان حەز دەکەن ئەم جیاوازییە کەمەی نرخ وەک “دەستکەوت” و خەمخۆری بۆ هاوڵاتییان پیشان بدەن، و کاتێکیش فەرمان دەردەکەن کە دەبێت بەنزینی بازرگانی لە ٨٥٠ دینار زیاتر نەبێت، وەها وێنای دەکەن کە ئیتر کێشەکە چارەسەر بووە. بەڵام لە واقیعدا، هاوڵاتییەکی ئاسایی کەمترین باکی بەوە هەیە کە کام حیزب لەسەر شاشەکان خۆی دەکاتە پاڵەوانی هەرزانکردنی ٥٠ دینار لە لیترێک بەنزیندا؛ ئەوەی بۆ شەقام گرنگە، تێچووی گشتیی ژیان و توانای بژێوییە لە هەرێمێکدا کە ڕۆژانە نەوت دەردەهێنێت کەچی دانیشتووانەکەی دەبێت چەندین کاتژمێر لە ڕیزدا بوەستن بۆ کڕینی چەند لیترێک سووتەمەنی. خەڵک پرسیاری ئەوە ناکات ئایا بەنزینخانەکە لە زۆنی زەردە یان سەوز، بەڵکو پرسیار دەکات بۆچی ئەو نەوتەی لێرە دەردەهێنرێت بە ٤٥٠ دینار دەدرێتە پارێزگاکانی تری عێراق، بەڵام هاوڵاتیی کورد دەبێت لە وێستگەکاندا تا ١٣٠٠ یان ٢٠٠٠ دینار بداتە هەمان بەنزین؟.

گەورەترین فێڵی ئەم شەڕە میدیاییە ئەوەیە کە دەیانەوێت تێڕوانینی شەقام لە “داواکردنی مافی بنەڕەتی”یەوە کورت بکەنەوە بۆ “ڕازیکردن بە کەمترین زیان”. کاتێک تێکڕای داهاتی خێزانێک لە هەرێمدا تەنیا دەوروبەری ٤٠٠ دۆلارە، دانی پارەیەکی خەیاڵی بە سووتەمەنی واتە وێرانکردنی بودجەی خێزانەکە. ئیتر چ جیاوازییەک دەکات ئەگەر بەنزینخانەکە سەر بە کۆمپانیاکانی پارتی بێت یان یەکێتی، کاتێک لە کۆتاییدا ئەو کەسەی دەست دەباتە گیرفانی و باجی ئەم قۆرخکارییە دەدات هەر هەمان هاوڵاتیی هەژارە کە مووچەکەیشی بڕاوە؟. کاتێک حکومەت خۆی ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ تەرخان دەکات، کەچی بەرهەمەکەی لەلایەن پاڵاوگە حیزبییەکانەوە بە نرخی بازرگانی دەفرۆشرێتەوە بە خەڵک، ئەمە پێی دەوترێت تاڵانکاریی ڕێکخراو نەک قەیرانی سووتەمەنی. هەربۆیە، دروشمە حیزبییەکان هەرچەندە بریقەدار بن، ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە هەردوو حیزب شەریکن لەم سیستەمەدا و شەڕی سەر شاشەکانیشیان تەنیا بۆ ئەوەیە خەڵک بیر لەوە نەکاتەوە کە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم پاڵاوگە و کۆمپانیایانە کێن.