کانسێلۆ و خەونی گەڕانەوە

جواو کانسێلۆی بەرگریکاری پورتوگالی هەستی خۆی بە بێهیواییەکی گەورە لە یانەی هیلالی سعوودی نیشان دەدات و خواستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ یانەی بەرشەلۆنە ئاشکرا دەکات.

ئەم یاریزانە ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی یانە سعوودییەکە لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا لەگەڵیدا ڕاستگۆ نەبوون و بەڵێنەکانیان سەبارەت بە تۆمارکردنی ناوی لە لیستی ناوخۆییدا جێبەجێ نەکردووە کانسێلۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕاستگۆیی لە هەموو شتێک بۆ ئەو گرنگترە و ئەم بارودۆخەش وایکردووە بیر لە جێهێشتنی ڕیاز بکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢٧ بەردەوامە لە لایەکی دیکەوە یانەی بەرشەلۆنە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و چاوەڕوانی چەند ڕۆژی داهاتوو دەکات تا بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی ئەم یاریزانە بدرێت و دواتر دەست بە دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی هیلال بکات بۆ گواستنەوەی ئەو بەرگریکارە پورتوگالییە.

دواین پێشهاتەکانی بازاڕی گواستنەوە لە خولە گەورەکانی ئەوروپا

یانەی مانچستەر یونایتد هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەندی چڕکردووەتەوە و چاوی بڕیوەتە گواستنەوەی فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی لە ڕیاڵ مەدرید و ئێدێرسۆن لە ئەتڵانتا و ماتیۆس فێرناندێز لە وێستهام یونایتد .

لە کاتێکدا مایکل کاریک زۆر نزیکە ببێتە ڕاهێنەری هەمیشەیی یانەکە و یانەی پاریس سان جێرمانیش جولیان ئەلڤارێزی کردووەتە ئامانجی سەرەکی بۆ هێڵی هێرشبەری وەرزی داهاتوو.

لە بازاڕی ڕاهێنەراندا یانەی چێڵسی گفتوگۆی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ و ئەندۆنی ایراۆلا و مارکۆ سیلڤا دەستپێکردووە و ئەگەری هەیە مارکۆ سیلڤا پۆستی ڕاهێنەرایەتی نۆتینگھام فۆڕێست وەربگرێت.

سەبارەت بە چارەنووسی یاریزانەکان ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی لە نێوان مانەوە لە بارسێلۆنا و چوونی بۆ یانەی پۆرتۆ دایە و بێن وایت چاوەڕێی گەرەنتییە لە ئارسیناڵ بۆ ئەوەی نەچێتە ئێڤەرتۆن و پێدەچێت یوری تیلیمانس لە ئەستۆن ڤێلا بڕوات.

بەڵام جارۆد بۆوین بڕیاریداوە لە وێستهام بمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر یانەکە دابەزێت بۆ خولی پلە یەک و یانەی چێڵسییش هەوڵی گواستنەوەی جاکۆبۆ ڕامۆن دەدات دوای ئەوەی ڕیاڵ مەدرید دوودڵ بوو لە کڕینەوەی.

فلیک؛ قسەکانی پێرێز شایەنی وەڵامدانەوە نین

دوای دۆڕانەکەی دوێنێ شەویان بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس،هانزی فلیک لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان باسی قسەکانی پێرێزی سەرۆکی ڕیاڵ مەدریدی کرد،کە گوتبووی؛بارسێلۆنا بەهاوکاری ناوبژیوان توانیویەتی سوودێکی زۆر ببینێت بۆ بەدەست هێنانی لالیگا.

دەربارەی ئەم قسەیە فلیک وتی؛ئەم قسانە شایەنی وەڵامدانەوە نین،ئێمە ئەمڕۆ دەمانتوانی یاریەکە ببەینەوە بەڵام لەدەستدانی ئەو هەلە زۆر وایکرد یاریەکە لەدەست بدەین،ئەو گۆڵە لێمان تۆمار کرا تەنها لەسەر نەمانی بیری یاریزانەکان بوو لەیاریەکە،کە دەبووایە باشتر بیریان بخەنە سەر یاریەکە.

شایەنی باسە ئەم وەڵامی فلیک بۆ پێرێز دەبێتە بەشێکی دیکە شەڕە میدیاییەکانی نێوان بارسێلۆنا و ڕیاڵ مەدرید،کە ئەم ساڵ کێشەکان گەیشتوونەتە لووتکە.

“سەرکار ڕێبوار

ئاکام عرفان بۆ ئاژانسی هەوالی زاگرۆس: لە هەولێر “ماراسۆنی یەکگرتن” بۆ هەمووان بەڕێوەدەچێت

یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ماراسۆنێکی ٣ کیلۆمەتری لە شاری هەولێر ڕێکدەخات. سکرتێری یەکێتییەکەش ڕایدەگەیەنێت، ماراسۆنەکە بۆ هەموو تەمەن و چین و توێژەکانە و ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی گیانی وەرزشی و یەکگرتووییە.

ئاکام عرفان، کارگێری مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژنسی هەوالی زاگرۆسی ڕاگەیاند: “وەک بەشی چالاکی وەرزشی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتییەکەمان، بڕیارمانداوە ڕۆژی هەینی، ١٥ی ئایاری ٢٠٢٦، ماراسۆنێکی گەورە لەژێر ناوی (ماراسۆنی یەکگرتن) لە شاری هەولێر ساز بکەین.”

سەبارەت بە وردەکاری و کاتی دەستپێکردنی ماراسۆنەکە، ئاکام فەهمی گوتی: “ماراسۆنەکە کاژێر ٩:٣٠ی بەیانی دەستپێدەکات. خاڵی دەستپێکمان پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەبێت لە لای دەرگای هۆتێل دیڤان، و خاڵی کۆتایی و هێڵی گەیشتنیش هەر لە ناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەبێت لە بەرامبەر دەرگای پەرلەمان.”

کارگێری مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ سنوورێک بۆ بەشداریکردن نییە و گوتی: “ئەم چالاکییە تەنیا بۆ توێژێکی تایبەت نییە، بەڵکو هاتن بۆ هەموو تەمەنەکان و هەموو چین و توێژە جیاوازەکانە، چونکە دەمانەوێت هەمووان پێکەوە لە کەشێکی وەرزشیدا کۆبینەوە.”

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، شڤان مەحمود ئاماژەی بەوە کرد کە ئارەزوومەندان دەتوانن لە ئێستاوە بۆ ناونووسین و دەستکەوتنی زانیاری زیاتر، پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (٠٧٥٠٥١٠٧١١٤) بکەن.

بۆچوونی ڕێکخەرانی ماراسۆنەکە:

ناوی چالاکی: ماراسۆنی یەکگرتن

ماوە: ٣ کیلۆمەتر

کات: هەینی، ١٥ـی ئایاری ٢٠٢٦، کاژێر ٩:٣٠ی بەیانی

شوێن: پارکی سامی عەبدولڕەحمان (لە دەرگای دیڤان بۆ دەرگای پەرلەمان)

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕیاڵ مەدرید ڕاگەیاندرا

بەفەرمی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکایەتی و کارگێڕی ڕیاڵ مەدرید ڕاگەیاندرا،کە لە ڕێککەوتی 14 تاکو 23ی ئەم مانگە بەربژێرەکان مافیان هەیە ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەم پڕۆسەیە و بەچەند یاسا و ڕێسایەکیش کارەکان بەڕێوەدەچن.

یاساکان لەکۆمەڵێک خاڵ خۆیان دەبیننەوە،کە جگە لە کاندیدەکان ئەو ئەندامانەی دیاری کراون مافی تانەدانیان هەیە لە بەربژێرەکان،وە ئەندامان دەتوانن لەڕێگەی پۆستەوە دەنگ بدەن،جگە لەوەش ڕۆژ و شوێنی دەنگدانەکە بەپێی ژمارەی کاندیدەکان دیاری دەکرێت.

ئەم هەڵبژاردە بۆ ڕیاڵ مەدرید وەکو ساتێکی نوێ بوونەوە دەکەوێتە بەر چاوەکان،کە یانەکە دوو ساڵی ڕابردوو قەیرانێکی قورسی بەخۆیەوە بینیوە و ئەم وەرزە لە خراپترین وەرزی 16 ساڵی ڕابردوو بووە یانەکە پێیدا تێپەڕ بووە.

“سەرکار ڕێبوار

خشتەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ( ١٣ ی ئایاری ٢٠٢٦ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی شەممە ( ١٦ ی ئایاری ٢٠٢٦ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت.

تێبینی؛ لەگەڵ ئەوەی بەپێی خشتەکە مووچەی خانەنشینانی سەربازی بە شێوەی کاش ڕۆژی پێنج شەممە دابەش دەکرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی لەڕێی پرۆژەی هەژماری من مووچە وەردەگرن دەتوانن سبەی چوار شەممە مووچەکانیان لە ڕێی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ( ATM ) وەربگرن.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری ١٢ ی ئایاری ٢٠٢٦

نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و گەیشتە ئاستێکی نوێ

​ئەمڕۆ، بازاڕەکانی زێڕ گۆڕانکاریی نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان بەراورد بە دوێنێ ڕوویان لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ هەڵکشانی نرخی کانزا گرانبەهاکانی دیکە، کە لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییە ئابوورییە جیهانییەکاندا نرخەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ گەیشتە 151,155.45 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 4,701.46 دۆلار بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا نرخی یەک گرام زێڕ بە 151.16 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​ئەم بەرزبوونەوەیە ، پەیوەستە بە دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی و زیادبوونی خواست لەسەر کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی سەلامەت، هاوکات ناسەقامگیرییە جیۆسیاسییەکان و کاریگەرییەکانی هەڵاوسان وایکردووە وەبەرهێنەران زیاتر ڕوو لە کڕینی زێڕ بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لە بازاڕە جیهانییەکاندا.

​لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، نرخی عەیارەکان بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیار 22 بە 1,046,758 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، عەیار 21 بە 999,179 دینارە و عەیار 18 بە 856,439 دینار لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

​ئەمڕۆ، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت ئاراستەیەکی تری بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و نرخەکان ئاستێکی نوێیان لە چوارچێوەی مامەڵەکانی ئەمڕۆدا بەدەستهێنا.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 106.3 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو نزیکەی یەک دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوکات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 100.8 دۆلار، کە بەراورد بە کاتی پێشوو زیاتر لە یەک دۆلار بەهای زیاد کردووە.

​ئەم هەڵکشانەی نرخەکان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە نیگەرانییەکان لەبارەی سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا دادەنرێت. دروستبوونی هەر ئاستەنگێک لەو ناوچەیەدا مەترسی جیدی لەسەر گەیشتنی نەوت بە بازاڕەکان دروست دەکات.

هاوکات دانوستاندنە سیاسییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و دەرەنجامەکانی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئاراستەی بازاڕ هەیە و وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاودێری هەر پێشهاتێکی نوێ دەکەن کە پەیوەست بێت بە سەقامگیریی دارایی جیهانی و دابینکردنی وزە.

نرخی زیو لە بۆرسەی جیهانی گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بۆرسە جیهانییەکاندا، بازاڕی کانزا گرانبەهاکان و بە تایبەت زیو، جووڵەیەکی نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات.

​بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ، لە ئێستادا نرخی هەر کیلۆگرامێک زیو گەیشتووەتە 2,778.37 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک بە 86.42 دۆلار دیاری کراوە و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.78 دۆلار جێگیر بووە.

​بەراوردکردنی ئەم نرخە لەگەڵ نرخەکانی دوێنێ سێشەممەدا دەریدەخات کە ئاستی نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بە جۆرێک نرخی هەر کیلۆگرامێک بە بڕی 78.64 دۆلار جیاوازی تێدا دروستبووە، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک بە بڕی 2.45 دۆلار و هەر گرامێکیش بە بڕی 0.08 سەنت گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.

​شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزی و نزمی نرخەکان لە بازاڕدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیریی دۆخی سیاسی و کەمبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانەوە هەیە. هاوکات جووڵەی نرخی نەوت و گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار هۆکاری سەرەکین کە وەبەرهێنەرانی هانداوە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان بەکاربهێنن.

واشنتن کارتی ئابووری دژ بە بەغدا بەکار دەهێنێت

ئەو دۆخەی چەند ڕۆژێکە لە بەغدا دەگوزەرێت، گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی سیاسی لەلایەن ئەمەریکاوە دژ بە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمان کۆ ببێتەوە بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدات.

سەرچاوە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە واشنتۆن بەئاشکرا کارتی ئابووری بەکار دێنێت و هەڕەشەی سزادانی بانکەکانی عێراق دەکات، تەنیا بۆ ئەوەی مەرجە ئەمنییەکانی خۆی بەسەر حکوومەتە نوێیەکەدا بسەپێنێت.

بەپێی زانیارییەکانی حەوت ئەندامی (چوارچێوەی هەماهەنگی)، نامەکانی ئەمه‌ریکا کۆمەڵێک (نەخێر)ی توندیان تێدایە وەک مەرج بۆ هاوکارییەکانی داهاتوو. ئەمجارە واشنتن مەرجەکانی نەک تەنیا بۆ پشتگیریکردن، بەڵکوو بۆ سزادانی عێراق داناوە کە ئەمە دۆخێکی دەگمەنە لەدوای ٢٠٠٣وە.

بەپێی زانیارییەكانی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) داواکارییە سەرەکییەکان بریتین لە: پچڕانی پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکان لەگەڵ ئێران، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا تێوەگلاون.

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ لایەنێکی شیعە ئامادە نییە بە زەبری هێز چەکی گرووپە چەکدارەکان دابماڵێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێكی خوێناوی. لەبەرامبەردا، لایەنە عێراقییەکان پێشنیاری سیستەمێک دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە چوارچێوەی کۆگاکانی دەوڵەتدا، بەڵام ئەمە هێشتا وەڵامی داواکارییە توندەکانی واشنتۆن ناداتەوە کە داوای داماڵینی سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە هەژموونی میلیشیاکان دەکات.

عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە، لیژنەیەکی باڵای لە سەرکردەکانی هێزە عەرەبە شیعەكانی وەک (هادی عامڕی، قەیس خەزعەلی، ئەحمەد ئەسەدی و محەمەد شیاع سوودانی) پێکهێناوە. ئامانجی ئەم لیژنەیە گفتوگۆکردنە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بۆ تێگەیاندنیان لە مەترسییەکانی سزای ئەمریکا و قەناعەت پێکردنیان بە کشانەوە لەناو شارەکان و سەر سنوورەکان، وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ واشنتۆن.

لەنێو گرووپە چەکدارەکاندا دابەشبوونێکی ڕوون هەیە، هەندێکیان جۆرێک لە نەرمی دەنوێنن، بەڵام گرووپە سەرەکییەکانی وەک (کەتیبەکانی حزبوڵا و نوجەبا) بەتوندی هەر مەرجێک بۆ دانانی چەکەکانیان ڕەت دەکەنەوە. ئەم چەقبەستووییە وای کردووە لایەنە سیاسییەکان بیر لە پەنابردن بۆ مەرجەعیەتی باڵا لە نەجەف بکەنەوە، تاوەکوو ڕێگریی بکرێت لەوەی سزاکانی ئەمریکا سێکتەرە هەستیارەکانی وەک بانکی (ناوەندی و کۆمپانیای سۆمۆ) بگرێتەوە.

👤
Live: 67 Today: 690 📊 Click Here