ئارنۆڵد؛ ئێمە بۆ کات بەسەربردن بەشداری جامی جیهانی ناکەین

گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دوای مسۆگەرکردنی بلیتی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 و بردنەوە لە هەڵبژاردەی بۆلیڤیا رایگەیاند، شێرەکانی ڕافیدەین لە پاڵەوانێتییەکەدا هیچ شتێکیان نییە لەدەستی بدەن و بە عەقڵیەتی بردنەوەوە ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی فەڕەنسا و نەرویج و سێنیگال دەبنەوە.

هەروەها ئاماژەی بە ئەزموونی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوسترالیا لە مۆندیالی 2022 کرد کە سەرەڕای شکستیان بەرامبەر فەڕەنسا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، بەڵام توانییان ئەوە یارییە بکەنە بە یاری هەڵسانەوەی خۆیان و لە تونس و دانیمارک ببەنەوە و بگەنە قۆناغی 16، ئێستاش دەیەوێت هەمان ڕۆحیەت لە ناو یاریزانە عێراقییەکاندا بچێنێت تاوەکو جیهان سەرسام بکەن لە چەند مانگی داهاتوودا لە جامی جیهانی.

راهێنەرە ئوسترالییەکە دووپاتی کردەوە کە یاریکردن بەرامبەر ئەستێرە گەورەکانی وەک کیلیان ئێمباپێ و ئیرلینگ هالاند شانازییەکی گەورەیە بۆ یاریزانانی عێراق کە پێشتر ئەزموونی رووبەڕووبوونەوەی یاریزانی لەو شێوەیەیان نەبووە بەڵام جەختی کردەوە کە سەرەڕای ڕێزگرتن لەو ناوانە ئەوان تەنها بۆ بەشداریکردن ناچنە ئەمریکا بەڵکو هەوڵ بۆ تۆمارکردنی ئەنجامی چاوەڕواننەکراو دەدەن.

کاماڤینگا؛ئەوروپا لە ڕەفتارەکانی ڤینسیۆس تێناگەن

کاماڤینگا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی ئی ئێس پی ئێن، ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەربێلوا هەمان رۆحییەتی کارلۆ ئەنچیلۆتی هەیە و بە شێوازێکی مرۆیی و نزیک مامەڵە لەگەڵ یاریزانەکاندا دەکات.

ئەو یاریزانە باسی لەوەش کردوە راهێنەرەکەیان زۆر جار دوای مەشق و راهێنانەکان بە دیاریی وەک دۆنات و بسکیت سەرسامیان دەکات، ئەمەش وایکردووە یاریزانەکان هەست بە بەختەوەری بکەن، جەختیشی کردەوە کاتێک یاریزان دڵخۆش بێت دەتوانێت باشترین ئاست لە ناو یاریگادا پێشکەش بکات.

سەبارەت بە پێگەی خۆی لە ناو پێکهاتەکەدا، کاماڤینگا دووپاتیکردەوە کە دەیەوێت لە چوارچێوەی یاریزانی یەدەگ بێتە دەرەوە و ڕۆڵێکی سەرەکیتر و بەردەوامتری لە ناو یاریگادا هەبێت چونکە پێیوایە کاتێک رۆحیەتی تیمەکە باش بێت، هەموو شتێک ئاسان دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، کاماڤینگا بەرگری لە ڤینیسیۆس جۆنیۆری هاوڕێی کرد و رایگەیاند کە ئەوروپا لە رەفتارەکانی ڤینیسیۆس تێناگەن، لە کاتێکدا لە بەڕازیل و ئەمریکا ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە زۆر ئاسایین.

جەختیشی کردەوە کە ڤینیسیۆس کەسایەتییەکی زۆر سادەی هەیە و هەمیشە یەکەم کەسە بۆ هاوکاریکردنی یاریزانە لاو و نوێیەکانی یانەکە

دیل پیێڕۆ؛جێگای شەرمەزاریە ئیتاڵیا ناگاتە مۆندیال

دوای شکستەکەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە پاڵاوتنی مۆندیال بەرامبەر بۆسنا،هێرشێکی توندی میدیایی کرایە سەر هەڵبژاردەکە و ئەستێرە و ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ئەو وڵاتە بەتوندی ڕەخنەیان لەو حاڵەی هەڵبژاردەکە گرت.

لای خۆیەوەی ئەلیساندرۆ دیل پیێڕۆ ئەفسانەی تۆپی پێی ئیتاڵیا لەسەر ئەم ڕووداوە وتی؛بەڕاستی جێگای شەرمەزاریە ئیتاڵیا سەرنەکەوتووە بۆ مۆندیال،کە ئەمە بۆ سێیەمین جاری بەدوای یەکتریە و ئێستا وەک شتێکی ئاسایی دەرەکەوێت،بەداخەوەم ئیتاڵیا نەوەیەکی تەواو لەدەست دەدات بەبێ مۆندیال،وە دەبێتە 20 ساڵیش ئیتاڵیا گۆڵێکی نابێت لە مۆندیالدا لەکاتێکدا خاوەنی چوار مۆندیالە.

ئیتاڵیا دوێنێ شەو بە لێدانە یەکلاییکەرەوەکان لەخاڵی سزا بە بۆسنا دۆڕا و بۆ سێیەمین جاری بەدوای یەکتری نەگەیشتە مۆندیال،کە ئەمە وەک گەورەترین کارەسات لەمێژووی تۆپی پێی ئیتاڵیا دادەنرێت.

“سەرکار ڕێبوار”

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئامادەیی بۆ وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم و بەدیهێنانی خۆبژێوی ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ دەستپێکردنی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم ڕاگەیاند و پێشبینی دەکات ئەمساڵ عێراق بگاتە ئاستی خۆبژێوی.

حەیدەر نووری ئەلگەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە ڕایگەیاند: “کۆمپانیاکەمان هەموو ڕێکارە پێویستەکانی بۆ وەرزی ئێستای بەبازاڕکردنی گەنم گرتووەتە بەر و هەموو کۆگا و سایلۆکان لە پارێزگاکان ئامادە کراون بۆ وەرگرتنی بەرهەمی ئەم وەرزە.”

گەرعاوی گوتی: پێشبینی دەکرێت عێراق بگاتە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمی گەنم بۆ ئەمساڵ، بەپێی ئەو بڕەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ دیاری کردووە و لە نێوان ٤ بۆ ٤.٥ ملیۆن تۆندایە.

گەرعاوی ڕوونی کردەوە کە پڕۆسەی کۆگاکردن لە هەموو پارێزگاکان بەڕێوە دەچێت و توانای پێویست لە کۆگاکاندا هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی جووتیاران دەیهێنن بۆ بەبازاڕکردن.

سەبارەت بە پارەی جووتیاران، ئاماژەی بەوە کرد کە دیاریکردنی شێواز و کاتی خەرجکردنی پارەکە لە ئەستۆی وەزارەتی دارایییە، کە بەرپرسە لە دابینکردنی تەرخانکراوە داراییەکان و دەستپێکردنی پێدانی شایستەکان.

‎حکوومەت داشکاندنێکی خستە واری جبەجێکردنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای داشکاندنی ڕێژەی 45%، بڕیارى داشکاندنێکی دیکەى کرێی خوێندن بە ڕێژەی 20% کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە.

لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە: “لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاوڵاتیان و خانەوادەی خوێندکاران و قوتابیان و ئەو دۆخەی کە ناوچەکە دوچاری هاتووە، دوای کۆبونەوەی نا ئاسایی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا پێشنیاری داشکاندنی کرێی خوێندنی خستە ڕوو.”

ئاماژە بەوە دراوە بەپێى ئەو دەسەڵاتەى پێیان دراوە بڕیاردرا بە؛

1- داشکاندنی کرێی خوێندن بە ڕێژەی 20% سەرەڕای داشکاندنی پێشوو کە بریتییە لە ڕێژەی 45%، بەمەرجێک قوتابی- خوێندکار تا 3ی 5ی 2026 تەواوی قیستەکانی بدات.

2-ئەم بڕیارە سەرجەم ئاستەکانی خوێندنی بەرایی (پارالێل و ئێواران) و خوێندنى باڵا (دیبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بۆ ساڵی 2025 – 2026ی زانکۆ حکوومییەکان دەگرێتەوە.

3-جێبەجێکردنى ئەم بڕیارە بەدەرە لەو داشکانانەى کە پێشووتر لەلایەن وەزارەتمانەوە ئەنجام دراون.

لیستی مووچە و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت

لیستی مووچەی مانگی ئازار و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت .

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ( ٢٩ ی ئازاری ٢٠٢٦) لیستی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت و سبەی دووشەممە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

٢٩ ی ئازاری ٢٠٢٦

قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە هەڵگیرا

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بڵاوی کردەوە: “دوای بەدواداچوونمان بۆ بەرهەمی تەماتە لەگشت سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆمان دەرکەوت کە ئەو بەرهەمە لەبازاڕەکان زۆر کەمبووەتەوە و نرخی بەرزبووەتەوە.”

ئاماژە بەوە دراوە: “پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی کشتوکاڵی، بڕیارماندا بەهەڵگرتنی قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە لەدەرەوەی ووڵات.”

جەخت کراوەتەوە، بڕیارەکە لە ڕوژی 29/3/2026ەوە جێبەجێ دەکرێت و کاری پێدەکرێت.

ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی زیو بۆ سەرووی 70 دۆلار بەرز دەکاتەوە

​ ​ئەمڕۆ دووشەممە، هاوکات لەگەڵ پێنجەم هەفتەی شەڕ و ناجێگیریی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی زیو لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەی تۆمار کرد،نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو بە ڕێژەی1.17% واتە 80 سەنت زیادی کرد و گەیشتە سەرووی 70 دۆلار.

​ئەم هەڵکشانەی نرخی زیو دوای ئەوە هات کە گرژییەکانی ناوچەکە ڕوویان لە زیادبوون کرد، بەتایبەت دوای چوونە ناوەوەی حوسییەکانی یەمەن بۆ ناو ململانێکان و کردنی ئیسرائیل بە ئامانج. ئەمەش مەترسییەکی جددی لەسەر پاراستنی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە دەریای سووردا دروست کردووە.

​لە لایەکی ترەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئەمریکا دوای ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە، خەریکی هەڵسەنگاندنە بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەوینی. ئەم دۆخە نادیارە وای کردووە بازاڕەکان پێشبینی بکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا ڕێژەی سوود بەرز بکاتەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییانە بوو کە پێشتر بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود هەبوون.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەهۆی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینی

​ئەمڕۆ سێشەممە، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی بەرچاوی تۆمار کرد، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند ئامادەیە کۆتایی بە ململانێکانی لەگەڵ ئێران بهێنێت، تەنانەت ئەگەر تەنگەی هورمزیش بە داخراوی بمێنێتەوە.

​بەپێی ئامارەکانی بازاڕی وزە، نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە 7 دۆلار دابەزی و لە 114 دۆلارەوە بۆ 107 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 3 دۆلاری لەدەست دا و نرخەکەی لە 105 دۆلارەوە گەیشتە 102 دۆلار.

​جێگەی ئاماژەیە، ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر ئێران تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج. پێدەچێت گۆڕانی هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا هۆکارێکی سەرەکی بووبێت بۆ ئارامبوونەوەی بازاڕەکان و کەمبوونەوەی ترس لە پچڕانی دابینکردنی نەوت.

ڕاوێژکاری سوودانی: پلانێکی تایبەت بۆ دابینکردنی مووچە دارێژراوە

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ جەختی کردەوە کە سیاسەتی ئێستای حکومەت بەردەوامیی پێدانی مووچە و دەرماڵەی چاودێری کۆمەڵایەتی مسۆگەر دەکات. ناوبراو سێ سەرچاوەی سەرەکی بۆ بەردەوامیی خەرجییەکان دیاری کرد و ڕایگەیاند کە عێراق دەتوانێت بە کاراییەوە ڕووبەڕووی شۆکە دارایی و ئابوورییە جیهانییەکان و ئالنگارییەکان ببێتەوە. ساڵح ڕایگەیاند: “دابینکردنی خەرجییە مانگانەکانی مووچە، کرێ، خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی لە سایەی ئالنگارییە ئابوورییەکانی ئێستا و گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا، ئەولەویەتێکی لە پێشینەیە.” ئەو سێ سەرچاوەیەی مووچە دەستەبەر دەکەن: ١. زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان: کاراکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ کۆکردنەوەی داهاتەکان، بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواو بە نەوت. ٢. فراوانکردنی هەناردەی نەوت: بەکارهێنانی هەموو ڕێگاکانی گواستنەوە (وشکانی و دەریایی) لە ڕێگەی وڵاتانی دراوسێوە. ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی نەوت بە ڕێژەی ٧٠٪ بەرزبووەتەوە بەراورد بە پێش دەستپێکردنی گرژییەکان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ داپۆشینی خەرجییەکان. ٣. هەماهەنگیی دارایی و نەختینەیی: چڕکردنەوەی هەماهەنگی نێوان سیاسەتی نەختینەیی (بانکی ناوەندی) و سیاسەتی دارایی، کە پشتگیری دەکرێت لەلایەن یەدەگی دراوی بیانیی بەهێزی عێراقەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی مووچە بەبێ وەستان بەردەوام بێت.

👤
Live: 26 Today: 58 📊 Click Here