کاتێک بەغدا دەبێتە پاشکۆی شەڕە سەگەکەی پارتی و یەکێتی!

سەربەست حوسێن مەحموود

“کاتێک پایتەخت دەبێتە بارمتەی چەتەکانی باکوور، ئیتر ناوی دەنێین چ دەوڵەتێک؟” ئەمە ئەو پرسیارە گاڵتەجاڕییەیە کە ئێستا عێراقییەکان لێی دەپرسن. دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، عێراق بەتەواوی لە بۆشاییەکی سیاسی و ئیداریی کوشندەدا دەژی و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی وەستاوە. هۆکارەکەشی تەنها ناکۆکیی نێوان شیعەکان نییە لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی یان محەمەد شیاع سودانی، بەڵکو کارەساتە گەورەکە ئەوەیە کە بەغدا دەبێت چاوەڕێی مۆڵەتی دوو بنەماڵەی مافیایی بکات لە هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) کە تەنانەت ناتوانن لەسەر دابەشکردنی داهاتی قاچاخچێتی و پۆستەکانی خۆشیان ڕێکبکەون!

پارتی و یەکێتی کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ەوە نەیانتوانیوە حکومەتی هەرێم پێکبهێنن و پەرلەمانی کوردستانیان ئیفلیج کردووە، ئێستا هەمان ڤایرۆسی ئیفلیجیان گواستووەتەوە بۆ بەغدا. لەکاتێکدا سووننەکان توانییان سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن، دەسەڵاتدارانی کورد چارەنووسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیان خستووەتە ناو بازاڕی سەودا و مامەڵەی شەخسییەوە. یەکێتی بە ئاشکرا پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ڕەتدەکاتەوە و دەیبەستێتەوە بەوەی کە دەبێت پارتی جارێکی تر پشتگیری بکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا، پۆستێک کە بۆ کورد هیچ نییە جگە لە ڕەمزێکی بێمانا، بەڵام بۆ سەرکردەکانی حیزب ئامرازێکە بۆ کۆکردنەوەی سامان و پەیوەندی بەستن لەگەڵ میلیشیاکان. ئەم گرێدانەی قەیرانی هەولێر بە بەغداوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە پەرلەمانی عێراق ناچار بێت دانیشتنەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوابخات، تەنها لەبەر ئەوەی دوو ئاغاکەی کورد نەیانتوانیوە پشکی یەکتر لە تاڵانییەکاندا یەکلایی بکەنەوە.

ئەمە ترۆپکی بێشەرمییە کاتێک دوو حیزب کە خۆیان بە “نوێنەری کورد” دەزانن، نەک تەنها میللەتی خۆیان لەسەر خاکی خۆیان برسی و بێماف کردووە، بەڵکو ئێستا بوونەتە هۆکاری ناسەقامگیری بۆ تەواوی عێراقیش. لەکاتێکدا عێراق و ناوچەکە بەدەست هەڕەشەی شەڕی هەرێمایەتی و کێشەی ئابوورییەوە دەناڵێنن، ئەم بازرگانە سیاسییانە تەنها خەمی ئەوەیانە کە کام وەزارەتی ناوخۆ، دژەتیرۆر، یان دەروازەی سنووری دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵیان بۆ ئەوەی داهاتەکەی بدزن. بۆ ئەوان، نە عێراق و نە کوردستان هیچ بەهایەکی نیشتمانییان نییە؛ تەنها شتێک کە گرنگە، مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ئەو سیستەمە پاتڕۆناژ و تاڵانکارییەیە کە خۆیان و میلیشیا شیعەکانیش پێی قەڵەو دەبن.

ئایا دەوڵەتێک کە بەهۆی دوو بنەماڵەی چەتەی شاخەکانەوە نەتوانێت سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێت، دەکرێت ناوی بنرێت دەوڵەت؟ یان تەنها کۆمپانیایەکی هاوبەشە بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت بەسەر ئۆلیگارشییەکاندا؟

نەوتی کوردستان: سامانێک بۆ حیزب، نەفرەتێک بۆ میللەت!

مارف خدر نوری

کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤دا هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، بەڵێنی دروستکردنی “دوبەی دووەم” و ئابوورییەکی سەربەخۆ درا بە خەڵک. بەڵام ئەمڕۆ، دوای زیاتر لە دە ساڵ لە هەناردەکردنی سەدان ملیۆن بەرمیل نەوت، واقیعی تاڵی کوردستان بریتییە لە: مامۆستا و فەرمانبەری بێ مووچە، گەنجی بێکار کە لە ڕێگەی قاچاخدا لە دەریای ئیجەدا دەخنکێن، و ژێرخانێکی وێران کە ناتوانێت کارەبا و ئاوی خواردنەوەی سەرەتایی دابین بکات. پرسیارە گەورەکەی کە هەر هاوڵاتییەک دەیکات ئەمەیە: پارەی ئەو هەموو نەوتە بۆ کوێ چوو؟ وەڵامەکە سادەیە: لە جیاتی ئەوەی ببێتە مایەی گەشەسەندنی نیشتمان، بووەتە سووتەمەنییەک بۆ قەڵەوکردنی کۆمپانیاکانی سەر بە پارتی و یەکێتی و دروستکردنی چینێکی ئۆلیگارشی کە لەسەر حیسابی برسیێتیی خەڵک دەژین.​

ئیدارەدانی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە لەناو ژوورە تاریکەکان و دوور لە چاوی پەرلەمان و شەفافیەت بەڕێوەچووە. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە بەشێکی زۆری گرێبەستە نەوتییەکان پڕن لە پارەی پێشەکیی شاراوە کە ڕاستەوخۆ دەچنە گیرفانی کەسایەتییە باڵاکانی دەسەڵاتەوە لەبری خەزێنەی گشتی. ئەم پارە زەبەلاحانە، کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێن، لە جیاتی وەبەرهێنان لە کەرتی تەندروستی یان دروستکردنی کارگەی نیشتمانی، گواستراونەتەوە بۆ هەژمارە بانکییە تایبەتەکانی دەرەوەی وڵات، کڕینی موڵک و خانوو لە ئەوروپا و ئەمریکا، و بەهێزکردنی تۆڕەکانی  (خزمخزمێنە) بۆ کڕینی دەنگی هەڵبژاردن و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن.

ئەوەی دۆخەکە کارەساتبارتر دەکات ئەوەیە کە ئەم گەندەڵییە تەنها سامانی گشتیی بەفیڕۆ نەداوە، بەڵکو هەرێمی کوردستانی لە ڕووی ئابوورییەوە تەواو ناسەقامگیر و ئیفلیج کردووە. بەهۆی نەبوونی متمانە و شەفافیەت، بەغدا توانی بە ئاسانی ئەم دۆسیەیە لە دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێم بەکاربهێنێت و لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەناردەی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە ڕابگرێت. ئێستا کە دەسەڵاتدارانی کورد بۆ مووچە دەپاڕێنەوە لای بەغدا، دەرکەوت کە هیچ یەدەگێکی داراییاندروست نەکردووە بۆ ڕۆژە سەختەکان. کاتێک پرسیار لە شەفافیەت دەکرێت، دەسەڵاتداران پاساوی “ڕێگریکردن لە دەستتێوەردانی بەغدا” دەهێننەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ناڕوونییە تەنها بۆ شاردنەوەی ئەو تاڵانییەیە کە خۆیان دەیکەن

کوردانی تاراوگە هۆشداری دەدەن: میلیشیاکان عێراق پەلکێشی جەنگی ئەمریکا و ئێران دەکەن

لە چالاکییەکی نوێدا، ڕێکخراوی داکۆک لە هەردوو شاری لەندەن و مانچستەر گردبوونەوەی جەماوەرییان ئەنجامدا دژی هەژموونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق. پەیامی سەرەکی خۆپیشاندانەکە ئیدانەکردنی ئەو مەترسییانە بوو کە ئەم میلیشیایانە دروستی دەکەن لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی. ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ململانێکانی حەشدی شەعبی، مەترسییەکی گەورەیە و خاکی عێراق دەکاتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران. ڕێکخراوی داکۆک داوای هەڵوێستی جدی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا کرد بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەم گروپە چەکدارانە کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وێنەکان

ئابوورییە سێبەرەکەی موەلیدەکان

ئامانج مەحموود

ئەگەر پێت وایە کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە نەبوونی ژێرخان یان غازەوە هەیە، ئەوا زۆر هەڵەیت! نەبوونی کارەبا پرۆژەیەکی بازرگانیی زەبەلاحە کە بە پارەی گیرفانی هاوڵاتیی هەژار بەڕێوە دەچێت و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی ئەو ئۆلیگارشی و بەرپرسە سیاسییانەی کە خاوەنی تۆڕی بەرفراوانی موەلیدە ئەهلییەکانن. لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بە شانازییەوە باس لە پڕۆژەی “ڕووناکی” دەکات بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و بانگەشەی کوژاندنەوەی زیاتر لە ٧,٠٠٠ موەلیدە دەکات ، واقیعە تاڵەکە ئەوەیە کە “مافیای موەلیدەکان” بەئاسانی دەستبەرداری ئەو ملیاران دۆلارە نابن کە ساڵانە لە گیرفانی خەڵک دەیدۆشن. ئەمە کەرتی خزمەتگوزاری نییە، ئەمە ڕووتاندنەوەیەکی ڕێکخراوە بە پاڵپشتیی دەسەڵات!

لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بازاڕی موەلیدە ئەهلییەکان ئابوورییەکی سێبەری ترسناکی دروست کردووە کە بەهاکەی ساڵانە دەگاتە زیاتر لە ٤ ملیار دۆلار. ئەم تۆڕە زەبەلاحە تەنها خاوەن موەلیدە سادەکان نین کە دەیانبینین، بەڵکو پەیوەستن بە سیاسەتمەدارە باڵاکان، بازرگانە قۆرخکارەکان و “مافیاکانی هاوردەکردنی سووتەمەنی” کە ڕۆژانە بە هەزاران تانکەر گازوایلی کوالێتی نزم و قاچاخ دەهێننە ناوەوە. هەر بۆیە، هەرکاتێک حکومەت هەوڵ دەدات کەرتی کارەبا چاک بکات یان بیخاتە ژێر سیستەمێکی نیشتمانییەوە، ئەم تۆڕە گەندەڵییە دەستبەجێ هەوڵی پەکخستنی دەدەن؛ چونکە ڕووناکبوونەوەی ماڵی خەڵک بە واتای وشکبوونی سەرچاوەی داهاتە خەیاڵییەکەی ئەوان دێت. ئایا چاوەڕێ دەکەیت بەرپرسێک کە مانگانە ملیۆنان دۆلار لە فرۆشتنی گازوایل بۆ موەلیدەکان قازانج دەکات، ڕێگە بدات تۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێریت هەبێت؟

حکومەت ئێستا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی موەلیدەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی، خەڵک لە دەستی موەلیدە ئەهلییەکان ڕزگار دەکات. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنها گۆڕینی شێوازی تاڵانکردنەکەیە. لەبری ئەوەی خەڵک پارە بداتە خاوەن موەلیدەکان، ئێستا دەبێت هەمان ئەو بڕە پارە خەیاڵییە، بە ناوی کرێی کارەبای نیشتمانییەوە (کە نرخەکەی چەند هێندە بەرزکراوەتەوە) بداتە کۆمپانیاکانی سەر بە حیزب کە گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی کارەبایان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە. واتە، هاوڵاتیی بێمووچە هەر دەبێت باجەکە بدات، تەنها جیاوازییەکە ئەوەیە کە پێشتر پارەکەی دەدایە گیرفانی ڕاستی دەسەڵات، ئێستا دەیداتە گیرفانی چەپی!

ئەمە ئەو تەڵە گەورەیەیە کە دەسەڵاتی کوردی بۆ میللەتەکەی خۆی ناوەتەوە؛ سیستەمێک کە لەسەر بنەمای قەیران دروست بووە، هەرگیز ناتوانێت قەیران چارەسەر بکات، چونکە چارەسەربوون بە واتای مردنی ئەو مشەخۆرانە دێت کە لەسەر خوێن و ئارەقی خەڵک دەژین.

مافی پەنابەری درایە یاریزانانی ئێران

دوای ڕووداوەکانی هەڵبژاردەی خانمانی ئێران لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا هەرایەکی زۆر کەوتە نێو وڵاتی ئوسترالیا،کە میوانداری ئەو پاڵەوانەتیەی دەکرد،دوێنێ لەکاتی گەڕانەوەیان لە فڕۆکەخانە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران ئامادە نەبوون سواری فڕۆکەبن و لە پاسەکەیان دابەزن.

ئەم بابەتە تۆپی پێ و وەرزشی تێپەڕاند و یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتیە سیاسیەکانی دونیای هێنایە سەر هێڵ ئەویش دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بوو،کە لەڕێگەی پۆستێکەوە بەرپرسانی ئوسترالیای ئاگادار کردەوە مافی پەنابەری بداتە یاریزانانی ئێران،ئەگەرنا خۆیان پێیان دەدەن.

ڕاستەوخۆ دوای قسەی ترەمپ ئوسترالیا مافی پەنابەری دایە ئەو یاریزانانە،بە بیانووی هەبوونی مەترسی لەسەر گیانیان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت.

“سەرکار ڕێبوار”

رافاێل لۆزان: قەتەڕ سەلامەت نیە بۆ فینالیسیما

لە نوێترین پێشهاتدا سەبارەت بە چارەنووسی یاریی فینالیسیما لە نێوان ئیسپانیا و ئەرجەنتین رافایل لۆزانی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەکرد کە قەتەر جێگایەکی باشنیە لە ئێستادا بۆ یارییکردن.

وتیشتی سەلامەتی یاریزانەکانمان لەهەمووشتێک گرنگترەوە و هەرگیز کارێک ناکەین گیانیان لە مەترسیدا بێت لۆزان جەختی لەوەشکردەوە کە زۆرینەی یاریزانەکانی هەردوو هەڵبژاردە لە کیشوەری ئەوروپا یاریی دەکەن هەربۆیە باشترین جێگا بۆ ئەنجامدانی فینالیسیما ئەوروپایە.

لە کۆتاییدا رافایل لۆزان ئەوەی ئاشکراکرد کە لە نزیکترین کاتدا بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین بڕیاریی کۆتایی لەسەر شوێنی بەڕێوەچوونی یاریی فینالیسیما دەدەین.

پێش مۆندیال ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا وازدەهێنێت

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کایڵ وۆڵکەری یاریزانی یانەی بێرنلی دوای 14 ساڵ یاری کردن وازهێنانی خۆی لە یاری نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و پەیامێکی ئاڕاستەی هاندەرانی و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کرد.

لە پەیامەکەیدا وۆڵکەر دەڵێت؛دەمەوێت زۆر سوپاسی هاندەرانی هەڵبژاردەکە بکەم،کە پاڵپشتی سەرەکی ئێمە بوو بۆ کاتە سەختەکان و زۆر سوپاسی یاریزانان و هاوڕێکانم دەکەم بۆ ئەو ماوەیە هاوکارم بوون،بۆ مۆندیال دەمەوێت لەدوورەوە هانیان بدەم تاکو بگەینە خەونە گەورەکەمان.

وۆڵکەر ئێستا تەمەنی 35 ساڵە و لەماوەی یاری کردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا 96 یاری ئەنجامداوە و خاوەنی تاکە گۆڵێکە،لەمۆندیالی 2022ی قەتەر یەکێک بوو لە یاریزانە ئاست بەرزەکانی هەڵبژاردەکە لەو کاتەدا.

“سەرکار ڕێبوار”

فیفا؛ مۆندیاڵ لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت

سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی شەڕ، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە مۆندیالی 2026 لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا 11ی حوزەیران تا 19ی تەممووز لە هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت.

هایمۆ شێرگی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کارەکانی فیفا، ڕایگەیاند کە مۆندیال ڕووداوێکی یەکجار گەورەیە و دواخستنی مەحاڵە، ئاماژەشی بەوە کرد کە فیفا ڕۆژانە چاودێری دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتی هەڵبژاردەکان.

یەکێک لە تەوەرە گەرمەکانی ئێستا، ئەگەری کشانەوەی هەڵبژاردەی ئێرانە لە پاڵەوانێتییەکە بەهۆی دۆخی سیاسی و سەربازییەوە هەرچەندە ئێران لە کۆمەڵەی حەوتەمدایە، بەڵام بەپێی یاساکانی فیفا، کشانەوە لە دوای تیروپشک سزای توندی دارایی و وەرزشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە ڕەنگە سزاکەی بگاتە 555 هەزار یۆرۆ و بێبەشکردنی لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکا لە قۆناغەکانی کۆتاییدا هەیە، کە ئەمە ڕەهەندێکی سیاسیی قووڵ دەبەخشێتە یارییەکە، بەتایبەت لە سایەی سنووردارکردنی گەشتکردن بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی لەلایەن ئیدارەی تره‌مپەوە، هەرچەندە وەرزشوانان لەو بڕیارە بەدەر کراون.

ئێستا فیفا هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لە نێوان پاراستنی یارییەکە و ئەو ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییانەدا دروست بکات کە بەرۆکی جیهانی وەرزشی گرتووە

ئاربێلوا؛ بۆ یارییەکەمان ئامادەین

لە کونگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەلڤارۆ ئاربێلوا ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید دەربارەی ئامادەیی خۆیان دڵنیایی دایە هاندەران و بە ڕوونی ئاشکرایی باسی لەبەهێزی تیپەکەی کردەوە سەرڕای هەموو شتێک.

ئاربێلوا وتی؛ئێمە ئامادەین بۆ یاریەکە و هەمیشە ڕیاڵ مەدرید پاڵوێراوی سەرەکی بووە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ،ئێمە مەدریدین،هەزگیز خۆمان لەکەس بەکەمتر نازانین.

ڕیاڵ مەدرید ئەمشەو کاتژمێر 11:00ی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان میوانداری یانەی مان ستی دەکات و بەگۆمەڵێک زەحمەتی تێپەڕ دەبێت و کۆمەڵێک ئەستێرەی مێرێنگی بەهۆی پێکانەوە دادەبڕێن.

“سەرکار ڕێبوار”

بەفەرمی ئێران بڕیاری کۆتاییدا لەسەر بەشداری کردنی لە مۆندیال

بەهۆی ئاڵۆزی و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکچوونی باری ئەمنی وڵاتی ئێران،لەهەموو ڕوویەکەوە ئەو وڵاتە کەوتە قەیران و تۆپی پێش یەکێکی دیکەیە لە قوربانیەکانی ئەو شەڕە.

ئەمڕۆ لە لێدوانێکیدا وەزیری وەرزشی وڵاتی ئێران بەفەرمی ڕایگەیان،بەهۆی ئاڵۆزی وڵاتەکەیان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین سەفەری مۆندیال بکەن و ناتوانن بەشداری ئەو مۆندیاله بکەن،کە قەرارە لە 11ی مانگی شەشی ئەمساڵ دەست پێبکات.

ئێران کەوتۆتە کۆمەڵەی حەفتەمی مۆندیالەکە،هاوشانی بەلجیکا و میسر و نیوزلەندا خۆی دەبینێتەوە،بەڵام ئەم بڕیارەی وەزیری وەرزشی ئێران بارودۆخەکەی لە هەڵبژاردەکە گۆڕی و ئیتر ئێران و مۆندیال بوونەتە خەونێک.

“سەرکار ڕێبوار”

👤
Live: 67 Today: 413 📊 Click Here