کەریم بنزیما تووشی پێکان بوو

یانەی هیلالی سعودی لە راگەیاندرواێکی فەرمیدا ئاماژەیان بەوەکردووە کە کەریم بینزیمەی ئەستێرەی یانەکەیان لە ماسولکەکانی قاچی راستیدا تووشی پێکانبووە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە هێرشبەرەکە بۆ یاریی بەرامبەر تەعاون بەم هۆکارە دوورخراوەتەوە و بەشداری ناکات،لەلایەکیترەوە ڕاکان ئەلوابێلی پزیشکی سعودی لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە جۆری پێکانەکەی بینزیمە بەوشێوەیە کە پێویستە پشوو بدات.

ئەمەش نیگەرانی بەرپرسانی هیلالی لێکەوتووەتەوە چونکە یانەکە لە رکابەریکردنی نازناوی خولی رۆشەن لە قۆناغێکی سەختدان و پێویستییەکی زۆرییان بە تواناکانی ئەو ئەستێرە فەرەنسییە هەیە.

ئۆبیمیکێڵ ڕەخنەی توند لە مۆرینیۆ دەگرێت

لە نوێترین کاردانەوەکانی ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردووی یاری نێوان ڕیاڵ مەدرید و بێنفیکا،جۆن ئۆبیمیکێڵی ئەستێرەی نەیجیری و یاریزانی پێشووی چێڵسی ڕەخنەی توند لە مۆرینیۆی ڕاهێنەری بێنفیکا دەگرێت.

لە لێدوانێکیدا جۆن ئۆبیمیکێڵ ڕایگەیاند،کە مۆرینیۆ هەرگیز نەدەبوو بڵێت ڤینسیۆس نابێ بەو جۆرە ئاهەنگ بگێڕێت،چونکە ڤینسیۆس یاریزانێکی گەورەیە و لەکاتی گۆڵ تۆمار کردندا ئازادە چۆن ئاهەنگ دەگێڕێت.

ئۆبیمیکێڵ زیاتر دوا و وتی؛دڵنیام ڕەگەزپەرستی کراوە بەرامبەر ڤینسیۆس،بەڵگەش زۆرن،بەڵام شوێن و کات دیاری ناکرێت بۆ سزادانی تاوانبارەکان،بەداخەوەم بۆ ئە، حاڵەتانە.

“سەرکار ڕێبوار”

کۆرتوا؛ هەر یاریزانێک دەمی شاردەوە لەکاتی قسە کردندا دەبێ سزا بدرێت

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا پێش یاری بەرامبەر یانەی بێنفیکا،تیبۆ کۆرتوای گۆڵپاریزی یانەی ڕیاڵ مەدرید چەند لێدوانێکی بۆ میدیاکاندا و پێشوازی لە بڕیارێکی نوێی فیفا کرد و پاڵپشتی خۆشی دەربڕی بۆ سزادانی پرێستیانی.

سەبارەت بە سزادانی پرێستیانی کۆرتوا وتی؛من پاڵپشتی هەر سزا و یاسایەک دەکەم،کە دژی ڕەگەزپەرستیە،ئەمەش وا دەکات ئاژاوەکانی یاریگا لەو ڕووە نەمێنن و کۆتایی بەو سوکاتیانە دەهێنێت.

کۆرتوا دەربارەی دانانی دەست لەسەر دەمیان لەکاتی قسە کردن لەگەڵ یاریزانی بەرامبەر وتی؛من پێشوازی لەو یاسایە دەکەم،چونکە لەیاریەکانی دیکە یاریزانان میکرۆفۆنیان لەسەر دەم هەیە و ناوبژیوان ئاگاداری هەموو شتێکە،بەڵام ئەمە تۆپی پێی و ئاڵۆزە.

“سەرکار ڕێبوار”

راشفۆرد ئامادەیە قوربانی بدات لەپێناو مانەوەی

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە یانەی بەرشەلۆنە هەوڵەکانی دەستپێکردووە بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی داهاتووی مارکۆس راشفۆرد بە مانەوە لە یانەکەیان یان گەڕاندنەوەی بۆ مانچستەر یونایتد.

بەرپرسانی یانە کەتەلۆنیەکە ئامانجیان ئەوەیە گرێبەستی ئەو یاریزانە بکەنە هەمیشەیی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە یانەی مانچستەر یونایتد ئامادەنییە نرخەکەی دابەزێنێت و تەنها بەرامبەر بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ دەیفرۆشێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، یانە کەتەلۆنیەکە داوایان لە راشفۆرد کردووە بەشێک لە مووچەکەی کەمبکاتەوە تا بتوانن گرێەبستەکەی بکەنە هەمیشەیی و ئەو 30 ملیۆن یۆرۆیە بەدەستبهێنن تا پێشکەشی مانچستەر یونایتدی بکەن.

رۆژنامەکە دڵنیاییداوە لەوەی کە هێرشبەرە ئینگلیزیەکە رازیبووە بەوەی جاریکیتر بەشێک لە مووچەکەی کەمبکاتەوە لەپێناو ئەوەی گرێبەستێکی چەند ساڵی لەگەڵ یانە کەتەلۆنیەکە ئیمزابکات.

ئاڵۆزی دەکەوێتە ماڵی میلان،ئەلێگری دەیەوێت بڕوات

لە نوێترین هەواڵەکانی ئیتاڵیا ئەمڕۆ ماڵپەڕی سپۆرت ئیتاڵیا نیشانەی خستە سەر ماڵی ئەی سی میلان و کێشەیەکی نوێی ئەو یانەیەی ئاشکرا کرد،کە ئەویش مانەوە یان ڕۆیشتنی ماسیملیانۆ ئەلێگری ڕاهێنەرە.

بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕەکە بێت،ئەلێگری دەیەوێت تاکو مانگی سێی ئەمساڵ هەڵسەنگاندن بکات بۆ تیپەکە و پاشان بڕیاری مانەوە یان ڕۆیشتن بدات،ئەمەش جگە لەو ناڕەزایەتیانەی ڕاهێنەرەکە هەیەتی لە ئیدارەی میلان بەهۆی خراپی کارکردنیان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە مێرکاتۆکاندا.

میلان و ئەلێگری ئەم وەرزە هەڵبەست و دابەستی زۆریان بینیوە لە ڕکابەریەکان و لە خولی ئیتاڵی یانەکە دووەمینی ڕیزبەندیە و 10 خاڵ دوورە لە ئینتەر میلانی یەکەمەوە بۆندەکەی ئەلێگریش لەگەڵ میلان تاکو هاوینی ساڵی 2027 بەردەوامە.

“سەرکار ڕێبوار”

ئاس؛ یاریزانە یەدەگەکانی ڕیاڵ مەدرید جیاوازی دروست ناکەن

یانەی ریاڵ مەدرید لەم وەرزەدا بەبارودۆخێکی باشدا تێناپەرێت بەجۆرێک ئاستی یانەکە بەبەردەوام لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەدایە لە دۆخێکی جێگیردا نیە.

رۆژنامەی ئاس راپۆرتێکی سەبارەت بە یاریزانە جێگرەوەکانی ئەم وەرزەی ریاڵ مەدرید بڵاوکردووەتەوە کە کەمترین کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئەنجامەکانی مێرێنگی.

لە راپۆرتەکەی رۆژنامە ئیسپانییەکەدا هاتووە کە ریاڵ لەم وەرزەی لالیگا تەنها دوو گۆڵیان لە رێگەی یاریزانی یەدەگەوە تۆمارکردووە بەجۆرێک فران گارسیا بەرامبەر ریاڵ بیتس گۆڵی پێنجەمی تۆمارکردوو و ڤینیسیۆسیش بەرامبەر ریاڵ ئۆڤیدۆ گۆڵی سێیەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.

لەلایەکیترەوە بەرشەلۆنە بەسەرکردایەتی فلێک زۆرترین سودیان لە گۆرانکارییەکانیان وەرگرتووە و بەجۆرێک لەم وەرزە خولی ئیسپانیا 13 گۆڵیان لەرێگەی ئەو یاریزانانەوە تۆمارکردووە کە تایمی دووەم بەشدارییان کردووە.

مەترسیی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق هەیە

ئابووریناسێكی عێراقی هۆشداری له‌باره‌ی چاكسازییه‌كانی حكوومه‌تی فیدرالیی عێراق ده‌دات و پێیوایه‌ نابێت ده‌ستكاریی مووچه‌ و قووتی فه‌رمانبه‌ران بكرێت و چاكسازی ده‌بێت له‌ نه‌وت و گرێبه‌ستی كۆمپانیا و كرێكارە بیانییه‌كان بكرێت.

نه‌بیل مەرسوومی، ئابووریناسی عێراقی له‌ پلاتفۆڕمی خۆی له‌ (فه‌یسبووك)، هێرشی توندی كردووه‌ته‌ سه‌ر سیاسه‌تی سه‌ركرده‌كانی عێراق و ده‌ڵێت: “چاکسازی بە کەمکردنەوەی پارە و هاندانی فه‌رمانبه‌ران دەست پێناكات، به‌ڵكوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە شێوە جۆراوجۆرەکانیەوە دەست پێدەکات، لە گرێبەستەکانی نەوت و کارەبا و گواستنەوە، له قاچاخچێتیی نه‌وت و گرێبه‌ستی كۆمپانیا بیانییه‌كان دەست پێدەكات.“

ئەوەشی خستە ڕوو: “مووچە گرنگترین بەشی ژیانی تاكی عێراقی پێك ده‌هێنێت و بڕینی مووچە خواستی بەکاربەر کەم دەکاتەوە، بەم شێوەیەش خواستی گشتی کەم دەبێتەوە و داكشانی ئابووری قووڵتر ده‌بێته‌وه. له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێویستە چاکسازی لایەنی ئابووریی به‌رزبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پشتیوانی سیاسی و جەماوەری ده‌كرێت بۆ سەرکەوتنی چاکسازی بەڵام چاکسازی بە کونکردنی گیرفانی فەرمانبەران نییە”.

مه‌ڕسومی ئاگاداری ئه‌وه‌شی دا، نه‌وت تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی داهات و سه‌رمایه‌ی سه‌ره‌كیی بودجه‌ی گشتیی عێراقه‌، به‌بێ نه‌وت داهاتی ئابووری توشی داڕمان ده‌بێت و هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌ كاره‌كانی نه‌وت دروست بێت، زیان به‌ هه‌موو عێراق ده‌گه‌ێنێت. ده‌بێت بزانین چاكسازی له‌ مووچه‌ و هاوسه‌نگكردنی گرنگە، به‌ڵام نەك لە ڕێگەی كەمكردنەوەی مووچەی خاوەن مووچە مامناوەندییەكان، بەڵكوو لە ڕێگەی ‌چاره‌سه‌ركردنی گه‌نده‌ڵی و كەمكردنەوەی مووچه‌ی بڕوانامه‌ی تایبه‌تەكان و ئیمتیازاتی به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ مووچه‌كانیان كه‌مه‌.

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەڵمانی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/25، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەڵمانی کرد بە سەرۆکایەتی جیزا ئەندریاس ڤۆن گەیر بریکاری وەزارەتی دەرەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دانیال کرێبەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا .

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاری ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کردەوە.

هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، هەوڵ و گفتوگۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم ئاڵوگۆڕ کرا.

هه‌ولێر.. پێگه‌یه‌كی شوێنەواری كۆن لە باغلومناره‌ی هەولێر دۆزرایەوە

-زیاتر له‌ 100 كه‌لـله‌ی سه‌ری مرۆڤ و پاره‌ی کۆن و خڕخاڵ و ملوانکە و بازنێکی ئاسن و گۆزەی تێدایه‌

له‌ گه‌ڕه‌كی باغلومناره‌ی شاری هه‌ولێر له‌ كاتی كاركردن له‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كاندا، پێگه‌یه‌كی شوێنه‌واری كه‌ گۆڕیكی به‌كۆمه‌ڵه‌ دۆزرایه‌وه‌‌ و زیاتر له‌‌ 100 كه‌لـله‌سه‌ری مرۆڤ و پاره‌ی كۆن و خڕخاڵ و ملوانكه‌ و بازنی ئاسن و گۆزه‌ی تێدایه‌.

به‌پێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری هه‌ولێر، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا تیمی شوێنەواریی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر لە ناوچەی باغلومنارەی شاری هه‌ولێر پێگه‌یه‌كی شوێنه‌واری كه‌ گۆڕێکی بەکۆمەڵه‌ دۆزراوەتەوە كه‌ پێده‌چێت مێژووه‌كه‌ی بۆ نزیكه‌ی 1400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌.

هه‌ر به‌پێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری هه‌ولێر له‌و شوێنه‌دا تا ئێستا پاشماوه‌ی زیاتر له‌ 100 كه‌لـله‌سه‌ری مرۆڤ و پارەی کۆن و دوو خڕخاڵی بڕۆنز و دوو مرواری ملوانکە و بازنێکی ئاسن و چوار پارچه‌ گۆزه‌ له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌كاندا دۆزراونەتەوە و بۆ یەکلاییکردنەوەی ڕاستییەکانیش، نموونەی DNA ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە بۆ پشکنینی وردی زانستی.

هه‌ر به‌پێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری هه‌ولێر ئه‌و پێگه‌ شوێنه‌وارییه‌ لە نزیک شەقامێکی گەڕەکی باغلومنارەی شاری هەولێره‌ و له‌ كاتی كاركردندا کرێکارەکان ژمارەیەک ئێسکه‌سەری مرۆڤیان بینیوه‌ و دواتر تیمەکان ئاگه‌دار كراونه‌ته‌وه‌ و دوای کنەوپشکنینی پێگه‌كه‌ دەرکەوتووه‌ كه‌ شوێنەوارێکی مێژوویییه‌ و ژمارەیەک سکەی زیو و زیاتر له‌ 100 کەلـلەسەری مرۆڤ و پارەی کۆن و دوو خڕخاڵی بڕۆنز و دوو ملوانکەی مرواری و بازنێکی ئاسن و چوار پارچەی گۆزە لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە.

کەشناسی: لەم ناوچانەدا باران و بارانی مامناوەند دەبێت

ئەمڕۆ چوارشەممە 25-2- 2026

کەش /ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لە ناوچە شاخاویەکان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت.

خێراى با / لەسەرخۆ ( 5 – 15) دەبێت.

ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات.

مەوداى بینین / لە نێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت.

پلەکانی گەرما / کەمێک نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ:

هەولێر 17 پلەی سیلیزی

پیرمام 14 پلەی سیلیزی

سۆران 16 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران 6 پلەی سیلیزی

سلێمانی 17 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 18 پلەی سیلیزی

دهۆک 17 پلەی سیلیزی

زاخۆ 17 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 18 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 22 پلەی سیلیزی

سبەى پێنچشەممە 26-2- 2026

کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت بە گشتی، کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەکی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ سەر بەشێک لە ناوچە شاخاویەکانی سنووری ئیدارەی سۆران و سەرجەمی ناوچە جیا جیاکانی سنووری پارێزگای دهۆک ئیدارەی زاخۆ باران بارین لەم ناوچانەدا بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەبێت هاوکات بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاویە سنووریەکان دەبارێت .

خێراى با / لەسەرخۆ – مام ناوەند ( 10 – 25). لە دوای نیوەرۆ زیادبوونی خێرایی با بۆ سەرووی 25کم/کاتژمێر دەبێت.

ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات.

مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 9 ) کم/ک.

پلەکانی گەرما / کەمێک بەرز دەبێتەوە بەڵام لە ناوچە شاخاویەکان نزم دەبێتەوە بە (2 – 3 ) پلە بە بەراورد لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر 18 پلەی سیلیزی

پیرمام 15 پلەی سیلیزی

سۆران 16 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران 5 پلەی سیلیزی

سلێمانی 18 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 19 پلەی سیلیزی

دهۆک 15 پلەی سیلیزی

زاخۆ 16 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 19 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 23 پلەی سیلیزی

تێبینی// سبەی لە کاتی زیادبوونی خێرایی با لە سنووری باشوری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان و سنووری پارێزگای کەرکوک ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی کەم هەیە.

25/2/2026

👤
Live: 41 Today: 492 📊 Click Here