مێسی لە بەردەم گرەوێکی گەورەدایە لە مۆندیالی 2026

​لەگەڵ نزیکبوونەوەی جامی جیهانی، ئامار و ڕکابەریی نێوان ئەستێرە مێژووییەکانی تۆپی پێ دووبارە دەبنەوە جێی سەرنجی میدیاکان.

بەپێی داتا فەرمییەکان، لە کاتێکدا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی و نێیمار دا سیلڤای بەڕازیلی پێشتر لە کاروانی وەرزشی خۆیاندا توانیویانە “هاتریک” (تۆمارکردنی سێ گۆڵ لە یەک یاری دەرەوە) لە یارییەکانی مۆندیالدا بکەن، لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی مێژوویی ئەرژەنتین، سەرەڕای بەدەستهێنانی نازناوی جامی جیهانی، هێشتا لە چەندین بەشداریی ڕابردوودا نەیتوانیوە لە هیچ یەکێک لە یارییەکانی مۆندیالدا هاتریک تۆمار بكات.

ڕاپۆرتە وەرزشیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ​ئەم مۆندیالە دەبێتە دوایین دەرفەت بۆ مێسی تا بتوانێت ئەم گرەوە مێژووییە لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت و ناوی خۆی لەم ڕیکۆردەشدا لە پاڵ ڕکابەرە دێرینەکانیدا بنووسێتەوە.

نۆیەر دوای 700 ڕۆژ دەگەڕێتەوە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا

لەنێو بڵاوکردنەوەی لیستی یاریزانە بانگهێشت کراوەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ناوی مانوێل نۆیەریش خراوەتەوە نێو لیستەکە،کە گۆڵپارێزەکەی بایرن میونخ پێش 700 ڕۆژ وازهێنانی خۆی لەیاری نێودەوڵەتی ڕاگەیاند بوو،بەڵام لەسەر داوای نایگلیسمانی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە گەڕاوەتەوە و بۆ مۆندیالیش بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەکو گۆڵپارێزی سەرەکی بەرگری لەتۆڕی مانشافت دەکات،کە دەبێتە 5 بەشداری کردنی مانوێل لە مۆندیالەکاندا.

سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی بەرەو 40 ساڵی،بەڵام ئەم وەرزە نۆیەر خەیاڵی بوو لەگەڵ بایرن میونخ و یانەکەشی گرێبەستەکەی تاکو ساڵێکی دیکە نوێکردەوە،بۆ مۆندیالیش جارێکی دیکە لەنێو مەکینەکانی مانشافت دەبیندرێتەوە،کە دەبێتە بەتەمەنترین یاریزان لەمۆندیالدا یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کردبێت.

شایەنی باسە لەنێو لیستەکەدا ناوی جەمال موسیالا و جۆشوا کیمیچ و هاڤێرتز دەبیندرێن،بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە تێر شتیگن بانگهێشت نەکراوە،ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێکانە یەک لەدوای یەکانەی گۆڵپارێزەکە و دابەزینی ئاستی لەم وەرزەدا.

“سەرکار ڕێبوار”

نرخی بیتکۆین زیاتر دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی ئەم دواییانە

​لە بەردەوامیی شەپۆلی دابەزینی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکاندا، نرخی بیتکۆین (کە گەورەترین دراوی کڕیپتۆیە لە جیهاندا) پاشەکشەیەکی نوێی تۆمارکرد و لە دواین مامەڵە ڕاستەوخۆکانی ئەمڕۆدا بۆ 77,190.6$ دابەزی.

​ئەم دابەزینە نوێیە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دراوەکە لە دەوروبەری 78,000 دۆلاردا جێگیر ببوو، بەڵام بەردەوامیی گرژییە جیۆسیاسییەکان لە ناوچەکە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بۆرسەی ئەمریکا، ترسی زیاتری لای وەبەرهێنەران دروستکردووە و بووەتە هۆی فرۆشتنی زیاتری دراوە دیجیتاڵییەکان.

​شیکەرەوە داراییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مانەوەی بیتکۆین لە خوار ئاستی 80,000 دۆلار و بەردەوامبوونی لە دابەزین بەرەو هێڵی 77 هەزار دۆلار، نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی بازاڕەکە لەژێر فشارێکی توندی فرۆشتندایە و تا بارودۆخی سیاسی و ئابووری جیهان سەقامگیر نەبێت، ئەستەمە بەم نزیکانە بەربەستە سەرەکییەکان بشکێنێتەوە.

به هۆی بەزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی هیندستان ڕەخنە لە حکوومەت دەگرن

زیادبوونی نرخی سووتەمەنی بۆ دووەم جار لە ماوەی هەفتەیەکدا لە هیندستان، ناڕەزایەتیی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی لێ کەوتەوە. مالیکارجۆن خارگێ، ڕێبەری پارتی کۆنگرێسی هیندستان دەڵێت ئەم هەنگاوە بارێکی قورستر دەخاتە سەر شانی خەڵک. حکوومەت دەڵێت ئەم زیادکردنە بۆ پڕکردنەوەی تێچووەکانی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی سووتەمەنی پێویستە. هەرچەندە زیادکردنی ئەم دوایییە کەمتر لە ڕوپیەیەکە، بەڵام مەترسیی هەیە کاریگەریی لەسەر هەڵاوسان هەبێت. گرژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و سنوورداربوونی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، زۆر وڵاتی بەرانبەر تەحەددیی زیادبوونی تێچووی سووتەمەنی ڕاگرتووە. دوێنێ لە چەند وڵاتێکی ئەفریقاش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە ناڕەزایەتی و ئاڵۆزی ڕووی دا. زۆرینەی وڵاتانی ئەفریقا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، بەتەواوی پشت بە هاوردەکردن لە کەنداوی عەرەبی دەبەستن.

نرخی نەوت لە پاشەکشەکردنی بەردەوامە

​ئەمڕۆ، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت نزمبوونەوەی زیاتری بەخۆوە بینی و بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو کەمێک چوونە دواوەی تۆمار کرد.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 110.1 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو 60 سەنت دابەزیوە. هاوکات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش زیاتر پاشەکشەی کرد و گەیشتە 103.0 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو 90 سەنت دابەزین نیشان دەدات.

​ئەم دۆخەی ئێستای بازاڕ لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران هێشتا بەگومانن لە ئەنجامی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەنێوان ئێران و ئەمریکا؛ چونکە تاوەکو ئێستا گەرووی هورمز بەنزیکەیی بە ڕووی کەشتییەکاندا داخراوە. ئەمەش وایکردووە دابینکردنی نەوت لە جیهاندا تووشی کێشەی جیدی ببێتەوە و سەرڕای دابەزینە کاتییەکان، نرخەکان هێشتا لەژێر فشاری کێشەی دابینکردنی وزەدا بە بەرزی بمێننەوە.

دادگای عێراق بڕیارێکی “کۆتایی” دا: باجی 20٪ـی سەر کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت هەڵوەشێندرایەوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دەرکرد و تێیدا بڕیاری پێشووی حکومەت بۆ سەپاندنی باجی 20٪ بەسەر کارتەکانی پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایل و ئینتەرنێت هەڵوەشاندەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیارەکە وەک “نایاسایی” و “پێچەوانەی دەستوور” لەقەڵەم درا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی رایگەیاند، ئەنجوومەنی تانەلێدان (مجلس الطعن) کە تایبەتە بە بڕیارەکانی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، حوکمێکی کۆتایی دەرکردووە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو بڕیارەی کە باجی 20٪ی خستبووە سەر خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت.

بەپێی راگەیەندراوەکەی دادگا، ئەو بڕەی کە بە ناوی “کرێی خزمەتگوزاری” وەردەگیرا، لە راستیدا “باجی فرۆشتن” بووە. دادگا جەختی کردووەتەوە کە بەپێی ماددەی (28/ یەکەم) لە دەستووری عێراق، هیچ باج و رسووماتێک ناسەپێندرێت مەگەر بە “یاسایەک” نەبێت کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەربچێت، نەک بە بڕیاری حکومەت یان دەستەی راگەیاندن.

دادگا ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی کاربەڕێکەر یان دەستە جێبەجێکارەکان دەسەڵاتی ئەوەیان نییە بارگرانیی دارایی نوێ بخەنە سەر شانی هاووڵاتییان بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی یاسادانان، هەر بۆیە بڕیارەکە هەموو شوێنەوارە یاساییەکانی لەدەستداوە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.

ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە هات کە بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای “ئەسیەر” (زەین عێراق) تانەی یاسایی لە بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان دابوو، دادگاش تانەکەی قبووڵ کرد و بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.

حکومەتی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2026دا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی، بڕیاری دابوو باجی 20٪ (کە پێشتر لە ساڵی 2022 لادرابوو) جارێکی دیکە بخاتەوە سەر کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکەوتبووەوە.

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیەی دادگا، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت بۆ نرخی پێشووی خۆیان دابەزنەوە و ئەو باجە زیادەیە لەسەر هاووڵاتییان هەڵبگیرێت.

دوای دوو مانگ لە چاوەڕوانی.. ٣ نەوتهەڵگری زەبەلاح بە ٦ ملیۆن بەرمیل نەوتەوە لە گەرووی هورمز چوونە دەرەوە

داتاکانی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتیوانی (LSEG) و (Kpler) ئاشکرایان کرد، ئه‌مڕۆ چوارشەممە دوو نەوتهەڵگری زەبەلاحی جۆری (VLCC) لە گەرووی هورمز چوونەتە دەرەوە و نەوتهەڵگرێکی دیکەش لە ڕێگادایە بۆ دەرچوون، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە کەنداوەکەدا گیریان خواردبوو و شه‌ش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بارکردووە.

ئەم کەشتیانە لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەوە گەرووەکەیان جێهێشتووە کە لەلایەن ئێرانەوە دیاریکراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، جموجۆڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە توندی پەکی کەوتووە، کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی پێداویستیی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو.

دەقی زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە کەشتییەکان :

له‌لایه‌کی دیکەوە، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەوتهەڵگرێکی بەتاڵی قوبرسی بە ناوی (Grand Lady) لە کەناراوەکانی دوبەی لەنگەری گرتووە و بە ئامێری نیشاندانی شوێنی (Transponder)ی کوژاوەوە چووەتە ناو گەرووی هورمز.

رۆیته‌رز

وەزیری دارایی؛ پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەكەین كە بۆ باشترکردنی سیستەمی بانکیی هەرێم بێت

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، پاڵپشتی خۆی بۆ بەڕێوەبەری گشتی نوێی بانکی ناوەندی هەرێم/سلێمانی دووپات دەکاتەوە و سەرجەم بەڕێوەبەری بانکەکانیش دڵنیادەکاتەوە هەر کەس خزمەت بە پێشکەوتنی سیستمی بانکی لە هەرێم بکات پشتیوانی تەواوی لێ دەکەن.

ڕۆژی چوارشەممە (٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری ، لە کۆبوونەوەیەکدا و بە ئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەری بانکە حکومییەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کەمال ڕەئوف، وەک بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی هەرێم / سلێمانی بەوەکالەت کرد.

هاوکات وەزیری دارایی ڕایگەیاند؛ وەک هەمیشە پاڵپشتی کارەکانی بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی و سەرجەم بانکەکانی دیکە دەکەن بە ئامانجی پێشخستنی سیستمی بانکیی و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە مووچەخۆران و هاووڵاتیانی دەکەن، جەختیشی کردەوە نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا بانکەکان متمانەی هاووڵاتیان سەرمایەداران و خاوەنکاران لەدەست بدەن.

هاوکات تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دروستکردن و کاراکردنی بانکی نیشتمان و لقەکانی لە هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگاکان. لەگەڵ خستنەڕووی بایەخ و گرنگی ئەو بانکە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان لە ڕووی شەفافیەت و چاکسازی و بەرەوپێشبردنی سیستەمی دارایی و بانکیی، جەختیشیکردەوە هاوشێوەی ماوەکانی ڕابردوو بەهەموو شێوەیەک پشتیوان و هاوکار دەبن لە سەرپێخستنی ئەو بانکە کە پڕۆژەیەکی نیشتمانی گرنگە. لایخۆشیەوە کەمال ڕەئوف، ڕایگەیاند؛ لەڕابردوودا بەپشتیوانییە بەردەوامەکانی وەزیری دارایی هەرێم، توانیویانە کارەکانیان بەباشی ئەنجام بدەن و سوپاسی دووبارە پشتیوانی جەنابیانی بۆ ئەرکە نوێکەی کرد و داوای لە سەرجەم بەڕێوەبەری بانکەکان کرد وەک یەک تیم پێکەوە کاربكەن بۆ خزمەتی هاووڵاتیان .

بۆ چوارەم مانگ لەسەر یەک عێراق هەناردەی نەوتی بۆ ئوردن راگرتووه

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی خاوی عێراقی بۆ ئوردن بۆ چوارەم مانگ لەسەر یەک ئاشکرا کرد، ئەمەش بەپێی ئەوەی زانیارییەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” نیشانیان داوە. سەرچاوەکە بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، ئەو زانیارییانەی لە سۆمۆوە دەرچوون، دەرخەری ئەوەن کە عێراق لە ماوەی سێیەکی یەکەمی ئەمساڵدا (چوار مانگی یەکەم) هیچ بڕە نەوتێکی خاوی بۆ ئوردن هەناردە نەکردووە، ئەمەش لە ئەنجامی کۆتاییهاتنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆکراوی نێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ مانەوەی دۆسیەی هەناردەکردنەکە لە چاوەڕوانیی نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەردوو لایەن. زیاتی کرد، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەستراوەتەوە بە نوێکردنەوەی ڕێککەوتنە فەرمییەکە کە میکانیزمی هەناردەکردن و ئەو نرخە فەزڵییانە (ئیمتیازیانە) ڕێکدەخات کە پەسەندکراون، و ڕوونی کردەوە کە ڕاگرتنی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ڕێکاریی پەیوەندیدار بە کۆتاییهاتنی ماوەی یاداشتەکەی پێشوو، نەک هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە یان کۆتاییهێنان بە هاوکاریی نەوتیی نێوان بەغدا و عەممان. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئوردن ڕۆژانە بڕی نێوان ١٠ هەزار بۆ ١٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە عێراق هاوردە دەکات، بە نرخێکی فەزڵی کە کەمترە لە نرخە جیهانییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوکاریی نەوتیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتدا.

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت .

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ( ٢٠ ی ئایاری ٢٠٢٦) لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت و سبەی پێنج شەممە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت.

تێبینی؛ سەبارەت بەدیاریکردنی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، لە ڕووی ژمێریاریەوە ئەو بابەتە پەیوەستە بە ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانەو تاکۆتایی مانگی ئایار و ناردنی سەرجەم داتاکان لە یەکە ژمێریاریەکانەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری بە دیار ناکەوێت داهاتی مانگی ئایار چەندەو چەندەش پشکی حکومەتی فیدراڵە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری. ٢٠ ی ئایاری ٢٠٢٦

👤
Live: 36 Today: 400 📊 Click Here