قەڵغانی دیموکراسی یان دیواری پۆڵایینی گەندەڵکاران
خوێندراوەتەوە: (487)

سورێن حەمە کەریم

لە تیۆرییە سیاسییەکان و لە دەقی دەستوورەکاندا، پارێزبەندیی پەرلەمانی وەک قەڵغانێکی پیرۆز بۆ پاراستنی نوێنەرانی گەل دیزاین کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ ترس لە هەڕەشەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن قسە بکەن و لێپرسینەوە بکەن. بەڵام لە عێراقدا، ئەم چەمکە دیموکراسییە گۆڕاوە بۆ یەکێک لە گەورەترین و گاڵتەجاڕترین ئامرازەکانی پاراستنی گەندەڵی. کاتێک دەسەڵاتداران ڕایدەگەیەنن کە پارێزبەندییان لە کۆمەڵێک یاسادانەر سەندووەتەوە بۆ ئەوەی لە هەڵمەتە ٤٧ کەسییەکەی ناوچەی سەوزدا دەستگیریان بکەن، ئەمە نیشانەی سەرکەوتنی یاسا نییە، بەڵکو دانپیادانانێکی مەترسیدارە بەوەی کە پەرلەمان خۆی بووەتە گەورەترین پەناگەی ئارام بۆ ئەوانەی پارەی وڵات تاڵان دەکەن. لەبری ئەوەی پارێزبەندی بۆ گوزارشتکردن لە بیروڕا بێت ، لێرە بووەتە “بەربەستێکی پێکهاتەیی کە ڕێگە بە حیزبەکان دەدات دزەکانیان لەناو باڵەخانەی یاساداناندا بشارنەوە و مەرج دابنێن بۆ هەر هەوڵێکی دەستگیرکردن. ئاخر کام دیموکراسییە ڕێگە دەدات نوێنەرێک ملیاران دینار بدزێت و دواتر بە پاساوی پارێزبەندییەوە لەسەر کورسییەکەی دابنیشێت و پێبکەنێت، تا ئەو کاتەی حیزبەکەی بڕیار دەدات بیفرۆشێت؟.

ئەمە پێمان دەڵێت کە لە عێراقدا، سیستەمەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە دەزگای یاسادانان خۆی دەبێتە دوژمنی سەروەریی یاسا. کاتێک حکومەت ناچار دەبێت پرۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆزی ڕێککەوتنی سیاسی بگرێتەبەر تەنها بۆ ئەوەی پارێزبەندی لە یاسادانەرێکی گەندەڵ بسەنێتەوە، ئەمە مانای وایە کە یاسا لەسەر هەمووان وەک یەک جێبەجێ نابێت. ئەگەر خەڵکی ئاسایی بۆ دزینی پارچە نانێک ڕاستەوخۆ دەستگیر بکرێت، بۆچی دەبێت نوێنەرەکەی بۆ دزینی ملیۆنان دۆلار پێویستی بە مۆڵەتی حیزبەکەی هەبێت بۆ دادگاییکردنی؟ پارێزبەندی لەم وڵاتەدا ئامرازێک نییە بۆ دیموکراسی، بەڵکو قفڵێکە لەسەر دەرگای دادگاکان، و تەنها ئەو کاتە دەکرێتەوە کە دەسەڵاتداران بیانهەوێت نمایشی “پاکسازی” بەسەر شاشەکاندا پەخش بکەن.