کێ پاسەوانی خەزێنەکە بوو؟
خوێندراوەتەوە: (317)

سەلاح حسن محمد

کاتێک دۆسیەی دزینی پتر لە ١١٥ ملیار دینار لە هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق بە تۆمەتی سەرەکیی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، مەناف عەبدولمونعیم، دێتە سەر زمان، یان کاتێک دەبیستین لە دۆسیەکەی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، عەدنان جومەیلی، دەست بەسەر دەیان ملیۆن دۆلار، ٣١ ملیار دینار، ٧٠ خانوو و شوقە، ٢١ سەیارە و کێلۆکانی زێڕدا گیراوە، نابێت چاومان تەنیا لەسەر ناوی تۆمەتبارەکان بێت. پرسیارە گەورەکە و جێگەی سەرنجی ڕاستەقینە لێرەدایە: لە کاتی کۆکردنەوە و حەشارانی ئەم هەموو سەرمایە زەبەلاحەدا، دەزگا چاودێرییەکانی دەوڵەت لە کوێ بوون؟ کێ پاسەوانی خەزێنەی گشتی بوو؟

ئەم دۆسیانە پێش ئەوەی تاوانباربوونی چەند کەسێک بسەلمێنن، فەشەلی گەورەی ئەو دامەزراوانە دەسەلمێنن کە ئەرکیان پاراستنی سامانی گشتی و دۆزینەوەی سەرپێچییە داراییەکانە. ناکرێت لە وڵاتێکدا دەیان لێژنەی وردبینی، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەسپاکی و لێژنەی پەرلەمانی هەبن، کەچی گەندەڵی بگاتە ئاستی کڕینی گەڕەکێک لە خانوو و کۆگایەک لە زێڕ و کەس پێی نەزانێت. ئەمە پێمان دەڵێت کە سیستمی چاودێری لە ناوەوە ڕزیوە؛ یان هێندە سەرەتایی و سستە کە توانای بینینی ئەم شاڵاوە گەورانەی نییە، یان بە ئەنقەست و لەژێر فشاری سیاسی و بەرتیلدا چاوی خۆی نوقاندووە.

ئەگەر دەزگا فەرمییەکان تەنیا کاتێک دەجووڵێنەوە کە کار لە کار ترازابێت و پارەکە غەیب بووبێت، ئەوا بوونی ئەو دامەزراوانە چیدیکە بەهایەکی نییە. چاکسازی لەوەوە دەست پێناکات کە کێ تێوەگلاوە، بەڵکو لەوەوە دەست پێدەکات کە ئەو سیستمی چاودێری و پشکنینە چاک بکرێتەوە کە ڕێگەی داوە جومگەیەکی وەک وەزارەتی نەوت یان فڕۆکەوانی مەدەنی ببێتە حەوزی مەلەکردنی چەتەکان. تا کاتێک دامەزراوە چاودێرییەکان لەژێر هەژموونی حیزب و کوتلە هێزداره‌کاندا بن و نەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ و پێشوەختە ڕێگری لە تاوان بکەن، خەزێنەی دەوڵەت هەمیشە وەک ماڵێکی بێدەرگا دەمێنێتەوە کە هەموان دەتوانن تێیدا ببڕن و بدزن.