دوای دوو مانگ لە چاوەڕوانی.. ٣ نەوتهەڵگری زەبەلاح بە ٦ ملیۆن بەرمیل نەوتەوە لە گەرووی هورمز چوونە دەرەوە
خوێندراوەتەوە: (1.6K)

داتاکانی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتیوانی (LSEG) و (Kpler) ئاشکرایان کرد، ئه‌مڕۆ چوارشەممە دوو نەوتهەڵگری زەبەلاحی جۆری (VLCC) لە گەرووی هورمز چوونەتە دەرەوە و نەوتهەڵگرێکی دیکەش لە ڕێگادایە بۆ دەرچوون، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە کەنداوەکەدا گیریان خواردبوو و شه‌ش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بارکردووە.

ئەم کەشتیانە لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەوە گەرووەکەیان جێهێشتووە کە لەلایەن ئێرانەوە دیاریکراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، جموجۆڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە توندی پەکی کەوتووە، کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی پێداویستیی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو.

دەقی زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە کەشتییەکان :

له‌لایه‌کی دیکەوە، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەوتهەڵگرێکی بەتاڵی قوبرسی بە ناوی (Grand Lady) لە کەناراوەکانی دوبەی لەنگەری گرتووە و بە ئامێری نیشاندانی شوێنی (Transponder)ی کوژاوەوە چووەتە ناو گەرووی هورمز.

رۆیته‌رز