ئێندریک بە فەرمی کۆتایی بە گەشتەکەی لەگەڵ لیۆن هێنا

ئێندریکی هێرشبەری لاوی بەڕازیلی دوای کۆتایی هاتنی ماوەی خواستنەکەی لە یانەی لیۆنی فەڕەنسی بە فەرمی ماڵئاوایی لە هاندەرانی ئەو یانەیە کرد و بڕیاری گەڕانەوەی بۆ ڕیزەکانی ڕیاڵ مەدرید دا.

ئەم ئەستێرە تەمەن ١٩ ساڵانە کە لە زستانی ڕابردوو بەهۆی کەمی خولەکەکانی یاریکردنی لە مەدرید ڕووی لە خولی فەڕەنسی کردبوو توانی لەو ماوە کورتەدا بە تۆمارکردنی پێنج گۆڵ و حەوت ئەسیست ئاستێکی بەرز نیشان بدات و متمانە بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە یانە ئیسپانییەکە نایەوێت بیگەڕێنێتەوە بەڵام درەوشانەوەی ئێندریک و تێپەڕاندنی کێشە دەروونییەکانی وایکرد هاوکێشەکان پێچەوانە ببنەوە و شوێنی خۆی لە پێکهاتەی وەرزی داهاتووی سپیپۆشەکاندا بکاتەوە.

ئێندریک لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە سوپاسی یانەی لیۆنی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا بە ئەزموونێکی زۆرتر و بەسەرکەوتوویی دەگەڕێتەوە بۆ قەڵای سپی تاوەکو لەژێر سەرپەرشتی ئەنچیلۆتی درێژە بە کاروانە وەرزشییەکەی بدات.

گواردیۆلا پیرۆزبایی لە ئارسناڵ دەکات

پیپ گواردیۆلا دوای لەدەستدانی نازناوەکە رایگەیاند کە تەنها یەک ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە و ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای دڵخۆشی زۆری لە مانچستەر سیتی بەڵام بڕیاری کۆتایی لەبارەی مانەوە یان رۆیشتنی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی یانەکە لە کۆتایی وەرزدا دەدرێت.

لە کاتێکدا میدیاکان باس لەوە دەکەن یانەکە لەگەڵ ئینزۆ ماریسکا گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ شوێنگرتنەوەی پیپ

راهێنەری مانچستەر سیتی لەبارەی یەکسانبوونیان بەرامبەر بۆرنمۆس روونی کردەوە کە یارییەکی زۆر سەخت بوو و یاریزانەکانی توانیان گۆڵ تۆمار بکەن بەڵام کاتەکە درەنگ بوو.

هەروەها گلەیی ئەوەی کرد کە گۆڵێکی ته‌واوی ئیرلینگ هالاند بە بیانووی ئۆفساید رەتکراوەتەوە و تەکنەلۆژیای ڤار پێداچوونەوەی بۆ نەکردووە.

سەرەڕای لەدەستدانی نازناوەکە گواردیۆلا ستایشی ماندووبوونی یاریزانەکانی کرد کە تا کۆتا سات جەنگاون و بە فەرمی پیرۆزبایی نازناوی پریمەر لیگی لە یانەی ئارسناڵ و میکێل ئارتێتا کرد و دووپاتی کردەوە کە تۆپچییەکان بە تەواوی شایستەی ئەم دەستکەوتە مێژووییە بوون دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشکەشیان کرد.

شۆکێکی گەورە بۆ ئیسپانیا

فێرمین لۆپێزی یاریزانی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەهۆی تووشبوون بە پێکانێکی سەخت لە پێیدا، بەشداریی لە جامی جیهانی ٢٠٢٦ ناکات.

ئەم یاریزانە ٢٣ ساڵەیە لە یاریی نێوان بەرشلۆنە و ڕیاڵ بێتیسدا کە بە بردنەوەی ٣-١ بۆ بەرشلۆنە کۆتایی هات تووشی شکانی ئێسکی پێنجەمی پێی ڕاستی بوو. سەرەڕای ئەوەی نەشتەرگەرییەکەی بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە، بەڵام یانەی بەرشلۆنە هێشتا وادەیەک بۆ گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان دیاری نەکردووە.

لۆپێز لە پەیامێکدا لە ئینستاگرام ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرباری ئەوەی ئەم دۆخە بۆی زۆر قورسە، بەڵام وەک ئاڵنگارییەکی نوێ لە ژیانی وەرزشیدا سەیری دەکات و بەڵێنی گەڕانەوەیەکی بەهێزتر دەدات. ئەو ئێستا بەنیازە لە ماڵەوە وەک هاندەرێک پشتگیری هاوڕێکان و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکات.

ئەم یاریزانە خاوەنی حەوت یاریی نێودەوڵەتییە و پێشبینی دەکرا ناوی لە لیستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ جامی جیهانی هەبێت، کە بڕیارە لیستی کۆتایی یاریزانەکان ڕۆژی دووشەممە ڕابگەیەنرێت. ئیسپانیا لە جامی جیهانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیکدا لە کۆمەڵەی هەشتەمدایە و لە ١٥ی حوزەیران یەکەم یاری خۆی بەرامبەر کەیپ ڤێردی ئەنجام دەدات و پاشان ڕووبەڕووی سعودیە و ئۆرۆگوای دەبێتەوە.

لۆپێز لەم وەرزەدا بەشداری ٤٨ یاری کردووە و سەرەڕای پێکانی ماسولکەی ڕان، توانیویەتی ١٣ گۆڵ تۆمار بکات و ١٧ گۆڵیش دروست بکات، هەروەها بەشێک بووە لەو پێکهاتەیەی کە ئیسپانیا لە یۆرۆی ٢٠٢٤ سەرکەوتنی پێ بەدەستهێنا.

مۆرینیۆ دەگەڕێتەوە ڕیال مەدرید و دەسەڵاتی ڕەهای پێدەدرێت

​میدیاکانی ئیسپانیا و ئەوروپا ئاشکرایان کردووە کە یانەی ڕیال مەدرید گەیشتووەتە ڕێککەوتن لەگەڵ خۆزێ مۆرینیۆ، ڕاهێنەری پورتوگالی، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا (2026-2027) سەرکردایەتی یانەکە بگرێتە دەست.

ئەم بڕیارەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی، سەرۆکی یانەکە، دوای ئەوە دێت کە یانەی شاهانە وەرزێکی بێ نازناوی لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئاربێلوا بەڕێکرد و دوچاری چەندین کێشەی ناوخۆیی لە ژووری جلگۆڕیندا بووەوە؛ بۆیە پێرێز، مۆرینیۆ بە گونجاوترین کەس دەزانێت بۆ گەڕاندنەوەی دیسپلین و سەقامگیری بۆ تیپەکە.

​بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان و سەرچاوە ئیسپانییەکان، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی مۆرینیۆ بۆ واژۆکردنی گرێبەست، پێدانی دەسەڵاتی تەواو و ڕەها بووە لەناو یانەکەدا. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو پیاوە پورتوگالییە دەبێتە بەرپرسی یەکەم و کۆتایی لە پرۆسەی کڕینی یاریزانانی نوێ و بەڕێکردنی ئەو یاریزانانەی کە لە پلانەکانیدا نین، بەبێ ئەوەی کارگێڕی یانەکە دەستوەردان لە بڕیارەکانیدا بکات.

مۆرینیۆ کە پێشتر لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 ڕاهێنەری ڕیال مەدرید بووە، لە ئێستاوە دەستی بە داڕشتنی پلانی وەرزی نوێ کردووە و داوای بەهێزکردنی هێڵی بەرگری و ناوەڕاستی یانەکەی کردووە.

جێی باسە، چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی خولی ئیسپانی، ڕیال مەدرید بە فەرمی گەڕانەوەی “Special One” بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ ڕابگەیەنێت.

ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی بەڕازیل دووچاری پێکان بووە

دوای بڵاوکردنەوەی لیستی کۆتایی یاریزانە بانگهێشت کراوەکانی هەڵبژاردەی بەڕازیل بۆ مۆندیال کێشەیەک بەرۆکی هەڵبژاردەکە دەگرێت،ئەویش دوای ئەوەی یانەی سانتۆس ڕایگەیاند نەیمار جۆنیۆر دووچاری پێکان بووە،ئەمەش دڵڕاوکێی تەواوی خستۆتە دڵی هاندەرانی سیریساو.

بەگوێرەی زانیاریەکان بێت نەیمار لە پاژنەی پێی دووچاری پێکان بووە،بەڵام یانەی سانتۆس ڕایگەیاندوە یاریزانەکە هەفتەی داهاتوو دەتوانێ دەست بکاتەوە بە ڕاهێنان کردن و کێشەی نامێنێ،بەڵام هاندەرانی بەڕازیل ترسی ئەوەیان هەیە پێکانەکەی نوێتر ببێتەوە لەکاتی یاریەکانی مۆندیال یاریزانەکە دووربکەوێتەوە.

شایەنی باسە لەدواین ساتەکاندا نەیمار هیوای بەشداری کردنی لەمۆندیال لەدەست نەدا بۆ چوارەمین مۆندیال بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کرا،کە لە 11ی حوزەیرانەوە یاریەکان دەست پێدەکەن و لە 19 تەمموز کۆتایی دێت،نەیماریش ئەم مۆندیالەی دواین هیوایە بۆ بەرز کردنەوەی نازناوەکە.

“سەرکار ڕێبوار”

ئەمشەو نەسڕ و ڕۆناڵدۆ لەبەردەم سەکۆی نازناوی ڕۆشەنی سعودین

ئەمشەو هەموو چاوەکانی جیهان دەچنەوە سەر سعودیا و خولی ڕۆشەنی ئەو وڵاتە،یانەی نەسڕ لەیاری یەکلاییکەرەوەی نازناوی خولەکە ڕووبەڕووی یانەی زەمەک دەبێتەوە،کە لەو یاریەدا تەنها بردنەوە دادی زەرد پۆشەکانی گەورەکانی سعودیا دەدات کاتێک هیلالی یاریەکەی خۆی بباتەوە.

نەسڕ لەچەند ڕۆژی ڕابردوو یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا دووی لەدەستدا،ئەمەش هاندەرانی یانەکەی خستە ترسێکی زۆرەوە لە بردنی خولی ناوخۆیی،بەڵام هێشتا دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدا ماوە و یانەکە بەسەرکردیەتی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە ئیرادەیەکی قاییمەوە خۆی لەبەردەم سەکۆی نازناوەکە دەبینێتەوە.

یاریەکە کاتژمێر 9:00ی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت لەسەر یاریگای ئەوەل پارک،کە لەکاتی بەرامبەربوون یان شکستی نەسڕ لەم یاریە و بردنەوەی هیلال ئەوا شین پۆشەکانی هیلال دەبنە پاڵەوانی ڕۆشەنی سعودیا.

“سەرکار ڕێبوار”

مێسی لە بەردەم گرەوێکی گەورەدایە لە مۆندیالی 2026

​لەگەڵ نزیکبوونەوەی جامی جیهانی، ئامار و ڕکابەریی نێوان ئەستێرە مێژووییەکانی تۆپی پێ دووبارە دەبنەوە جێی سەرنجی میدیاکان.

بەپێی داتا فەرمییەکان، لە کاتێکدا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی و نێیمار دا سیلڤای بەڕازیلی پێشتر لە کاروانی وەرزشی خۆیاندا توانیویانە “هاتریک” (تۆمارکردنی سێ گۆڵ لە یەک یاری دەرەوە) لە یارییەکانی مۆندیالدا بکەن، لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی مێژوویی ئەرژەنتین، سەرەڕای بەدەستهێنانی نازناوی جامی جیهانی، هێشتا لە چەندین بەشداریی ڕابردوودا نەیتوانیوە لە هیچ یەکێک لە یارییەکانی مۆندیالدا هاتریک تۆمار بكات.

ڕاپۆرتە وەرزشیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ​ئەم مۆندیالە دەبێتە دوایین دەرفەت بۆ مێسی تا بتوانێت ئەم گرەوە مێژووییە لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت و ناوی خۆی لەم ڕیکۆردەشدا لە پاڵ ڕکابەرە دێرینەکانیدا بنووسێتەوە.

نۆیەر دوای 700 ڕۆژ دەگەڕێتەوە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا

لەنێو بڵاوکردنەوەی لیستی یاریزانە بانگهێشت کراوەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ناوی مانوێل نۆیەریش خراوەتەوە نێو لیستەکە،کە گۆڵپارێزەکەی بایرن میونخ پێش 700 ڕۆژ وازهێنانی خۆی لەیاری نێودەوڵەتی ڕاگەیاند بوو،بەڵام لەسەر داوای نایگلیسمانی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە گەڕاوەتەوە و بۆ مۆندیالیش بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەکو گۆڵپارێزی سەرەکی بەرگری لەتۆڕی مانشافت دەکات،کە دەبێتە 5 بەشداری کردنی مانوێل لە مۆندیالەکاندا.

سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی بەرەو 40 ساڵی،بەڵام ئەم وەرزە نۆیەر خەیاڵی بوو لەگەڵ بایرن میونخ و یانەکەشی گرێبەستەکەی تاکو ساڵێکی دیکە نوێکردەوە،بۆ مۆندیالیش جارێکی دیکە لەنێو مەکینەکانی مانشافت دەبیندرێتەوە،کە دەبێتە بەتەمەنترین یاریزان لەمۆندیالدا یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کردبێت.

شایەنی باسە لەنێو لیستەکەدا ناوی جەمال موسیالا و جۆشوا کیمیچ و هاڤێرتز دەبیندرێن،بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە تێر شتیگن بانگهێشت نەکراوە،ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێکانە یەک لەدوای یەکانەی گۆڵپارێزەکە و دابەزینی ئاستی لەم وەرزەدا.

“سەرکار ڕێبوار”

نرخی بیتکۆین زیاتر دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی ئەم دواییانە

​لە بەردەوامیی شەپۆلی دابەزینی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکاندا، نرخی بیتکۆین (کە گەورەترین دراوی کڕیپتۆیە لە جیهاندا) پاشەکشەیەکی نوێی تۆمارکرد و لە دواین مامەڵە ڕاستەوخۆکانی ئەمڕۆدا بۆ 77,190.6$ دابەزی.

​ئەم دابەزینە نوێیە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دراوەکە لە دەوروبەری 78,000 دۆلاردا جێگیر ببوو، بەڵام بەردەوامیی گرژییە جیۆسیاسییەکان لە ناوچەکە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بۆرسەی ئەمریکا، ترسی زیاتری لای وەبەرهێنەران دروستکردووە و بووەتە هۆی فرۆشتنی زیاتری دراوە دیجیتاڵییەکان.

​شیکەرەوە داراییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مانەوەی بیتکۆین لە خوار ئاستی 80,000 دۆلار و بەردەوامبوونی لە دابەزین بەرەو هێڵی 77 هەزار دۆلار، نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی بازاڕەکە لەژێر فشارێکی توندی فرۆشتندایە و تا بارودۆخی سیاسی و ئابووری جیهان سەقامگیر نەبێت، ئەستەمە بەم نزیکانە بەربەستە سەرەکییەکان بشکێنێتەوە.

به هۆی بەزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی هیندستان ڕەخنە لە حکوومەت دەگرن

زیادبوونی نرخی سووتەمەنی بۆ دووەم جار لە ماوەی هەفتەیەکدا لە هیندستان، ناڕەزایەتیی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی لێ کەوتەوە. مالیکارجۆن خارگێ، ڕێبەری پارتی کۆنگرێسی هیندستان دەڵێت ئەم هەنگاوە بارێکی قورستر دەخاتە سەر شانی خەڵک. حکوومەت دەڵێت ئەم زیادکردنە بۆ پڕکردنەوەی تێچووەکانی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی سووتەمەنی پێویستە. هەرچەندە زیادکردنی ئەم دوایییە کەمتر لە ڕوپیەیەکە، بەڵام مەترسیی هەیە کاریگەریی لەسەر هەڵاوسان هەبێت. گرژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و سنوورداربوونی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، زۆر وڵاتی بەرانبەر تەحەددیی زیادبوونی تێچووی سووتەمەنی ڕاگرتووە. دوێنێ لە چەند وڵاتێکی ئەفریقاش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە ناڕەزایەتی و ئاڵۆزی ڕووی دا. زۆرینەی وڵاتانی ئەفریقا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، بەتەواوی پشت بە هاوردەکردن لە کەنداوی عەرەبی دەبەستن.

👤
Live: 9 Today: 43 📊 Click Here