عێراق لە ڕێگەی هەمان ئەو سیستمەوە چاک ناکرێت کە قەیرانەکەی خوڵقاندووە
خوێندراوەتەوە: (3.4K)

شوان عبدالرحمن حارس

کاتێک سەرۆک وەزیرانی نوێ عێراق،کە هێشتا وەک نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە باڵادەستەکان مامەڵە دەکات—بەڵێنی دژایەتیکردنی گەندەڵی، چاکسازیی ڕیشەیی و گەڕاندنەوەی داراییە دزراوەکان دەدات، سۆز و هیوایەکی کاتی لای هاوڵاتیان دروست دەکات. تەنانەت دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵای دژە گەندەڵی و لێکۆڵینەوە لە دۆسیە گەورەکانی وەک “دزینی سەدە”، وەک هەنگاوێکی جدی نیشان دەدرێن. بەڵام لە پشت ئەم دیمەنە فەرمییەوە، پرسیارێکی سیاسیی قورس و مێژوویی هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا چاکسازیی ڕاستەقینە دەکرێت لە ڕێگەی حکومەتێکەوە بێت کە خۆی لەسەر بنەمای پشکپشکێنە و بە پاڵپشتیی هەمان ئەو پێکهاتە و حیزبە سیاسییانە دروست بووە کە بۆ ماوەی پتر لە دوو دەیە عێراقیان بەم ڕۆژە گەیاندووە؟ لۆژیکێکی سادە هەیە کە دەڵێت: تۆ ناتوانیت قوفڵێک بەو کلیلە بکەیتەوە کە خۆی شکاندوویەتی. سیستمێک کە مانەوە و هێزی دارایی و چەکداریی خۆی لەسەر گەندەڵی و دابەشکردنی سامانی دەوڵەت ئاوا کردبێت، چۆن ڕێگە بە سەرۆک وەزیرانەکەی دەدات پایەکانی ئەو سیستمە بڕوخێنێت؟

مێژووی نوێی عێراق پڕە لەو حکومەتانەی کە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیانەوە دروشمی نەمانی گەندەڵییان بەرزکردووەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا تەنها دۆسیەی گەندەڵکارە بچووکەکان یان نەیارە سیاسییەکانیان کردووەتە ئامانج. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەم کابینەیەش لەوەدا نییە کە چەند لێدوانی توند دەدات یان چەند فەرمانبەرێکی پلەنزم دەستگیر دەکات؛ بەڵکو پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: ئایا ئەم دەسەڵاتە ئامادەیە ڕووبەڕووی ئەو تۆڕە مافیایی و حیزبییە قووڵانە ببێتەوە کە دەستیان بەسەر دەمارە سەرەکییەکانی دەوڵەتدا گرتووە و شادەماری مانەوەی خودی ئەم سیستمەن؟ ئەگەر نا، ئەوا هەموو پڕۆسەکە تەنها دەبێتە نمایشێکی نوێ بۆ ڕازاندنەوەی هەمان سیمای کۆنی چەتەگەرایی سیاسی.