هەڵبژاردن کورسیی بەرهەم هێنا، نەک سەرکردایەتی!
خوێندراوەتەوە: (8.8K)

یەشار ستار ئەحمەد

دەبینین کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لەبری ئەوەی ببنە هۆی نوێبوونەوەی ژیانی سیاسی و دروستکردنی حکومەتێکی خزمەتگوزار، تەنیا بوونەتە ئامێرێکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک کورسیی بێگیان و بەتاڵ لە بڕیاردان. کێشەی سەرەکیی ئەم وڵاتە چیتر ئەوە نییە کە چۆن دەنگەکان دەژمێردرێن یان کێ زۆرترین دەنگی هێناوە، بەڵکو قەیرانە گەورە و کوشندەکە نەبوونی سەرکردەیەکە کە بوێریی ئەوەی هەبێت بەرژەوەندییە نیشتمانی و دامەزراوەییەکان بخاتە پێش حیساباتە حزبی و گیرفانییەکانەوە. کاتێک هاوڵاتیی ماندوو و گیرفان خاڵی بە ئومێدێکی کەمەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان ڕۆیشت، تەنیا بۆ ئەوە بوو نوێنەری ڕاستەقینە هەڵبژێرێت کە کێشەی مووچە، کارەبا، و ژێرخانی ئابووریی بۆ چارەسەر بکات؛ نەک ئەوەی دەنگ بدات بە لیژنەیەکی بێكۆتایی لە دانوستانکاری بێباک کە مانگەها لەناو ژوورە داخراوەکاندا کات دەکوژن تەنیا بۆ ئەوەی بزانن چۆن کێکەکە لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.

ئەمە ئەوپەڕی سووکایەتییە بە عەقڵ و کەرامەتی شەقام، کاتێک دەبینن ئەوانەی کە بەڵێنی “چاکسازی” و “کوردستانێکی بەهێز”یان دەدا، هەر کە گەیشتنە سەر کورسییەکانیان، یەکسەر هەموو ئەو بەڵێنانەیان لەبیر چوو و وڵاتیان خستە ناو چەقبەستووییەکی ئیفلیجکەرەوە. پەرلەمان وەک دەزگایەکی چاودێری و یاسادانان بە تەواوی پەراوێز خراوە و دامەزراوەکان سڕ کراون، چونکە نوخبەی سیاسی پێیان وایە کە براوەی هەڵبژاردن بۆی هەیە وڵات وەک موڵکی تایبەتی خۆی دابەش بکات. لەبری ئەوەی سەرکردایەتییەکی ڕاستەقینە پیشان بدەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، بەردەوام یاری بە کات دەکەن و وەها بیر دەکەنەوە کە تا ڕێککەوتنەکان زیاتر درێژە بکێشن، دەتوانن کارتی فشاری زیاتر لە یەکتری بسەنن، بێئاگا لەوەی کە ئەوەی لەم نێوەندەدا باجەکەی دەدات تەنیا هاوڵاتیی داماوە.

خەڵکی ئەم وڵاتە نوێنەریان هەڵبژارد بۆ ئەوەی یاسا دەربکەن و حوکمڕانییەکی تەندروست بنیات بنێن، نەک بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی هەمیشەیی لیژنەیەکی دانوستانی بێئەنجام کە هەرگیز کۆتایی نایەت. ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن نیشانەی داڕمانێکی گەورەی ئەخلاقی و ئیدارییە، کە تێیدا هەڵبژاردنەکان لەبری بەرهەمهێنانی هیوا، تەنیا بێهیوایی و وەهمێکی گەورەتر بۆ کۆمەڵگا بەرهەم دەهێنن